دەریاچەکان
دەریاچەکان بریتین لەو ناوچە نزمانەی ڕووی زەوی یان بریتیە لەو بەرزونزمیە نزمه داخراوانەی کە ڕووبەری جیاواز پڕبون لە ئاو، بەهۆی ئەوەی کە ناوچەکە نزمە یان شوێنی دەرچونی ئاوەکەی نیە یان بنکەی نزمی لە بەرز و نزمی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر ئاستی ئاوی ناوەکی و لەم کاتەدا تەنها شوێنیک پێویستە بۆ دەرچوونی ئاوەکە و ئاوەکە دێتە دەرەوە و کۆدەبێتەوە، وە ڕووبەری گشتی دەریاچەکان دەگاتە 2,7 ملیۆن یان 1,8 لە ڕووبەری وشکانی.
#دەریاچەکان بەپێی دروست بون وگەشەکردنیان دابەش دەبن بۆ ئەم جۆرانە:
①#دەریاچە_تەکتۆنیەکان
کرداری تەکتۆنیەکان (جوڵەکانی توێکڵی زەوی) بونەتە هۆی پێکهاتنی بەرز و نزمی لەو ناوچانەی کەتوشی ئەم جوڵە تەکتۆنیانە (هەلتەک و داتەک) بوون، یان لەسەر پشتێنەکان کە جوڵە بەهێزەکانی زەوی تیایدا ڕووی داوە، ئەم کردارانەش بۆتە هۆی نزم بونەوەی زەوی و دروست بونی دەریاچە، لەکاتێکدا ئەگەر بە بەردەوامی سەرچاوەی ئاویان هەبوبێت، نموونەش بۆ ئەم جۆرە دەریاچانە، وەک : دەریاچەی نیاسا و تانجانیقا لە ئەفریقیا و دەریای مردوو لە ئەردەن و دەریاچەی بایکاڵ لە ڕوسیا.
②#دەریاچە_گڕکانیەکان
ئەم دەریاچانە بەهۆی چالاکی گڕکانیەوە دروست دەبن، بەڵام ئەگەر سەرچاوەی بەردەوامی ئاویان هەبوبێت، ئەوا دەریاچە لەدەمی گڕکانەکەدا دروست بووە، وەک دەریاچەی تانا لە حەبەشە و دەریاچەی توبا لە سۆمەترە.
③#دەریاچە_سەهۆڵیەکان
لە ئەنجامی پڕۆسەکانی داتاشین و نیشتنەوەی سەهۆڵەوە بەرزونزمی لەو زەویانەدا دروست بووە کە بەردەکانیان لاوازە، ئەم نزمانەش لەدوایدا گۆڕاون بۆ دەریاچە، بەتایبەت ئەو دەریاچانەی کەدەکەونە باکووری کیشوەرەکان، بەهۆی ئەوەی کە بەهەڵم بونیان کەمە و بارانیان بەدرێژایی ساڵ لێ دەبارێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بونی سەرچاوەیەکی هەمیشەیی ئاو بۆ ئەم دەریاچانە، هەزاران دەریاچە لە ناوچەکانی ئەسکەندەنافیا دروست بووە، بەتایبەت لە فنلندا و باکووری ڕوسیا.
④#دەریاچە_نیشتەنیەکان
دەریاچە نیشتەنیەکان لە ئەنجامی خزانی بەردی شکاو و خاک و یان هەڵدانی لاڤەی گڕکانەکانەوە دروست دەبێت، کەنیشتەنیەکان لە دۆڵەکاندا کۆدەبنەوە و دەبنە بەربەست لەبەردەم ئاوەکەدا و ئاوەکە لەپشتی ئەم بەربەستەوە کۆدەبێتەوە و دەریاچە پێکدێت.
⑤ #ئەو_دەریاچانەی کە بەهۆی ڕووبارەوە دروست دەبن:
کاریگەری خولی داتاشین بەتایبەت لە قۆناغەکانی کۆتایدا گۆڕانکاری زۆر بەسەر ڕێڕەوی ڕوباردا دێنێت، بەم هۆیەوە پێچاوپێچی لە ڕێرەوی ڕوبارەکەدا دروست دەبێت و دەبێتە هۆی پێکهاتنی دەریاچەی دابراو (هیلالی) ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە کردارەکانی داتاشین لایە چەماوەکانی ڕووبارەکەی داتاشیوە وە ڕێرەوی ڕووبارەکەی گۆڕیوە، بەم شێوەیە بەشێکی دابراو لە ڕێڕەوی ڕووبارەکە دروست دەبێت، کە بریتیە لە ناوچەیەکی نزم، ئەمەش دەبێتە دەریاچە، بەهۆی ئەوەی کەلەلایەن ڕوبارەکەوە ئاوی بۆ دێت و پڕدەبێت یان بەهۆی ئاوی بارانەوە یان بەهۆی ئاوی ژێر زەویەوە.
⑥#ئەو_دەریاچانەی کەبەهۆی بەرزی ئاستی ئاوی ژێر زەویەوە دروست دەبن:
ئاوی ژێر زەوی کاریگەری هەیە لەدروست بونی دەریاچەکاندا، ئەگەر بەرز بێتەوە و بگاتە ئاستی ڕووی زەوی بەمەش ئاوەکەی دادەچوڕێتەوە هەندی ناوچەی نزمی داخراو و ناوچەکە پڕ دەبێت لەئاو و دەریاچە دروست دەبێت، کە لەوانەیە دەریاچەکە هەمیشەیی یان کاتی بێت ئەمەش بەپێی بەرزی و نزمی ئاستی ئاوی ژێر زەوی دەگۆڕێت.
⑦#دەریاچەی_دەستکرد
مرۆڤ هەستاوە بەدروستکردنی بەنداو لەسەر ڕێرەوی ڕوبارەکان، کە ئەمەش بۆتە بەربەست بۆ ئاوەکەی پشتەوەی و دەریاچە دروست بووە، کەناو دەبرێت بە بەنداو یان دەریاچەی دەستکرد، مرۆڤ ئەم بەنداوانەی دروستکردوە بە ئامانجی دەست گرتن بەسەر ئاوی لافاو دا و بەکارهێنانی ئاوە کۆکراوەکە بۆ کردارەکانی ئاودێری لەکاتی وشکیدا لە وەرزی وشکی و کەم ئاویدا، وە چەندین ئامانجی دیکەش هەیە وەک کەشتیەوانی و خۆشگوزەرانی و گەشت و گوزار.
نووسینی: عەلی کەریم ئیسماعیل
سەرچاوە: پەرتووکی دەروازەیەک بۆ زانستی جوگرافیای سروشتی.[1]