گۆڕانی وشکەساڵی لە قەیران و مەترسییەوە بۆ کارەسات: ئەم بابەتە بەشێکی تەواوە لە پەرتووکە تازەکەم کە لێرەدا پوختەیەکی دەخەمەڕوو
لەڕووی جۆرەوە وشکەساڵی چەندین جۆری هەیە کە بریتییەلە (وشکەساڵی ئاووهەوایی، وشکەساڵی کشتوکاڵی، وشکەساڵی کەشناسی، وشکەساڵی هیدرۆلۆجی) . جۆری یەکەم دیاردەیەکی ئاساییە بەهۆی ڕارایی بارانەوە دووبارە دەبێتەوە ئەگەر ئەمە زۆر دووبارە بێتەوە و ڕێ و شوێنی گونجاو نەگیرێتەبەر دەبێتە وشکەساڵی کشتوکاڵی کە ئەو ساڵە بەرهەمی کشتوکاڵی دێم کەم دەبێت، بەڵام ئەوەی زۆر جێگای مەترسییە وشکەساڵی هایدرۆلۆجییە کە ئاوی ڕێکردووی (چەم و ڕوبارەکان) و هەروەها ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت و لەتێکرای ناوەندی گشتی کەمتر دەبێت تا دەگاتە ئاستێک کە زۆربەی کانی و سەرچاوە و ڕووبارەکان دەبن بە کانی و چەمی وەرزی ئەمەش مەترسیدارترین جۆری وشکەساڵییە کە هەرێمی کوردستان لەئێستادا ڕووبەڕووی بووەتەوە. کەواتە دەتوانین بڵێن وشکەساڵی دوو چەمکی ئاووهەوایی و هایدرۆلۆجی هەیە، کەواتە وشکەساڵی هایدرۆلۆجی وشکەساڵییەکە لە قەیرانەوە گۆڕاوە و بۆ مەترسی و بەهۆی بەرپێنەگرتنی بووەتە کارەساتی ژینگەیی. بەشێوەیەکی گشتی وشکەساڵی بریتییەلە کەمبوونەوەی شێ لەسەر ڕووبەرێکی فراوان کە زەرەر بەڕووەک و گیانەوەر و مرۆڤ دەگەیەنێت. کەواتە دەتوانین بڵێن وشکەساڵی هەم لە ناوچەی کەم باران و هەم لە ناوچەی پڕ باران ڕوودەدات. وشکەساڵی وەک بارودۆخێکی ئاووهەوایی نائاسایی سەیر دەکرێت بەڵام ئەگەر زۆر دووبارە ببێتەوە و پلەکەشی بەرزبێت ئەوا مەترسیەکەی زیاد دەکات ئەمەش وایکردووە زانایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە هەتا ئابووری ناسان و سیاسەتمەدارانیش گرنگی بەم کێشەیە بدەن.
بەڕێوەبردن و بەرنامە ڕێژی وشکەساڵی و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی:
بەڕێوەبردنی وشکەساڵی چییە؟
بەڕێوەبردنی وشکەساڵی بەکۆمەڵێک ڕێوشوێن و ڕێکار دەوترێت بۆ ژیان لەبارودۆخی وشکەساڵی و دەربازبوون لە قۆناغەکانی وشکەساڵی کە پێویستە لەکاتی ڕوودانی وشکەساڵی بگیرێتەبەر، ئەم ڕێکارانە لەهەنگاو و کرداری ستراتیجی و تاکتیکیدا چڕدەبێتەوە. دەبێت پلانی درێژمەودا و کوورت مەودای کشتوکاڵی لە ناوچەی وشک و نیمچەوشک و نیمچەشێدار هەبێت بەپێی ئەو ڕێکار و هەنگاوانە دابڕێژرێت، بەڕێوەبردنی وشکەساڵی بۆ دوو بەشی بەڕێوەبردنی قەیران و بەڕێوەبردنی مەترسی (کارەسات) دابەش دەبێت، بەڕێوەبردنی کارەسات لەڕاستیدا زاڵبوونە بەسەر ڕووداوێکی ڕۆژانە و ساڵانە کە لەوانەیە بەڵایەکی گەورە بەسەر خەڵکیدا بێنێت کە دەشێت کێشەی ماددی بێت یان کێشەی ژیانی. لەبەڕێوەبردنی وشکەساڵی ڕێوشوێن و ڕێکاری چالاک و پایەدارە و جەختی زیاتر بۆ ئامادەباشی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کارەساتی وشکەساڵی. پێکهاتەی سەرەکی بەڕێوەبردنی کارەساتی وشکەساڵی لەسێ هەنگاو پێکدێت:
(1) چاودێریکردن و ئاگادارکردنەوە لەکاتی وشکەساڵیدا.
(2) هەڵسەنگاندنی مەترسی و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی.
(3) کەمکردنەوەی مەترسییەکان و کاردانەوەی گونجاو و شیاو.
بەرنامەڕێژی بۆ وشکەساڵی:
دەتوانین گرنگترین هەنگاوەکانی بەرنامەڕێژ بۆ بەڕێوەبردنی وشکەساڵی لێرەدا بخەینەڕوو:
1/ هەڵبژاردنی گرووپێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی: بەرنامەڕێژی وشکەساڵی بە هەڵبژاردنی گرووپێک کە لەلایەن حکومەتەوە دیاری بکرێت.
2/ بەیانکردنی ئامانج و بەرنامەڕێژی بۆ وشکەساڵی.
3/ بانگێشتی هەموو ڕێکخراو و تاکێکی بەشدار و چارەسەری ناکۆکییەکان.
4/ پۆڵێنکاری دەرامەتەکان و ناساندنی ئەو گرووپانەی لە بەردەم مەترسیدان.
5/ پێکهاتە و ڕێکخراو و دامودەزگا: ئەمە هەنگاوی پێویستە بۆ درووستکردنی پەرەپێدان و سەلماندنی بەرنامەی وشکەساڵی و هەروەها درووستکردنی پەیکەربەندی ڕێکخراوێک بۆ ئەنجامدانی وەزیفەی کاربەرێکردن.
6/ پێکەوەبەستنی زانست و سیاسەت و پرکردنەوەی بۆشایی ڕێکخراوەیی.
7/ ڕاگەیاندنی گشتی بەرنامەی پێشنیارکراو و لێکۆڵینەوەی لەچۆنییەتی پەرچەکردارەکان.
8/ جێبەجێکردنی بەرنامە.
9/ دامەزراندنی بەرنامەی فێرکاری.
10/ هەڵسەنگاندن دوای وشکەساڵی.
ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی:
یەکەم/ کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی مەترسی وشکەساڵی: پێویستی بە (15) هەنگاوە.
دووەم/ یاسادانان و ڕەوتی گشتی بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و زیادکردنی گەنجینەکردنی ئاو بۆ ئەو شوێنەی تووشی قەیران و مەترسی وشکەساڵی بووەتەوە. لە ڕێگای (12) کاری یاساییەوە.
سێیەم/ پاراستنی ئاو و کەمکردنەوەی خواست لەسەری: لە ڕێگای (13) هەنگاوی ڕیشەییەوە.
چوارەم/ بەکارهێنانی ئابووریانەی ئاو لە شارەکاندا بەهۆی (16) ڕیوشوێنی ئابووریانە.
پێنجەم/ دەستگرتن بەئاوەوە لەسەر ئاستی کشتوکاڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی: بەهۆی (15) کردار کە پێویستە جوتیاران و کەرتی کشتوکاڵ پەیڕەوی لێبکەن.
شەشەم/ زیادکردنی سەرچاوەی دابینکردنی ئاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی: لە ڕێگای (21) کاری کردارییەوە.
حەوتەم/ کاردانەوەی ناچار بۆ ڕێگرتن لە دیاردەی وشکەساڵی: ئەو (14) هەنگاوەی وڵاتان بەناچاری پەنای بۆ دەبەن.
هەشتەم/ یارمەتیی هونەری و پسپۆڕی بۆ کۆنترۆڵکردنی وشکەساڵی (12) شێواز.
تێبینی تەواوی ئەم بابەتە کە زیاتر لە (20) لاپەڕەیە بەوردی لەبەشێکی سەربەخۆ پەرتووکەکەم بە ناونیشانی (جوگرافیای ژێواری و ئیکۆلۆجی و کێشە ژینگەییەکان) خراوەتەڕوو بەهیوای ڕۆژێک بێت چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
وێنەکانیش لوبنانە ئەو وڵاتەی جوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمترین کێشەی ژینگەیی هەیە لە جیهاندا، بەڵام هاووڵاتییانی بەدەست سیاسی و گەندەڵکارەکانییەوە هەموو ڕۆژێک تامی مردن دەچێژن وەک لای خۆمان.
نووسین و ئامادەکردنی / د.هاوڕێ یاسین[1]