کوردانی دەرەوە پێگەیەکی گرنگ و ڕۆڵێکی لاواز
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
نەتەوەی کورد لەخەبات و تێکۆشانی سەردەمی تازەیدا، سەدان داستان و قارەمانێتی تۆمارکردووە، زۆر له و داستان و قارەمانێتیانە سەرنجی دنیای بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، بەڵام تائێستا هیچیان نەبوونەتە هۆکاری گەیشتنە ئەنجامی مافی ڕەوای گەلەکەمان، لەمەوە تێدەگەین بەتەنیا ئەنجامدانی داستان و قارەمانێتی بەس نییە، بۆئەوەی بگەیت بەمەرامی سەرەکی، پێویستە لایەنی تری خەبات بخەیتەگەڕ، بەتایبەت دیبلۆماسیەت و سەرنجڕاکێشانی دەوڵەت و کەسایەتیە کاریگەرەکانی جیهانی دەرەوە، ئەوەی بەلامەوە گرنگە و دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، پیشاندانی کاریگەری هەوڵ و توانای کوردانی دەرەوە، بەتایبەت لەم سەردەمە زۆر لە نەتەوەکان سوودی زۆریان لەهاووڵاتیانی خۆیان لەدەرەوە بینیوە و لۆبی هاوڵاتیەکانیان لەبەرژەوەندی وڵاتەکەیان بەکارهێناوە.
لۆبی کردن پرۆسەیەکی یەکگرتنی خەڵکی پەنابەری نەتەوەکانە له و وڵاتە بیانیانەی تیایدا پەنابەرن، لۆبی کردن بریتیە لەیەکگرتنی کۆمەڵێک گرووپ و ڕێکخراو بەمەبەستی داواکردن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی سیاسی، ئابووری، یاسایی و کۆمەڵایەتی، ئەم گروپ و ڕێکخراوانە دەیانەوێت بەڕێگای گوشاری ڕێکخراوەکانیان ڕای سەنتەرەکانی بڕیاردان بەدەست بێنن، ئەم پرۆسەیە لەڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە، تا زۆرترین گوشار دروست بکەن لەسەر ڕای گشتی، بەتایبەت بەکارهێنانی هاووڵاتیانی ئاسایی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا، وەک کاریگەری لۆبی جولەکەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی تر، کاریگەریان هەیە و لەوێشەوە سوود بەبەرژەوەندی وڵاتی خۆیان دەگەیەنن.
ئەوەی زیاتر گرنگی پێ دەدرێت لە میدیا جیهانیەکان بەگشتی و میدیای عەرەبی بەتایبەتی لۆبی جولەکەیە، کاریگەری زۆری لەسەر بارودۆخی مافی جولەکە کانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش هەیه، بەتایبەت لەئەمریکا، زۆرجار لەمیدیا عەرەبیەکان بەبایەخەوە باسی لۆبی جولەکە دەکرێت، تەنانەت هەندێک جار دەڵێن ئەمریکا لۆبی جولەکە بەڕێوەی دەبات، هەرچەندە ئەمە زیادەڕۆیی تێدایە، بەڵام لەڕاستیدا لۆبی جولەکەکان چەندین ساڵە توانیویەتی پارێزگاری لەجولەکەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلیش بکات، بەهۆی بوونی لۆبیەکی بەهێز لەلایەن جولەکەکانی جیهان بەگشتی و هی ئەمریکا بەتایبەتی، کەهەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و ڕاگەیاندنیان بەرزەفت کردووه و لەوڕێگایەوە کار لەسەر کۆمەڵگای ئەمریکی دەکەن، بەتایبەت لەڕێگای کەناڵە گەورەکانی ڕاگەیاندنی وەک: ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزو ڕۆژنامەی واشنتۆنپۆست و ڕۆژنامەی ۆڵتدستریت ژۆڕناڵ و هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز، کەهەموویان دەزگای میدیایی گەورەن و لەلایەن بنەماڵە جولەکە کانەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەمەش بەهێزترین چەکی لۆبی جولەکەیە، لەڕێگای ئەمانەوە دەتوانن کاریگەری لەسەر ڕای گشتی ئەمریکا دروست بکەن، سیاسەتمەدارەکانیش ناچاربکەن پشت بەئەوان ببەستن، لەکاتی هەڵبژاردن و بەکێشکردنی ڕای گشتی، لەڕێگای ئەوانەوە ڕاکانیان بەجەماوەر بگەیەنن، له و ڕێگایەوە پێگەی خۆیان لەحکومەت و پەرلەمان دیاری بکەن، هەرئەمەش بووەتە گەورەترین پاڵپشت بۆ جولەکانی ئەمریکا و تەنانەت بۆ دەوڵەتی ئیسرائیلیش، ئەمریکا هەمیشە گەورەترین پشتیوانی دارایی و سیاسی ئیسرائیلی کردووە، جولەکەکان نەک لەئەمریکا، بەڵکو لەتەواوی دەوڵەتانی ئەوروپاش ڕۆڵی گرنگیان بەسەر بڕیاری سیاسی زۆر لەو وڵاتانەوە هەیە، جگەلەوە زۆرلەنەتەوەکانی تری وەکو ئەرمەن و سعودی و ئیرانی و هەندێک لەنەتەوەکانی تریش، لۆبی بەهێزیان هەیە، ئەگەرچی کاریگەریان هێندەی لۆبی جولەکە نییە، بەڵام کاریگەریان لەسەر چارەنووسی وڵاتانی خۆیان کەم نییە.
لۆبی کوردی
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی بەهۆی وێرانکاری و کەم بوونەوەی ژمارەی دانیشتوان، وڵاتانی ڕۆژئاوا پێویستیان بەپەنابەری بیانی هەبوو ، کەلە وڵاتەکانی خۆیانەوە کۆچیان دەکرد بۆ ڕۆژئاوا، کورد بەگشتی لەکۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ڕێژەیەکی کەم بۆ کارو خوێندن ڕوویان لەڕۆژئاواکرد، بەڵام لەدوای 1975 و ڕووخانی شۆڕشی ئەیلول، زۆرێک له و سیاسیانەی سەرگەردان بوون، ڕوویان لەوڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاواکرد، ئیتر لەوەبەدوا کورد لەدەرەوە باگراوندێکی سیاسی هەبوو، دواتریش بەپێی ڕووداوەکانی ناوچەکه و نەهامەتیەکانی گەلی کورد، لەکاتی جیاوازدا ڕوویان لەخۆرئاواو وڵاتانی دەرەوە کردووە، بەتایبەت لەکاتی شەڕی عیراق – ئێران، ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆڕەوی 1991 و کارەساتی 31ی ئابی 1996، دواتر لەگەڵ گەیشتنیان و هێمن بوونەوەی بارودۆخی ژیانیان خۆیان ڕێکخستۆتەوە چ لەڕێکخستنی حزبی، یاخود ڕێکخراوی کەلتوری و ڕۆشنبیری و بوارەکانی تر، پەیوەندیان بەڕێکخراوە حکومی و ناحکومیەکان کردووە، بۆ دەستبەرکردنی مافەکانیان، توانیویانە لەسەر ئاستی پەرلەمان و حکومەتی ئه و وڵاتانە چەندین چاوپێکەوتن و سیمینار ئەنجام بدەن، به و هۆیەوە چەندین پەرلەمانتار و کەسایەتی سیاسی و زانستی و بوارەکانی تری ئه و وڵاتانە ببەنەوە هەرێمی کوردستان و لەنزیکەوە ڕووداوەکان بەچاوی خۆیان ببینن بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون و ڕەخساندنی دەرفەت و پێشخستنی پەیوەندی کورد و ئه و وڵاتانە و لایەنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان پیشان بدەن، بەتایبەت کەئێستا هەرێمی کوردستان لەدەرەوە دەنگوڕەنگی تایبەتی خۆی هەیە، سەرەڕای ئەوەش ئێستا لەزۆربەی پەرلەمان و حکومەتی وڵاتانی جیهان زۆر کەسایەتی کورد بەشدارن و پۆستی دیار بەڕێوەدەبەن، ئەمەش زیاتر بووەتە هۆی ناساندنی کێشەی کورد بەدنیای دەرەوە، وێڕای بەستنەوەی هەرێمی کوردستان لەڕێگای تۆڕی ئەنتەرنێتەوە بەجیهانی دەرەوە.
سەرەڕای بوونی کوردێکی زۆر لەدەرەوە، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە بەشێوەیەک خۆیان ڕێکبخەن و کۆدەنگیەک دروست بکەن، کاریگەری لەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکە لەبەرژەوەندی کورد هەبێت، لەڕاکێشانی ڕای گشتی دەرەوە بۆ کورد، ئەمەش بەهۆی پەرشوبڵاوی پەنابەری کورد و نەبوونی لۆبیەکی بەهێز، کەتائێستا کورد لەدەرەوە نەیتوانیوە لۆبی دروست بکات، چونکە ئه و پێکهاتانەی بۆ دروست بوونی لۆبی پێویستە لە کوردی دەرەوەدا زۆر لاوازن، لۆبی پێویستی بەئابووریەکی بەهێز و کۆدەنگی سیاسی و کۆڕایی و ڕاگەیاندنێکی بەهێز هەیە، ئەمەش لە پەنابەری کوردیدا بەدینەهاتووە، لەبەر چەند هۆکارێک بەهێزترینیان نەبوونی یەکدەنگی کوردە لەدەرەوە، ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، گرنگترینیان هۆکاری سیاسیە و لەم بارەیە وە حزبەکانی باشووری کوردستان ڕۆڵی نەرێنیان هەیە، لە ئاراستەکردنی بەشێکی زۆر لە پەنابەری کورد لەدەرەوە، چونکە ئه و دابەش بوون و کێشە و ململانێ توند و نەشیاوەی لەناوەوەی هەرێمی کوردستان پیادەی دەکەن، بەزیادەوە لەسەر بەشێکی زۆری ئەندام و لایەنگرەکانیان لەدەرەوە لەسەر پەنابەری کورد ڕەنگی داوەتەوە، ئەم دابەش بوونەش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر کوردانی دەرەوە و تائێستا نەیتوانیوە خۆی ڕێکبخات و لۆبی دروست بکات.
تەنانەت لەکاتێکدا بەشێک لەپەرلەمانتارانی فەڕەنسا، بابەتی کیمیابارانی هەڵەبجه و زوڵموزۆری لەسەر کوردیان بردە پەرلەمانی فەڕەنساوه، بۆ بەجینۆساید ناساندنی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەڵام بەهۆی نەبوونی لۆبیەکی بەهێز لەلایەن کوردانی دەرەوه، نەیانتوانی هیچ کاریگەریان لەسەر ئه و بارودۆخە هەبێت، بۆ گوشار دروست کردن لەسەر جیهانی دەرەوه، بۆ بەجینۆساید ناساندنی کورد، نەک هەرئەوەی نەیانتوانی گوشار لەدەرەوەبکەن، تەنانەت نەیانتوانی ڕای گشتی هاووڵاتیانی ناوەوەی هەرێمی کوردستانیش بەلای ئه و کێشەیەدا ڕاکێشن و لەناوەوەش کەمترین دەنگدانەوەی هەبوو، بێگومان ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆ کوردانی دەرەوە، کەتائێستا نەیانتوانیوە له و بارودۆخە حزبیە چەقبەستووی تێیکەوتووە ڕزگاری بێت و کۆدەنگیەک لەسەر کێشەی کورد لەدەرەوە دروست بکات، بەڵام پێویستی بابەت و سەردەم وادەخوازێت، کوردانی دەرەوە چیتر بره و بەم ئاکارە نەشیاوە نەدەن و لەیەکگرتنێکی تەواوی کوردانی دەرەوەدا خۆیان ڕێکبخەنەوە، بۆئەوەی ئەگەر نەشتوانن لۆبی دروست بکەن، لانی کەم بتوانن لەکاتی پێویستیدا یەکبگرن و دەنگیان بەرز بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان لەپێناوی بەرژەوەندی نەتەوەکەماندا.[1]