وەرزی ڕنینەوەی سێوە لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. سێو گرنگترین بەرهەمی کشتوکاڵیی ئەو پارێزگایەیە. نزیکەی 115 هەزار هێکتار لە ڕووبەری پارێزگاکە باخی میوەیە کە زیاتر لە 60 هەزاری باخی سێوە.
ساڵێ 2020 زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار تۆن سێو لەو پارێزگایە بەرهەم بێت، بەوەش ساڵی 2020 پارێزگای ورمێ بۆ بەرهەمهێنانی سێو لە پلەی یەکەمی ئێراندا دەبێت.
ئەمساڵ نرخی هەر کیلۆیەک سێو بە لێنەکراوەیی دەگاتە شەش هەزار تمەن. بە لێکراوەیی و لەنێو سندووقیشدا کیلۆی بە 9 تا 12 هەزار تمەنە.
30٪ی کۆی بەرهەمی سێوی پارێزگای ورمێ، وەک سێوی باوەرێن و کوالێتی خراپ بە کارخانە و کارگەکانی ئاومیوە و لەقوتوونان دەفرۆشرێت. نزیکەی 700 هەزار تۆنیش لەکاتی پێڕاگەیشتندا دەخرێتە بازاڕ، لە ساردخانە دادەنرێت یان هەناردە دەکرێت.
ورمێ لەنێو پارێزگاکانی ئێراندا زۆرترین ژمارەی ساردخانەی هەیە. نزیکەی 400 ساردخانە لەو پارێزگایە هەن کە توانای ڕاگرتنی سەرووی یەک ملیۆن تۆن میوەیان هەیە. ئەمساڵ زۆربەی خاوەن باخەکان خۆیان بەرهەمەکانیان ڕادەگرن و دەیبەنە ساردخانە.
داهاتی سەرەکیی 60 هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگای ورمێ لە باخەکاندایە. دەیان هەزار کەسیش لە وەرزی هەڵگرتنەوەی سێو، کاری ڕنینەوە و خستنە سندووق و گواستنەوەی دەکەن.
لە کۆتاییەکانی هاوین و سەرەتای پاییزدا کە بەرهەمە سەرەکییەکانی سێو و چەوەندەر پێدەگەن، هەلی کاری زۆر بۆ کرێکارانی پارێزگاکە دەڕەخسێت. هەر کرێکارێک ڕۆژانە تاوەکو 120 هەزار تمەنی پێدەدرێت، بۆیە لەم وەرزەدا گۆڕەپانەکانی وەستانی کرێکاران چۆڵ دەبن. هەروەها سەرچاوەی داهات بۆ زۆر خاوەن پیشە، دووکاندار و بازرگانیش دابین دەبێت.
سێوی پارێزگای ورمێ لە ئێران زۆرتر بۆ شارەکانی تاران، ئیسفەهان، شیراز و مەشهەد دەنێردرێت. ئامانجی هەناردەکردنیش، هەرێمی کوردستان، عێراق، ئەفغانستان، پاکستان، ڕووسیا، کازاخستان و ئەرمینیان. ساڵی 2019 نزیکەی 540 هەزار تۆن سێو هەناردەی ئەو وڵاتانە کراوە.[1]