کۆردیناسیۆنی یەپەسە/یەپەسە-ژن لە ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشدا، 22هەمین ساڵیادی پلانگێریە نێودەوڵەتیە نەگریسەکەی 9ی تشرینی یەکەمی 1998ی ڕسوا و شەرمەزار کرد و ڕاشیگەیاند، تێکۆشانیان لە دژی پلانگێریەکە بەهێزتر و بەرفراوانتر دەکەن.
لە ڕاگەیێنراوەکەدا جەخت کرایەوە کە پلانگێریەکە لە دژی عەبدولا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و تێکۆشانی خۆڕاگری و ئازادیی گەلی کورد بەڕێوە چوو و تا ئێستاش ئەو پلانگێڕیە نەگریسە بەردەوامە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیێنراوەکەدا باس لەوە کرا:ئەم قۆناغە لە لایەن ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست-قڕکەرەوە تا ئێستاش بە توندی بەردەوامە. لە دژی کردەوە و سیاسەتی نکۆڵیکردن و قڕکردن کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و گشت جیهان لە دژی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت، بەفراوانکردنی خۆڕاگری و تێکۆشانی ئازادی ڕاستی و پێویستیەکە. تا ئەو کاتەی ڕێبەرەکەمان لە زینداندا بێت و تا ئەو کاتەی سیاسەتەکانی قڕکردن لە دژی گەلەکەمان بەڕێوە ببرێت، یەپەسە/یەپەسە-ژن لە تێکۆشاندا دەبن و لە دژی هەموو شێوازەکانی فشار و هەوڵی بە کۆیلەکردن و قڕکردن لە تێکۆشاندا دەبن.
کۆردیناسیۆنەکە ڕاشیگەیاند، تێکۆشانیان لە دژی پلانگێڕی و خۆڕاگریی گەل، لەگەڵ هەموو سەختیەکان بە بێ وەستان بەردەوام دەبێت و وتی:خۆڕاگریە مێژوویەکە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، هەروەها بە هەوڵ و تێکۆشانمان هێشتان بەردەوامە. ئێمە وەکو یەپەسە/یەپەسە-ژن کە پێشەنی ئەم خۆڕاگریەین، بە بنەماگرتنی ماف و ڕاستیی تێکۆشانمان، ڕێگە بە سیاسەتە قێزەوەنەکانی دەوڵەتە چەتەگەراییەکەی ئاکەپە/مەهەپە نادەین و ناهێڵین بگەن بە ئامانج. ئێمە هیچ کات واز لە پاراستنی گەلەکەمان ناهێنین و جەنگی گەلی شۆڕشگێریش لە هەموو ڕوویەکەوە بەرفراوانتر و بەهێزتر دەکەین.
لە بەردەوامی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە:ئەو ئاگرەی لە زیندانەکان و شاخەکان گەش بووەوە، لە شار و لە کۆڵانەکان بەرز دەکەینەوە و بەو ئاگرە لە دژی فاشیزم تێدەکۆشین. بە قڕکردنی کورد هەوڵ دەدرێت بەردەوامی بە پلانگێڕیەکە بدەن، بەڵام دەبێت ئەوە باش بزانرێت کە ئەم پلانە قڕکەرانە هیچ کات سەرکەتوو نابن. پاراستنی ناسنامە و گەل و بوون و تێکۆشانی ئازادی، ئەرکی سەرەکیمانە. ئەوە باش دەزانین کە تا ئەو کاتەی سیستمی ئەشکەنجە لە ئیمرالی کۆتایی پێنەیەت و ڕێبەرایەتی ئازاد نەبێت، هەناسەدان بۆ ئێمە هیچ واتایەکی نابێت. بۆیە دەبێت هەموو پلانگێڕەکان، فاشیست و نۆکەرانیان لێمان بترسن. ئەوانەی سیاسەتی قڕکردنی لە سەر کورد بە ڕەوا دەبینن، ئەوانەی ئەم سیاسەتانە بەڕێوە دەبەن، دەبێت ئەوە باش بزانن کە نە لە ماڵەکانیان، نە لە کۆڵانەکانیان و نە لە شارەکانییان هیچ کات ناتوانن ئارام بژین.
لە ڕاگەیێنراوەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوەش کە لە دژی پلانگێڕی، فاشیزم، خیانەت، نۆکەری، لەناوبردن و کۆیلایەتی، هەمیشە لە خۆڕاگریدا دەبن و بە بنەماگرتنی هەنگاوی 'گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کاتی ئازادیە'، بە بەرپرسیارانەوە پێشەنگایەتی دەکەن.
لە کۆتاییشدا هاتووە:کاتی ئەوەیە کە بە بێوەستان تێبکۆشین و لە خۆڕاگریدا بین. کاتی ئەوەیە کە لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی فاشیزم ببینەوە. کاتی ئەوەیە کە ڕێبەرەکەمان، گەلەکەمان شاخ و شارەکانمان ئازاد بکەین. بۆیە دەبێت 9ی تشرینی یەکەم ژیان لە فاشیزم و نۆکەران تاریک بکەین.
لەم چوارچێوەیەدا بە ناوی یەپەسە و یەپەسە-ژن ڕایدەگەیێنین تا ئازادی ڕێبەرەکەمان و گەلەکەمان و شاخ و شارەکانمان بە دی نەیەت، تێکۆشانمان گەورەتر دەکەین و دەبین بە شایەنی ڕێبەرەکەمان.[1]