بۆ دڵۆپەکانی ئاو شێوە گۆیی دەبێت؟[1]
ئامادەکردنی مامۆستا حوسێن عەبدولکەریم ڕۆستم
زۆرجار ئەم پرسیارە لە خۆمان دەکەین بۆ دڵۆپەکانی ئاو بەگشتی و بەتایبەتی ئاوی باران بە شێوەی نزیک لە شێوە بازنەیی دێتە خوارەوە نەک لە شێوەی سێگۆشە یان چوارگۆشە ؟
وەڵام
شلەکان دوو خاسیەتی کیمیاوی گرنگيان هەیە، کە بریتیین لە یەکگرتن Cohesion و پێکەوەنوسان Adhesion.
یەکگرتن Cohesion.
بریتییە لەو خاسیەتە، کە وا لە گەردیلە لێک چووەکانی ماددە دەکات کە لە نیو خۆیاندا یەک بگرن.
پێکەوەنوسان Adhesion.
بریتییە لەو خاسیەتە، کە وا لە گەردیلەکانی ماددە دەکات کە بە گەردیلە جیاوازەکانی ماددەی دەوروبەری خۆیدا پێوەبنووسێت.
دیاردەی گرژی ڕووکەش : بريتییه لەو کاریگەرییە کە وا لە چینەکانی سەرەوەی هەر شلەیەک دەکات کە وەک کاغەزێکی نەرم بێت، و دیاردەی گرژی ڕووکەش بۆ شلە گرنگە کە بریتییە لە جیاوازی نێوان هێزی یەکگرتن و پێکەوەنوسان لەسەر ڕووی شلە.
کۆبوونەوەی هەردوو دوو خاسیەتی یەکگرتن و پێکەوەنوسان کاریگەری زۆر و گرنگی لە سروشتدا هەیە، وەکو کرداری دەڵاندن کە بەهۆیەوە ڕووەک ئاو لە خاکەوە دەمژێت و لە ڕێگەی ڕەگەکانییەوە بۆ بەشەکانی سەرەوە دەێنێرێت.
ئەوەیش کە لە وێنەکاندا دەبێنرێت، کە شێوەی دڵۆپەکانی ئاو شێوە گۆیی دەبێت، لە ئەنجامی هەردوو خاسیەتی یەکگرتن و پێکەوەنوسان دەبێت چونکە
یەکگرتن وا لە گەردیلەکانی ئاو دەکات کە لە شێوەی دڵۆپ کۆببێتەوە.
گرژی ڕووکەش شێوەی گۆیی پێی دەبەخشێت.
هێزی پێکەوەنوسان وا لە دڵۆپەکانی ئاو دەکات کە بە لقی درەختەکانەوە بنووسێت تا بەهۆی زاڵبوونی هێزی ڕاکێشان بەسەریدا دەکەوێتە خوارەوە.
دیاردەی گرژی ڕووکەش لێکدانەوە و ڕوونکردنەوە بۆ ژمارەێکی زۆر لە دیاردە باوەکانی ژیانماندا دەخاتە ڕوو، بۆ نموونە جیاوازی ڕادەی هێزی یەکگرتنی گەردیلەکانی شلە و هێزی پێکەوەنوسان بە ماددەکانی دەوروبەری شلە ئەوەمانە بۆ ڕوون دەکاتەوە، بۆچی شلەیەکی دیاریکراو هەندێک ماددە تەڕ دەکات، بەڵام هەندێک ماددەی دیکەدا تەڕ ناکات، بۆنموونە ئاو بڵاو نابێتەوە لەسەر ڕووە نایڵونییەکان یان لەسەر ئەو ڕووانە کە بە مۆم داپۆشراوە، چونکە هێزی یەکگرتنی گەردیلەکانی ئاو لەگەڵ یەکتردا گەورەترە لە هێزی پێکەوەنوسانی ئاو بەو ڕووانە کە بە مۆم داپۆشراوە، بۆیە دڵۆپەکانی ئاو لە سەر ئەو ڕووانە بە شێوەی دڵۆپ کۆدەبێتەوە و بە ئاسانی دەکەوێتە خوارەوە، ئەم خاسیەتەیش سوودی هەیە بۆ دروستکردنی چەتر و پاڵتۆی باران کە ئاو بەسەریاندا ناوەستێ.