بینای حەسیب ساڵح؟[1]
حەسیب ساڵح باڵاخانەیەکی بڵند و دیار و بەرچاوی شاری سلێمانییە، دەکەوێتە سەرەتایی شەقامی سالم و دەستپێکی گەڕەکی چوارباخەوە، بەرامبەر باخی گشتی.
هەتا ساڵانی هەشتاکان و ناوەڕاستی نەوەدەکانیش یەکێک بوو لە بەرزترین تەلارەکانی کوردستان و عێراق.
لە دوای بەیاننامە و یانزەی ئازاری ساڵی 1970ز ڕێکەوتنی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە کورد، چەند پڕۆژەیەکی گرنک، لە بەرژەوەندی کورد کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە.
یەکێک لەم پڕۆژە گرنک و مۆدێرن و سەردەمیانەی ئەوکات. باڵاخانە و ئوتێلی حەسیب ساڵح بوو بۆ شاری سلێمانی، کە دوای ڕێکەوتننامەکەی یانزەی ساڵی 1970ز دەست بەکاری کرا و ساڵی 1980ز تەواو کرا.
نزیکەی 10 ساڵی خایاند.
ئەوکات لەسەرانسەری عێراق ئەم تەلارە ناسراو و ناو و ناوبانگی تایبەتی خۆی هەبوو، یەکێک بوو لە تەلارە بەرز و دیار و ناسراوەکانی ساڵانی هەشتاکان.
دەتوانین بڵێین بەیەکەمین باڵاخانەی هەرێمی کوردستانە لەڕووی مێژووی بڵندی و ئەندازەیی و هونەرییەوە.
ئەم باڵاخانەیە ببوو بە هێما و ڕەمزێکی گرنگی شار، ئاماژەیەکی گرنگ بوو بۆ پێشکەوتنی هونەری بیناسازی و ژیاری کۆمەڵگا، ڕەمزێکی بەرچاو بوو بۆ ناسینەوەی شوێنە گشتییەکان، شوێن و پێگەیەکی بازرگانی و پشوو بوو بۆ سەرجەم گەشتیاران.
بۆیە ئەو لەو شارە ژیابێت، گوێبیستی کۆمەڵێک گوزارە نەبووبێت و وتەزایەکی تایبەت بوون، دەربارەی ئوتێل و باڵاخانەی حەسیب ساڵح.
وەک:
حەسیب ساڵح دابەزین هەیە..
لای حەسیب ساڵح چاوەڕێت ئەکەم..
ماڵمان لە خوار حەسیب ساڵحە..
لای چەپی حەسیب ساڵح بینایەکی لێیە...
بەلای حەسیب ساڵحە ڕێک بڕۆ خوارەوە..
تەنیشت حەسیب ساڵح، بەرامبەر حەسیب ساڵح..
ڕووی بکەرە حەسیب ساڵح...هتد
ئاخۆ بۆ دەبێ لە یادەوەری و خەیاڵدانی خەڵکی ئەمشارەدا ئەم هەمو یادگاری و بەسەرهاتانەی هەبێت
حەسیب ساڵح ناوێکی دیار و پڕ یادەوەرییە، کە ڕۆژانێک بووە خەڵکی ئەم شارە گۆیان کردوە یاد و یادەوەرییان لەگەڵیدا هەبووە.
بەڵام پرسیار دێتە پێش ئایا حەسیب ساڵح کێییە؟
حەسیب ساڵح ؟
ئەندازیار و بەڵێندەرێکی بەناوبانگی پیشەیی کورد بوو
لەسەر ئاستی عێراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش ناسرابوو.
ناوی تەواوی حەسیب کوڕی مەلا ساڵحخەرپانەییە.
لەبنەچەدا خەڵکی گوندی (خەرپانە)ی ناوچەی هەورامانن.
لە12 کانوونی ساڵی 1930ز لە شاری (کەرکووک)لەدایک بووە.
ماوەیەکی زۆر لەگەڵ خێزانەکەی.
ژیانی مناڵی لە گوندی (هۆمەر قەوم)ی ناوچەی سورداش ی سلێمانی گوزاندووە، دواتر گەڕاونەتەوە شاری کەرکووک.
لەساڵی 1954ز کۆلێجی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی بەغداد بەپلەی یەکەم تەواو کردووە، لەبەر زیرەکی و شارەزایی مەلیک فەیسەڵ خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشیوە.
خاوەنی چەندەها پڕۆژەی گەورەی تەلارسازی و ئاوەدانییە لە عێراق و کوردستاندا.
بەناوبانگترینیان مۆنۆمێنتی ئازادییە لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداد کە کارێکی هونەرمەند جەواد سەلیمی لەسەر نەخشێنراوە.
تەلارەکانی بانکی ڕافدەین و وەزارەتی تەندروستی کاری ئەون.
لەسەر ئەرکی خۆی یانەی ڕۆشنبیریی زانکۆ و کتێبخانەی سلێمانی لە ساڵی 1979ز دروستکردوە.
لەکۆتایی هەشتاکاندا سەرۆکی بەڵێندەرانی عێراق بووە.
هەروەها سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی دەوڵەتە عەرەبیەکانیش بووە.
لەساڵی 2012 لە شاری عەممانی پایتەختی (ئوردن) کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ شاری کەرکووک و لەگۆڕستانی شێخ محێدین بەخاک سپێردرا.
شوێنی بیناکە دەکەوێتە کوێی سلێمانییەوە؟.
ئەم تەلارە دەکەوێتە سەرەتای گەڕەکی چوارباخ و کۆتایی شەقامی سالم و دەروازەی شەقامی مەولەویی و بەرامبەر باخی گشتی.
دەرەوەی بیناکە بە بەردی حەلان تایبەتی ڕوپۆشکراوە، کە زۆربەی بەردەکان ئەوکات لەشاری موسڵ هاتووە بۆ باڵاخانەکە و بە دیزانێکی زۆر مۆدێرن و ژیاری و سەردەمیانە نەخشێنراون، زۆر لایەنی گرنگی هونەری بیناسازی لەم باڵاخانەیەدا ڕەچاو کراوە، وەک سیستەمی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ بەشێوەیەکی ئەندازەیی، وەک سەلامەتی کار، سەقف و ئاسانسۆر، بناغەیەکی پتەو بۆ بەرگریکردن و پاراستن لە بوومەلەرزە، هەروەها پشکنینی فیزیای لە ڕووی ئەندازییەوە، وەک هەڵمژینی ئاو و باران و بەرگەگرتن لەدز و شکان، شێوەی دووری و ڕووکار و بەرگەی ئاو وهەوا و کەشی سارد و گەرم، هێزی بەرگری و چڕی و گرژ بوون...هتد
بۆیە هەتا ئێستاش گەرما و سەرما هیچ کاریگەرییەکی لەسەر جۆری بەردەکان نەبووە و وەک خۆیان بەتۆکمەی و جوانی ماونەتەوە.
چۆن بڕیار درا کە باڵاخانەکە دروستبکرێ؟
لەدوای بەیاننامەی یانزەی ئازاری 1970ز لەسەر بودجەی حکومەتی عێراقی بڕیاردرا باڵاخانەیەکی هەوربڕ لە نزیک گەرەکی چوارباخ دروست بکرێت.
لەبەر ئەوەی زەوییەکی پان و تەخت و بەرین بوو، ئاوی زۆر بوو و شوێنکی ستراتیژی و بازرگانی بوو.
لەکۆنیشدا دەشتێکی چۆڵ بوو، هیچ بینا و باڵاخانەیەکی ئەوتۆی بە چواردەورییەوە نەبوو، زەوییەکی تەخت و گونجاو و شوێن و پێگەیەکی باش بوو، لەناوجەرگەی بازاڕەوە نزیک بوو..
بۆیە ئەو شوێنە وەکو پێگەیەکی گرنگ و لایەنە هونەری و ئەندازیی، بەباشترین شوێن بۆ بەرزکردنەوە ئەو بینایە دەست نیشانکرا.
زۆر لە شارەزایان دەڵێن ئەم بینایەی لەسەر هەمان شوێنی گومرگە سوتاو دروستکراوە، لەڕاستیدا وانییە، شوێنی بیناکە تەنیشت بینای پشکنینی توتن بوو، واتا دائیرەی انحساری توتن بوو.ئیتر ئوتێلەکە لەتەنیشتی دروستکراوەتەوە.
بەڵام پێشتر ئەم شوێنە دەشتێکی چۆڵ بوون، بۆیە دوو پڕۆژەی گەورەی لەسەر دروستکرا.
دوو دەشتی باش لە تەنیشت یەکەوە بوون، کە هەر دووکیان بۆ هونەری بیناسازی لەباربوون.
دەشتی بەستەپیازە بوو کە باڵاخانەی حەسیب ساڵحی لەسەر بیناتنرا.
دەشتی دووەمیش دەشتی وەیس کە کتێبخانەی گشتی سلێمانی لەسەر دروستکرا.
مێژووی دروستکردنی ئەم باڵاخانەیە ئێستاکە نزیکەی چل ساڵ دەبێت و بیناکەش هەروەک خۆی ماوەتەوە.ئەوە ئاماژەیەکە بۆ توانستی ئەندازیاران و بەڵێندەری کار.
وەک ئەندازیار کاک (شەماڵ عومەر سام ئاغا)
کە خۆی یەکێک بووە لە ئەندازی باڵاخانەکە ئەڵێیت:
حەسیب ساڵح ئەندازیار وبەڵێندەرێکی زۆر کورد پەروەر بوو،
بۆیە ڕۆژی کرانەوەی بیناکەی خستە یەکەم ڕۆژی نەورۆزی ساڵی 1980ز.
بۆئەوەی هاوکات بێ لەگەڵ سەرەتای ساڵی کوردی، ڕۆژکە لە یادەوەری و مێژووی کوردا بە گەورەی و پیرۆزی بمێنێتەوە، حکومەتی عێراق کە بەم پیلانەی زانی نەیهێشت و ڕێگری لێکرد و هەوڵیاندا بەزوویی ڕۆژەکەی کردنەوەی باڵاخانەکە بگۆڕن و بیخەنە ڕۆژێکی تر.
بەڵام حەسیب ساڵح زۆر شێلگیرتر بوو جەختی کردوە کە لە هەمان بەرواردە بکرێتەوە.
بۆیە خۆی چەند ڕۆژێ پێش ئەوە پەیوەندی بەمنەوە کرد بە ئامادەسازی بکرێت و شەوی نەورۆز خەڵکێکی زۆر کۆبکەینەوە بۆ کردنەوەی باڵاخانەکە.
هەر بۆیە خۆی لە شەوی 21-3-1980ز لە بەغدادەوە هات بۆ سلێمانی و بەنهێنی
ئێمەش بۆ شەوەکەی خواردن و میوە و شیرینیەکی زۆرمان ئامادەکرد و خەڵکێکی زۆرمان بانگێهێشت کرد بوو، هەموو زۆر لەو کەسانەی کە لە پڕۆژەکە بەشدار ببوون ئامادەبوون.
گڵۆپەکانمان هەڵکرد و شار بوو بەچراخان، زۆر لەخەڵکی دەهاتن لە نزیکەوە لە ڕۆشنایی جوانی باڵاخانەکەیان دەڕوانی و وێنەیان دەگرت.
دەنگۆیەکی زۆر زۆری دایەوە و خەڵک تووشی سەرسامی بوون، شار بوو بە چراخانێکی گەورە و بۆ بەیانی کردنەوە وجوانی باڵاخانەکە، ببوو بە وێردی سەرزاری خەڵکی و هەموو ماڵ و شوێنە گشتیی و ڕاگەیاندنەکان.
حەسیب خۆی قردێلەی خۆی بڕی، ئیتر کردنەوەی باڵاخانەکە یەکەم شەوی نەورۆز بوو.
سێ چوار جار ناوی ئەم تەلارە لە مێژوودا گۆڕاوە!
لە سەرەتای دروستبوونی ئەم تەلار و باڵاخانەیە بۆ ئوتێل دروستکرا
بۆیە بە ناوەکەی لای خەڵکی ئوتێل سلێمانیبوو.
دواتر بە ئوتێل السلێمانیە السیاحی.
دواجار بوو بیناکەی حەسیب ساڵح
ئێستاش بە باڵاخانەی ئوتێل پاڵاس ناسێنراوە.
زۆر لە ئەندازیارە بەناوبانگەکانی ئەوکات بەشدار بوون لە دروستکردنی ئەم باڵاخانەیەدا،
لەوانە:
٭خوالێخۆشبوو (کەمال بۆسکانی)
کە دەورێکی باڵای هەبوو لە پێشخستنی پرۆژەکە.
٭خوا لێخۆشبوو (هۆشیار بابان)کە ماوەیەک سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بوو، ئەندازیارێکی دیار و زرنگ و دڵسۆز بوو.
٭(شەماڵ عومەر سام ئاغا)وەک سەرپەشتیاری پرۆژەکە دەورێکی کاریگەری هەبوو.
٭(عەزیز ئەحمەد ئاغا) ناسراو بە عەزیز ئاغا وەک ژمێریاری پڕۆژەکە.
٭ماوەیەک ئەندازیاری شارستانی (نەوزاد سەید لەتیف جەباری) کە ئێستاکە لە سوید دەژی.
٭خوالێخۆشبوو (شێخ نوری حاجی شێخ حەکیمی سۆڵەیی) ئەندازیاری سەرپەرشتیاری بوو.
٭(شێخ عوسمان) وەک (رجل المهمات الصعبە)کە قورسترین کار بوو.
زۆر لە سەرپەرشتیاران و ئەندازیاری تریش..
پرسیارەکە ئەوە بۆ بە ناوی ئەندازیار حەسیب ساڵحەوە ئەم باڵاخانەیە ناونرا؟
لەبەر ئەوەی حەسیب ساڵح خۆی بەڵێندەری سەرەکی ئەو پڕۆژەیە بوو، دواتر ئەندازیارێکی بەناوبانگی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بوو، پێشتریش چەند کارێکی لە بەغداد و لە سلێمانی و شارەکانی تری عێراق کردبوو.
بۆیە بەناوی ئەندازیار حەسیب ساڵح ناونراو
بانگکرا.
دواتریش ناوی حەسیب ساڵح ئەوەبوو بەگەورەیی بە پێشەوەی بیناکەوە وەک بەڵێندەری سەرەکی نوسرابوو..
تەواوبوونی باڵاخانەکەش کاتێکی زۆری خایاند و ناوی ئەو ئەندازیارە هێندە دووبارە بوو بێتەوە لە گوێی خەڵکیدا، نزیکەی 10 ساڵی پێچوو تا باڵاخانەکە بەتەواوەتی بەرزکراوەتەوە.
دواتریش ناوی ئەندازیارەکە بە لەوحەیەک لەسەر ئوتێلەکە نوسرا بوو لەگەڵ زانیاریی تەواو دەربارەی دروستکردنی وتێلەکە و تێچوویی دیاری کرابوو.
بیناکە لە چەند نهۆم پێکهاتووە.؟
ئەم تەلارە پێکهاتووە لە حەوت نهۆمی بڵند و مۆدێرن.تا باڵاخانەی شەشی ئوتێلە شەست ژووری جوان و کە دەیڕوانی بەسەر هەموو شاری سلێمانیدا.
پێکهاتووە ژێرەزەمین کە شوێنی کەرەستەی بیناکە و ئامێری هەڵکێشانی ئاو (موزەخە)
نهۆمی عەرزی، پێکهاتووە لە کافتریا و گازینۆی و چێشتخانە.
نهۆمی یەکەم
بەڕێوبەرایەتی و ژمێریاری، وەچەند ژورێکی تیایە بچوک، ناوەند، گەورە..
نهۆمی دووەم
خزمەتگوزاری.
نهۆمی سێیەم و چوارەم و پێنجەم و شەشەم شەست ژووری ئوتێلەکەیە..
نهۆمی حەوتەم
گازینۆ و سەربان و ئاسانسۆر (بەرزکەرەوە)یە
هۆڵێکی گەورەش بەتەنیشت بیناکەوەیە...
یادەوەری ئێمە لەگەڵ حەسیب ساڵح.
لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان و خەڵکی لەناو باخی گشتی وێنەیان دەگرت تاوەکو پشتی وێنەکەیان بینای ئوتێلەکە بێت، هەروەها زۆربەی خۆپیشاندان و ڤیستیڤاڵە گەورەکان لە ساڵانی هەشتاکاندا لە بەردەمی حەسیب ساڵح ئەنجام دەدران.
حەسیب ساڵح بۆ دانیشتوانی شاری سلێمانی پڕە لە یادەوەری خۆش و مێژوویی.
ناوی حەسیب ساڵح یادەوەرییەکی قوڵی لە هزر و خەیاڵدانی دانیشتوانی شارەدا هەیە، هەم وەک تەلارێکی جوان و ناوازەی ئەو سەردەم و هەمیشە وەک ناونیشان و ڕەمزێکی دیار وبەرچاو بووە، بۆ دۆزینەوە و دەست نیشانکردنی شوێنە گشتییەکانیان.
هەرچەندە لەسەرەتایی نەوەدەکاندا ناوی ئوتێل و بیناکەی حەسیب ساڵح گۆڕدرا.بەڵام یادەوەریی ویادگارییەکان هەروەک خۆیان ماونەتەوە و پڕن لە ڕۆژانی پڕ حەسرەتکێش و یادەوەریی تاڵ و شیرین، هیچ لەزاکیرە وخەیاڵدانی خەڵکی ئەو شارە نەگۆڕاوە، دەرحەق بە چیرۆکەکانی ڕابردوو.
بەداخەوە ئیتر وردە وردە بۆ جیلی تازە، ناوی حەسیب ساڵح دەبێتە ناوێکی نامۆ.
بەڵام بۆ جیلی پێشوو هیچ لە خەیاڵدان و هزری خەڵکانێک ناسڕێتەوە.کە یادەوەریی و یادگارییان لەگەڵ ئەو ناوە مێژووییەدا هەیە و ئێستاش هەر بە حەسیب ساڵح بانگی دەکەن.
داناز عەبدولڕەحمان.