یادەوەری گەڕەکی عارەبان
(ناجی شاووڵ)
نووسینی : کەریم شێخ عەلی
لە ساڵی چلەکان لە گەڕەکی عارەبان جووەک هەبوو بەناوی
(ناجی شاووڵ) کە پارێزەر بوو ئەوکات بە کەسی پارێزەریان
دەگووت (ئەوقات)،
لە خانوێک لەگەڵ پیاوێکی تر دەژیا کە ئەویش جوو بوو ناوی
(پینحاز) بوو جلی کوردی و شەدەی دەپۆشت بەقەڵافەت
جوان و سۆر و سپی بوو،
لە پشت سینەمای سەلاحەدین هەتاکو نزیک قرتاسیەی حاجی
هاشم چۆل بوو سەحڕا بوو لەوێ حەوت دارتووی گەورە هەبوون
کە لە کاتی عوسمانییەکان مابۆوە، لە ڕۆژانی شەممە جولەکەکان
لای دارتووەکان کۆدەبونەوە و ئیختیارەکانی گەڕەکیش لەو عەقارە کۆدەبوونەوە و دامەیان دەکرد زۆر جاریش ناجی شاووڵ لەگەڵ ئیختیارەکان دادەنیشت، کە ئەوانیش (علی خۆشناو)،
(وادی کشاف)، (حسین کەسرە)، (عزیز مریشک) بوون،
عەلی خۆشناو لە ناجی شاووڵی پرسی گووتی (ئەرێ ئەفەندی پرسیارەک.. ڕاستە ئەنگۆ لە دوی عەسا موسا دەگەڕێن کە عەلاساس دەرێن ئەوەی بیبینتەوە دەبیتە مەلیک ؟)
ناجی شاووڵ گوتی (نەخێر ئەو جووانە لێرە غڕ بوینەوە لۆ ئەوەی
غەمی خۆیان لۆ یەکتر باس بکەن و دەیانەوێ بزانن کێ موحتاجە
حەتا موساعەدەی بکەن، ئەمە لۆخۆمان دەبینە حوکمەت و
ئەنگۆش هەر لەسەر دامەی خۆتان شەڕێ بکەن !)
عەزیز مریشک گوتی (کورە ئەنگۆ بستەک عاردتان نیە کوو دەبنە حوکمەت ؟؟)
ناجی شاووڵ گوتی (ئەمە هەموو شتەکمان حازرە تاپۆی ڕەشمان
حازرە کە چووین ئەوجا دەزانن کە بووینە حوکمەت)
لە ساڵی 1950 حوکمەت هەموو جووەکانی بردە فەڵەستین بە شەمەندەفەر، دوای 10 ڕۆژ لە ڕۆیشتنی جووەکان ڕێپیدراوێک
هاتە گەڕەک، کە ئەوکاتە بە ڕێپێدراویان دەگووت (قوم سۆر) و گووتی :
(خزمێکی ناجی شاووڵ لێرە حەپسە کێ دێ بە کەفالەت بەری بدا؟)
کە باوکم (علی خۆشناو) و (عزیز مریشک) چوونە بنکەی پۆلیس منیش لەگەڵیان چووم،
بەندکراوەکەمان بینی کچەکی جوان بوو ناوی (ڕاعێل) بوو پانتۆڵ و چاکەتی لەبەر بوو لێمان پرسی (بۆچی لێرەی و خزمی ناجی شاووری؟
ڕاعێل گووتی ئەمن خزمی ناجی شاووڵی نیمە بەس دەهاتمە لای سجلی گەورەی هەبوو هەفتانە مەشاکیلی جوولەکەکانم لۆی دەنوسیەوە کە بڕێک پارەی پێ دەدام، لەسەر ئەوە گیرام کە عەلاساس من سکرتێری ناجیم و لەمنیان پرسی ناجی لەکوێیە و منیش گوتم خۆتان بە قیتاری ناردتان
کچەکەیان ئازاد کرد و ڕۆیشت.
پاش ماوەیەکی کەم حوکمەت بەدوای ناجی دەگەڕا ماڵ بە ماڵ، بۆیان دەرچوو کە ناجی بەرپرسی جوولەکەکان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە نهێنی.[1]