رۆنی سەردەم وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، ناڕەزایەتیی توندی نیشانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دا، کە بە ناردنی چەتەکان بۆ ئازەربایجان شەڕی ئازەری – ئەرمەنی قوڵتر دەکاتەوە. هەروەها هەواڵ و زانیاری لەبارەی ئەوەی کە گوایە، شەڕڤانانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد ڕۆیشتون بۆ ئەرمینیا و شەڕ بۆ ئەرمینیا دەکەن، بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە درۆن.
رۆنی سەردەم وتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، دەوڵەتی تورک درۆ بڵاودەکاتەوە و تەنانەت لایەنگرانی ئاکەپەش بڕوای پێناکەن.
سەردەم ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورک لەسەر بنەمای هاندان و ئامادەکاری و پلانەکانی لە هێڵی قەوقازیا بەرەیەکی نوێی شەڕی کردووەتەوە و وتی، ئەوانەی دەستیان بە شەڕکردووە نە لایەنگر و نە گەلی ئەرمنی و نە ئازەرین. ئەو دۆخە، کە وەک شەڕی ئازەربایجان – ئەرمینیا دەناسرێت، لە ڕاستیدا شەڕی دەوڵەتی تورکە و بەشێکە لە پرۆژەی عوسمانی و ئامانجەکانی ئامانجەکانی ئەو پرۆژەیە. بەرێوەبەریی ئاکەپە ماوەیەک لەوە پێش نەخشەیەکی تورکیای بڵاوکردبووە، کە ئەو ناوچەیەی لە خۆ دەگرت، کاتێک ئەوە سەرنجی بدرێتی، ئەوا تێگەیشتن لە دۆخەکە باشتر و ڕوونتر دەبێتەوە.
سەردەم ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک شەڕی بردە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و چەندین شوێنی قەوقاز، ئەو شەڕەش چەتەکان و چەندین هێزی چەتەکانی تورکیای تیادایە و وتی، هەموو دونیا چاوی بەرامبەر بە کۆمەڵکوژکردن و کوشتاری گەلان لەسەر دەستی ئەو گروپە چەتانەی دەوڵەتی تورک داخستووە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پارێزگارییان لێدەکرێت، پشتیوانییان لێدەکات و لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورکدان. ئاژانسەکانی هەواڵ و گرنگترین ڕۆژنامەکانی جیهان ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە دەوڵەتی تورک بۆ دەستپێکردنی شەڕ و بەڕێوەبردنی ئەو شەڕە هەزارانەی چەتە میلیشای لە سوریاوە بردووە بۆ ئازەربایجان و ئەوەشیان بە بەڵگە خستەڕوو. چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئەو چەتانە و دیمەنی چەتەکان، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە نێردراون بڵاوکرانەوە. دەوڵەتی تورک پلانە چەپەڵەکەی ئاشکرا بوو، ئێستاش دەیەوێت لەسەر بزووتنەوەکەمان هەواڵی درۆ بڵاوبکاتەوە.
کۆماری تورکیا سەرەتا بە دەستی خۆی لەسەر ئەکاونتەکانی سەر بەخۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوەی بڵاوکردەوە، کە گەریلاکانی پەکەکە ڕۆیشتوون بۆ ئەرمینیا و کاتێک بڕوایان پێ نەکرا، ئینجا خۆیان ڕاستەو خۆ، واتە دەوڵەتی تورک و حکومەت دەستبەکاربوون و خواستیان ڕەسمیەت بە درۆکانیان بدەن. لە هەر جوگرافیایەکدا، کە دەیانەوێت داگیری بکەن و شەڕ بکەن، بە پاساوی ئەوەی پەکەکە و کوردی تیادایە دەست دەکەن بە هێرشی داگیرکەری و بەوەش بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی خۆیان، ئاستی درۆ گەورەکانیان و هەروەها دوژمنیایەتیان بەرامبەر بە کورد دەخەنەوەڕوو. ئەو پڕوپاگەندانە بابەتەکانی سیاسەتی شەڕی تایبەتن. ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست بەهۆی شەڕی ئازەربایجان – ئەرمینیاوە، لەبارەی بزووتنەوەکەمانەوە هەواڵی درۆ بڵاودەکاتەوە، بەوەش دەیەوێت لە پێش هەموو شتێکەوە لە دژی گەلەکەمان و گەلان دوژمنایەتی قوڵتر بکاتەوە. هاوکات دەیەوێت، لەناو گەل دا ناکۆکی، شەڕ و ئاڵۆزی و قەیران زیاتر بکات.
دەوڵەتی تورک لە مێژووی خۆیدا تاوەکو ئێستا کوشتار و کۆمەڵکوژیکردن و پاکتاوکردن بەرامبەر بە گەلان ئەنجام دەدات، لەبەر ئەو سیاسەتە نەژادپەرەستانە و فاشیستییانە، کورد، ئەرمنی، ڕۆمی، ئاسووری – سوریانی و گەلانی تری بە دوژمن زانیوە و هێرشیان دەکاتە سەر. بە تایبەتی لەم ساڵانەی دوایدا عەقڵییەتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لە سەرەتای هەموو مانگێکدا دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی نێونەتەوەیی و بووە بە بەڵا بەسەر هەموو گەلانی جیهانەوە.
ئیدی دۆخەکە بەوە گەیشتووە، کە ڕژێمی تورکی شەڕانگێز شەڕ دەباتە هەموو شوێنێک و نائارامی دروست دەکات و دەبێتە هۆی داگیرکەری، ئیدی کاتی ئەوە هاتوە مرۆڤ لەو ڕژێمە تورکە فاشیستییە دەسەڵاتپەرەستە شەڕانگێزە ڕزگاری ببێت. کاتی ئەوە هاتووە ئیدی ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە لەبەر یەک هەڵبوەشێنرێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە، کە مرۆڤ بە داگیرکەری و شەڕانگێزیی دەوڵەتی تورک بڵێت ڕاوەستە، بۆیە داوا لە هەموو گەلان و هێزە دیموکراسییەکان دەکەین، کە لە دژی سیاسەتی شەڕانگێزانە و شەڕ و نەژادپەرەستیی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرایان هەبێت.[1]