رووەکی سروشتی (خۆرسک)
ڕووەکی سروشتی بریتیە لەو ڕووەکەی کەلەخویەوە بێ دەستکاری مرۆڤ دەروێت، مرۆڤ هێچ ڕۆڵێکی لە پەیدابوون و دابەش بوونی جوگرافیدا نیە، بەڵکو فاکتەری سروشتی وەک ئاو و هەوا و بەرزونزمی خاک و دەرامەتی ئاو بەرپرسن لەپەیدابوون و دابەش بوونی جوگرافیان.
رووەکی سروشتی لەسەردەمی کۆندا گرنگی لە ژیانی دەوڵەتان بینیوە، بەتایبەتی دارستانە چرەکان، کەهێشتا دەستی مرۆڤی نەگەیشتبویە، وەک قەڵغانێکی پارێزگاری باشی گەل و کۆمەڵەکان بەکارهێنراوە دژ بە هێرشەکانی دوژمن، ڕۆمانەکان کاتێک بەرەو ئەڵمانیا پێشرەویان کرد ئەڵمانیەکان لەدارستانە چرەکان خۆیان قایم کرد و ڕۆمانەکان نەیانتوانی شوێن بەئەلمانیەکان چۆڵبکەن بەهۆی خۆ قایم کردنیان لە دارستانەکان و خۆ حەشاردانیان.
بەڵام لەسەردەمی ئەمرۆدا بەهۆ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و چەک و تەقەمەنی، دارستانەکان لەم ڕوانگەیەوە ئەم بەهایەی جارانی نەماوە، جگە لەشەری پارتی زانی و خۆحەشاردانی یاخی بووان نەبێت.
لەگەل ئەوەشدا دارستانە سروشتیەکان مۆڵگەی ئابووری گرنگن، چونکە سەرەڕایی سوود وەرگرتن لە هەندێ بەروبومی ئەو ڕوەکانە، ئەوە ئەم دارستانە بەسامانی سەرەکی تەختەش دادەنرێت بەتایبەتی لەبواری پیشەسازی تەختە و بیناسازی و دروستکردنی کەشتی و کەل و پەلی ناو ماڵ و دروست کردنی کاغەز لەهەمان کاتدا وەک سەرچاوەی وزە و خۆگەرمکردنەوەش بەکاردەهێنرێت.
ئەمەش سەرەرای ئەوەی کە ئەم دەرامەتە سروشتیە بەدەستەبەرکردنی بنەماکانی گەشە کردنی چالاکی گەشت و گوزار دادەنرێت وە ئاو و هەوا خۆش دەکەن و ژینگەکەی پاک پاک ڕادەگرن دیمەنێکی پر جوانی بە سروشت دەبەخشن.
لەسەر ئاستی جیهاندا سەبارەت بە سامانی تەختە بە سوود وەرگرتن لە ڕوەکی سروشتی ئەوا ڕووسیا و ئەمریکا بەگەورەترین بەرهەم هێنەردادەنریت لەم بوارەدا، هەریەک لە سوید و نەرویجیش لەم بوارەدا پێشەنگن.
سەبارەت بەڕووەکی سروشتی جۆری گژوگیا ستێپس و ساڤاناش ئەوا ئەم ناوچەیەی کە بەم جۆرە ڕووەکانە دەولەمەندە بە لەوەرگایەکی سروشتی باش دادەنرێت بۆ بەخێۆکردنی ئاژەڵ و زیاد کردنی تواناکانی بەرهەم هێنانی سپیایی.
لەلایەکی ترەوە ڕووەکی سروشتی بەهۆکارێکی گرنگی پارێزگاری کردنی خاکیش دادەنرێت و خاک لە ڕاماڵین و ڕوتانەوە دەپارێزیت، لەم ڕوانگەیەوە بوونی ڕووەکی سروشتی لەناو خودی سنووری دەوڵەتدا مایەی بەهێزیە بۆ دەوڵەت لەم بوارانەدا.
.
.نوسینی : عەلی کەریم ئیسماعیل
سەرچاوە:پەرتووکی بنچینە و بنەماکانی زانستی جوگرافیای سیاسی[1]