ناونیشانی بابەت: ڕۆڵی (ێ) لە زمانی کوردیدا
نووسەر: ئارام عەبدوڵڵا گەرمیانی[1]
هەر دەنگێک لە زمانی کوردیدا خاوەنی چەند تایبەتمەندییەکن کە جیای دەکاتەوە لە دەنگەکانی دیکە.
سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە ئەم دەنگە لەڕووی دەنگسازییەوە دەنگێکی بزوێنە و لەناو بزوێنەکانیشدا دەنگێکی بزوێنی کراوە یان درێژە.
دەنگی (ێ) لە زمانەکەماندا چەند ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و هەر ڕۆڵەش گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بفەرموون بەکورتی:
1. وەکو ئامرازی بانگکردن بۆ تاکی مێ.
٭ کچێ فێری زانست ببە.
2. وەکو پاشگر بۆ دروستکردنی هاوەڵناوی ژمارەیی ڕێکخستن لە کرمانجی ژووروو.
٭دوویێ، چارێ، حەفتێ، نەهێ...
3. وەکو پاشبەند بۆ هاوەڵناوی نیشانە بۆ تاکی نزیکی مێ لە کرمانجی ژووروو.
٭ ڤێ کچێ هۆزانەک ڤەهاند. (ڤێ... ێ)
4. وەکو پاشبەند بۆ هاوەڵناوی نیشانە بۆ تاکی دووری مێ لە کرمانجی ژووروو.
٭ وێ کچێ هۆزانەک ڤەهاند. (وێ... ێ)
5. وەکو کورتکراوەی (ێک)ی نیشانەی نەناسراوی.
٭ کوڕێک هات.
٭ کوڕێ هات.
6. وەکو نیشانەی تایبەتی ڕەگەزی مێ لە کرمانجی ژووروودا.
٭ نەسرینێ دەستڕەنگینە.
7. وەکو پاشکر کە دەچێتە سەر ناوی کات لە هەندێک دەڤەر، بەڵام لابردنیشی واتا ناگۆڕێت.
٭ شەو زوو دەنووم.
٭ شەوێ زوو دەنووم.
هاوینێ، بەهارێ، پایزێ...
8. وەکو نیشانەی ڕانەبردوو لە چاوگە ئەلفییەکان (نیشانەی ڕەگ بۆ چاوگە ئەلفییەکان)
سوتام... ا
دەسوتێم... ێ
پاراستم... ا
دەپارێزم.. ێ
9. وەکو ئامرازی دانەپاڵ بۆ تاکی نێر لە کرمانجی ژووروو.
٭ کوڕێ تە هاتە خەڵاتکرن.
10. وەکو ئامرازی پەیوەندی.
٭ کتێبەکەم بە تۆ دا. (بە)
٭ کتێبەکەم پێت دا. (پێ)
٭ کتێبەکەم دایتێ. (ێ)
٭ بە من دەگات.
٭ پێم دەگات.
٭ دەمگاتێ.
11. وەکو پاشگر بۆ دروستکردنی ناوی بچوککراوەی تایبەت بە مێ.
٭ عائیشە، ئایشێ
٭ حەبیبە، حەبێ
٭ خەدیجە، خەجێ