عەدێ و مەدێ 68
لەناو تڕومبێلی هەر فکرم لەوەی دەکردەوە کوو خۆم لە لافاوو بابی قورتارکەم، کوو ئەمن لە نیوچەوانی عەدێ و مەدێی تووشی ئەو بەزمەی بووم، گۆتم: وەچاکە مارم بارکەم و لەو کۆرانەی نەمینێم و چیدی چاوم بە چاوی عەدێ و مەدێی نەکەوتەوە، لەو خەیارانە دابووم تەلەفۆنەکم لۆ هات، تەماشام کرد داکی مندارانە، وەرامم داوە و گۆتم: فەرموو! گۆتی: زوو وەرەوە مزەخەی ئاوێ ئیش ناکا! گۆتم: وا لە ڕێیێمە، گۆتی: باشبوو بەبیرم هاتەوە غازیشمان نەمایە! گۆتم: باشە بابێمەوە خوا کەریمە، گۆتی: ئەوە داکیشم هاتبوو، دەیگۆ دەبی بیست وەرەقەم هەر بەقەرد بدەنێ، بەتەماینە خانی تەعمیر کەینەوە! گۆتم: تەواو؟ گۆتی: ناوەڵلا موختاریش هاتبوو، گۆتی: پێی برێ فەوری سەرەکم لێدا، پێویستمان بە هەندەک زانیاریە! گۆتم: خێرت دەگاتێ مۆبایلەکەی قەپاتکە، هەتا خۆم لە تڕومبێلی فڕێ نەدایە! گۆتی: پێشی خۆت فڕێ دەی، با ئەو خەبەرەشت بدەمێ! گۆتم: خێر؟ گۆتی: وەڵلا لە نیوڕانێووە ئەو لا پەراسووەم دێشێ، تەلەفۆنی لۆ دختۆرەکی بکەو بیتاقەکی ببڕە هەتا بچین سەرەکی لێدەین! گۆتم: باشە ئەتوو ئەمن بە گریندایزەر تێگەیشتی یان سپایدەرمان، بە یەک جەولەی ئەو هەموو ئەرک و فەرمانەم پێ دەسپێری؟ بە بێ ئەوەی وەرامم بداتەوە مۆبایلەکەی قەپات کرد!
گەیشتینەوە لای مارێ، ئەمنیان لە پێش دەرکەی دابەزاند و چوومە ژۆرێ، هەر لە دەرکەی حەوشێ تەماشایەکی مزەخەکەم کرد، هەرچەندی پلاکم پێکرد و کوژاندمەوە ئیشی نەکرد، دوو سێ مستم لێدا هەر فایدەی نەبوو، کورد فێرە ئەگەر چشتەک ئیش نەکا، وەریدەگەڕێتێ بە مستان، وەلحاسر زانیم مزەخەکە ڕوحی لەبەرنمایە، چوومە ژۆرێ سەلامم کرد، داکی منداران گۆتی بیتاقەی دختۆرت بڕی؟ گۆتم: بابە جارێ سەلامەکەی وەرام دەوە! گۆتی: نەچیە حەمام و ئاودەستی یەک قەترە ئاومان نیە، ئەگەر دەستنوێژێ دەشۆی بڕۆ مزگەفتێ! گۆتم: یاڕەبی خوایە زۆر شوکر ئەلحەمدولیللا، گۆتی: مام شوکریش هاتبوو، گۆتی: پێی برێ با ئاگای لەخۆ بی، دونێ لە بارەگای حزب یەک دوو جار ناویان هینا، چەندم پێ گۆتی: ئەو زمان درێژیەی تەرک کە، هەبزانە بن بزریان کردی و قوڕت بەسەری کرا و ماری مەشت بە قوڕێ گرت، دە بەسە واز بینە با مارمان بە قوڕێ نەگیرێ!
مایتی[1]