ژن لەشارستانیەتی میسری کۆندا
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
میسر یەکێکە له و وڵاتانەی خاوەن شارستانیەتی درەوشاوەبوون، پەیوەندیەکی مێژوویی و دێرینی لەگەڵ کورددا هەبووە، سەرچاوە مێژووییەکان پەیوەندی کورد و میسر بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی میتانی و فیرعەونەکانی میسر دەگێڕنەوه، لە سەردەمی پاشای میتانی (توشەرتا- 1390 پێش زاین) دروست بووە، سەرچاوە مێژووییەکانی میسر بە هاوڕێی زۆر نزیک لە فیرعەونەکانی میسر باسیان کردووه. بە تایبەت (ئەمنحو تبی سێهەم و چوارەم)، هەروەها پەیوەندی خزمایەتی و ژن و ژنخوازی لە نێوانیاندا هەبووە.
ئیمپراتۆریەتی میتانی لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە، تاکو باکووری عێڕاقی ئێستا درێژبۆتەوە، لەسەدەی 15 و 14 پێش زایییندا لەوپەڕی دەسەڵات و بەهێزیدا بوون. هاوتای فیرعەونەکانی میسر بوون. یەکێک لە خوشکەکانی پاشای میتانی هاوسەری ئەمنحوتبی سێهەم بوو، هەروەها یەکێک لە کچەکانیشی بەناوی (نەفەرتیتی) بووە هاوسەری ئەمنحوتبی چوارەم. نفرتیتی بە یەکێک لە شاژنە جوانەکانی میسر و یەکێک لەبەناوبانگترین کەسایەتیە ئافرەتەکان لەمیسری سەردەمی فیرعەونەکان دادەنرێ، ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە چاکسازی ئاینی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ مێردەکەیدا، له و سەردەمەدا ئاینی میتانیەکان یەکتاپەرست بوون ، کاتێک نفرتیتی بووە هاوسەری (ئەمنحوتبی چوارەم)، لەژێر کاریگەری شاژن (نەفرتیتی) فیرعەونی میسر دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئاینی یەکتا پەرستیەوه، ئەمە وا لە فیرعەونی ئەوکاتەی میسر (ئەخناتون) دەکات، لەساڵی (1369-1353پ.ز) سەرجەم بتەکانی میسر تێک بشکێنێت و ئایینی یەکتاپەرستی لەسەرانسەری میسردا ڕابگەیەنێت، پاشان بۆ ماوەیەکی کەم شاژنە (نەفرتیتی) دەسەڵاتدارێتی میسر دەگرێتە دەست.
دوای کنە و پشکنینی شوێنەوارە مێژووییەکانی میسر و دۆزینەوەی پەیکەری مۆمیاکراوی فیرعەونەکان و هەزاران پارچەی پاشماوەی شوێنەواری سەرنجڕاکێش، نیشاندانی ڕووی جوانی نەفرتیتی لەسەر دیواری پەرستگاکانی میسر بڵاوبووەوە، نفرتیتی یەکێکە لەبەناوبانگترین کەسایەتیە ئافرەتەکان لەمیسری سەردەمی فیرعەونەکاندا، دەرکەوتنی ئه و لەگەڵ مێردەکەیدا لە ئاهەنگ و پەرستش و دانیشتنە خێزانیەکاندا، تەنانەت لە پاشماوەی تابلۆکانەوە بۆمان دەردەکەوێت، بەشداربووە لە سەیرکردنی نیشاندانە سەربازییەکان. هەروەها لەکاتی مردنی یەکێک لە کچەکانی (میکیت- ئاتون) لەتابلۆکاندا نەخشکراوە، ئەمە جگەله و تابلۆیانەی نیشانی دەدەن لە جلوبەرگی شاژنی (مەلیکەیی)دا، لەیەکێک لە بینا مێژووییەکاندا نووسراوە، ئەو(نفرتیتی) (ئافرەتی دڵڕفێنەر و بەلای هەمووانەوە پەسند بوو، ژنێک بوو، ئاغای هەردوو ناوچەی میسری سەروو و میسری خوارووی خۆشحاڵ کرد).
سەبارەت بە پەیکەری نفرتیتی
کاتی کنەوپشکنینی شوێنەوارەکانی میسر لە (تل عمارنە) لەشەشی کانوونی یەکەمی (1912ز) لەلایەن زانای شوێنەوارناسی ئەڵمانی (لود بورخارت) نیوەی پەیکەری نفرتیتیان دۆزییەوە، بڕوایان وابوو، ئەم پەیکەرە داتاشراوە دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری (1350 پ.ز).
لەسایتی (B.B.C)دا لەژێر ناونیشانی (ململانێ لەسەر پەیکەری نفرتیتی بەردەوامە) بڵاوی کردەوە: نیشاندانی جوانترین ئافرەت لە جیهاندا لەسەرکارتی بەرید لەپایتەختی ئەڵمانیا، سەرنجی هەزارەهای بەلای خۆیدا کەمەندکێش کرد، ئەم پەیکەرە تائێستاش جێگای لێوردبوونەوە و بابەتی گفتوگۆیە، وتەیەکی ئەفسانەیی هەیە دەربارەی نفرتیتی دەڵێ : (میسر جوانتری بە خۆیەوە نەبینیوە لە وێنەی مێ ، کە واتای ناوەکەی تەواوکەری وەسفەکانی بێت)
میتانیەکان یەکێک لە ئیمپڕاتۆریەتەکانی کورد و خاوەنی شارستانیەتێکی گەورە بوون، سیرامیکی ڕە نگاوڕەنگی زۆر جۆان و نایابیان هەبووە. بەلەم و کەشتی و گالیسکەکانیان ڕازینرابووەوە بە وێنە و نەخش و نیگار و ڕووناکی و باگراوندی تۆخیان هەبووە. هێندە گرنگیان بە ڕەنگ و ڕازانەوە داوە تەنانەت دوای 5000 هەزار ساڵیش شوێنەوارناسەکان بەڕەنگ و وێنەکانیان بیانناسنەوە و کەرەسته و ماڵ و موڵکیان لە ئیمپراتۆرەکانی دیکە جیاواز بوون.
نفرتیتی ژنێک بوو لەنێوان شارەستانیەتی دوو ئیمپرتۆریەتی گەورەی جیهانی کۆن (میتانی – میسر) ژیاوە، لەناو شارستانیەتی میتانی پەروەردە کراو، لە بنەماڵەی هەژدەهەمی فیرعەونی میسردا گەشەی کرد، زۆرترین کاریگەری بەسەر وڵاتی میسری خاوەن شارستانیەتی هەبوو، هیچ باوەڕ دەکرێ یان شیاوە وەک ئافرەتێکی نەفام و سەردەمی جاهیلی پۆلێن بکرێ.[1]