قەیرانی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا وەک قەیرانی دەروون وایە لەناو جەستە.
بوونی هەرمرۆڤێک پەیوەستە بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆژی و سیاسی ئەو کۆمەڵگای تێیدا ژیان دەکات لەم ڕوەشەوە هەرمرۆڤێک کە لەناو هەر کۆمەڵگەیەکدا دەژی ئەوا لەگەڵ مرۆڤەکانیتردا ئەرک و بەرپرسیارەتی دەکەوێتەسەرشان، ئەمەش بۆ باشترکردنی ژیانە لە هەموو ڕویەکەوە.
ئەم ئەرکانەش لەبواری سیاسی ڕۆشنبیری و ئەخلاقیدا خۆیان دەبیننەوە، ئەرکی ڕۆشنبیر هەڵوێست وەرگرتنە لە دژی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی لە کۆمەڵگا ڕوو دەدەن،
بۆ ئەمەش ڕۆشنبیر هەم لەڕووی سیاسی و هەم لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە ئەم ئەرکە دەکەوێتە سەرشانی کە پەیوەستە بە گەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
ڕۆشنبیر ویژدان و دەرکی کۆمەڵگەیە، ئەو شتانە دەبینێت کە کۆمەڵگە نایانبینێت، ئەو بۆیانی باس دەکات و کۆمەڵگەی لێ ئاگادار دەکاتەوە، ڕۆشنبیر لەگەڵ ڕەخنەگرتن دەبێت کار بکات لەسەر هەقیقەت و ڕاستیە شاراوەکان و نیشانی کۆمەڵگەی بدات و کاری جددی بکات لەسەر بڵاوکردنەوەی بەها باڵا و ئاکارە بەرزەکان، و یارمەتیدەرێکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە بێت بۆ حاڵی بوونی باشتر لە دۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی و کلتوری، کە ڕۆشنبیر بەدوای هەقیقەت و ڕاستی شتەکانەوە بوو و توانی مەعریفە بەرهەمەبهێنێت، ئەوکات خۆبەخۆ کارێکی ئەخلاقی دەکات، نەک هەرکاتێک لە زیانی بوو دەست بەرداری هەقیقەت ببێت و قبوڵی نەکات.
ڕۆشنبیر دەبێت لە پێناو گەیاندنی ڕاستیدا نەسڵەمێتەوە لە وتن و جاڕادانی ئەوەی کە بەبەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی دەشکێتەوەو دەبێتە هۆکاری بەرەوپێشچوونی تاک و کۆمەڵگە، بۆ ئەمەش ڕوناکبیران هیچ کاتێک لەبەرەی دەسڵاتداراندا نین و نابنە سوپەری واتاییان، تاکی ڕووناکبیر هەمیشە دەبێت لە بەرەی ململانێکەرانی دەسڵات و کلتورو نەریتە کۆنینەکانی کۆمەڵگەدا بێت بەبێ گوێدانە هیچ جۆرێکی سزاو هیچ گوشارێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.
(هۆڵباخ) کە فەیلەسوفێکی ئەڵمانیە پێیوایە کە ڕۆشنبیر تاکە کەسێکە و لەگەڵ ئەوانیتردا ئەندامی کۆمەڵگایە وە پێویستە پابەند بە کۆمەڵگا بجوڵێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دەستبەرداری کەمێک لە ئازادیەکانی خۆیبێت تاوەکو سوودی زیاتر بگەیەنێت گەروا نەبێت ناتوانێت هیچ ئامانجێکی ئەرێنی بەدەست بێنێت.
کەواتە پێویستە ڕۆشنبیر ئیرادەی خۆی ڕادەستی ئیرادەی کۆمەڵگا بکات لەمەشەوە ئەرکە ڕۆشنبیریەکان دەتوانرێت لەتەواوی بوارە سۆسیۆلۆجی سیاسیەکاندا ببینرێن.بۆ ئەمەش جەخت لە ئازادی دەکاتەوە و عەقڵ و زانین پایەداردەکات کە پەیوەستە بە بەرەوپێشچونی کۆمەڵگا چونکە شکۆی هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک پەیوەستە با ئاستی ڕۆشنبیریەوە کە بەد ئەخلاقی و زۆرداری دەپوکێنێتەوە، بۆ ئەمەش ئەرکە ڕۆشنبیریەکان بەپێی یاساگەلێکی عەقلڵمەندانە ڕۆڵ دەگێڕن و گشت ئامانجێکیشیان هۆش ڕوونی هاوڵاتیانە گەیاندنی کۆمەڵگایە بە خۆشگوزەرانی
کەواتە ئەرکی ڕۆشنبیر ئافراندنی شۆڕشێکی گشتگیرە بۆزیاتر بەیەکەوەلکاندنی جڤاکی ئەخلاقی و سیاسی بە زانستەوە، زانستێک کە لە هۆشی مرۆڤێکی ئازادو سەربەخۆوە سەریهەڵداوە و بەرهەمی ئاواڵابوونی هزرینێکی سەربەخۆیە لەمەشەوە ڕۆشنبیری دەگاتەوە بە ماناڕاستەقینەکەی خۆی و ڕۆشنبیریش لێرەدا کەسێکە کە هەست بە ڕاستەقینەبوونی خۆی دەکات.
ماوەبڵێین کە قەیرانی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا وەک قەیرانی دەروون وایە لەناو جەستە.
نووسین / ڕاستی بەهادین مەجید[1]