ماڵ بەشکردن لەگەڵ براکەم
برا وا باوکمان ڕۆیی بە ڕەحمەت
چاک نەجاتی بوو لە دەردوو زەحمەت
باوک بۆ هیچ کەس نامێنێ تاسەر
کوڕ ئەو کوڕەیە لە گڵ بێتە دەر
مەسەلەی مەشور برامان برای
بەڵام بەو شەرتەی کیسەمان جیای
ماڵەکە بەشکەین، بێ مەلا و قازی
یەک لەیەکتری چاک ببین ڕازی
ئەو هێسرە شێتەی جووتە وەشێنە
دایبنێ بۆ من هیچ دامەمێنە
ئەو پشیلە جوانەی پڕ خەت و خاڵە
چش با بۆتۆ بێ، ڕەونەقی ماڵە
ئەو جووتە مانگای زل و زۆر خۆرە
کە یەکێ شینەو، یەکێکیان بۆرە
بۆمن...دوومریشک لاری و هێلکە کەر
دابنێ بۆ خۆت، بەبێ دەردی سەر
ئەو ماینە پیرەی زین هەڵچراوە
مەرحوومی باوکم بۆ منی داناوە
بەشی تۆ، لەسەر ئەم ماینە نییە
باوکم فەرموویە، خەتای من چییە؟
مس و مەسینەی لە ژەنگا پوواو
دای بنێ بۆمن لە ساغ و شکاو
کیتەڵەو گۆزە، دیزە و دەرخۆنە
هەمووی بۆ تۆ بێ لە تازەو کۆنە
قەت پارە نادەی بۆ سپی کردن
مسگەر ناناسی تا ڕۆژی مردن
زرنگەی مەنجەڵ و، زەحمەتی سینی
لە خوام گەرەکە، تۆ قەت نەیبینی
ئەو ئاوە ساردە لە ئەو جەوەنە
دایبنێ بۆ خۆت، هەر پێی پێبکەنە
ئەو هیزە ڕۆنەی کوڵک و مودارە
دایبنێ بۆمن، چارم نا چارە
لە دەرگای حەوشە تاوەکو سەربان
دابنێ بۆ من سەرپاک هۆدەکان
ئەمما لە سەربان هەتا ئاسمان
هەمووی بۆ تۆ بێ، بێ کەسری و نوقسان
هەردووکیان بۆ من گا سوور و گا ڕەش
دوو سەگمان هەیە بۆ تۆ لە جێی بەش
نەکای بۆ بێنە، نەجێی بماڵە
هیچ ئەرکی نییە ئەو دوو گەماڵە
شەو تا بەیانی بە جووت ئەوەڕن
حەلەلیان لێکەی، سک پیاو ئەدڕن
برا وا ماڵمان تەواوی بەشکرد
هەمووی بەزیاد و بەشی خۆتت برد
ئەلحەمدلیلا بەبێ دڵ یەشان
جیا بوینۆ لەیەک، بە سەهل و ئاسان
هەرچەن مەغدوور بووم بەشی تۆ زۆرە
لەبەر تانەی عام، ڕازیم بەم جۆرە
با خەڵکی نەڵێن بروانە حاڵی
تەماحی کردە به برای منالی[1]