ناساندن :
نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی ئه و نەخۆشخانە پڕ سۆزە دەروونیەیە کە لە ڕێکەوتی #15-03-2009# لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و بەهاوکاری #یەکێتی ژنانی کوردستان# کراوەتەوە و لە 20/6/2009 دەستی کردووە بە نەخۆش وەرگرتن و تا ئێستاش هەر بەردەوامە لە خزمەتکردن بە نەخۆش و چاودێری کردنیان.
- ژمارەی قەرەوێڵەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بریتییە لە (65) تەخت.
- خزمەتگوزارییەکانی بۆ هەموو عێراق و ناوچەکانی کوردستانە بەبێ جیاوازی، جیاوازی ئەم نەخۆشخانەیە لەگەڵ نەخۆشخانەکانی تر ئەوەیە کە نەخۆش بەبێ یاوەر (مرافق) دەمێنێتەوە لە نەخۆشخانەدا لەلایەن پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە چاودێری دەکرێت.
نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی پێک هاتووە لە (37) بەش کە هەریەکەیان ڕۆڵ و گرنگی خۆی هەیە لەبەره و پێش بردن و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ناو نەخۆشخانەدا.
- بەشە گرنگەکان :
1- کاری دەست :
ڕۆژانە نەخۆشەکان بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک سەردانی ژووری کاری دەست دەکەن، بۆ مەبەستی چنین و ئیشی نقێم و موور و زەنگیانە و مێخەک دروست کردن و چەندین پێداویستی و جوانکاری ناوماڵ.
2- بەشی وێنە کێشان :
ئەم بەشە لەلایەن مامۆستای وێنە کێشان بەڕێوە دەبرێت و ڕۆژانە نەخۆشەکان بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک سەردانی دەکەن.
3- بەشی کتێبخانە :
یەکێکە له و بەشانەی کە ڕۆژانە نەخۆشەکان سەردانی دەکەن و بە حەزو ئارەزوی خۆیان کتێب دەخوێننەوە هەروەها گێڕانەوەی چیرۆک بۆ ئه و نەخۆشانەی کە خوێندە واریان بیرچۆتەوە لەلایەن کارمەندی کتێبخانەوە.
4- بەشی ئارایشتگا :
ئەم بەشە کەسێکی تایبەتمەند بە بواری جوانکاری بەڕیوەبەی دەبات کە تیایدا گرنگی دەدرێت بە جوانکاری ڕوخسار و شێوازی ڕێکردن و بڕین و بۆیەی قژی نەخۆشەکان.
5- چالاکی وەرزش :
پێک هاتووە لەم بەشانەی لای خوارەوە :
- یاریگای تاتان، لە کاتژمێر (9:00) بۆ (10:30) نەخۆشەکان لە یاریگاکەن.
- ژووری ڕاهێنانی جەستەيی (چارەسەری سروشتی)، لێرەدا لە کاتژمێر (9 بۆ 11) نەخۆشەکان لەسەر ئامێرەکان وەرزشیان پێ دەکرێت بە تایبەتی ئەوانەی کێشیان زۆرە وەک ئامێرەکانی (مشی پابت، پاسکیل، Rolin، Fit massag، Qudriceps، Massag، ئین فرارێد).
- ژووری تێنس، لە کاتژمێر (10:30) نەخۆشەکان دوو دوو دەبرێن بۆ ئەم ژوورە بۆ یاری تێنس لە لایەن مامۆستای وەرزشەوە.
- هۆڵی وەرزش، لە کاتێکدا کەش و هەوا زۆر سارد بێت نەخۆشەکان نابرێنە دەرەوە بۆ یاریگاکە دەبرێن بۆ هۆڵی وەرزش کە زیاتر لەم هۆڵە وەرزشی سویدیان پێ دەکرێت بە بەکارهێنانی مۆسیقای تایبەت بەم وەرزشە.
- دیدگای نەخۆشخانە :
ئامانجی ئەم نەخۆشخانەیە چاککردنەوەی باری دەروونی نەخۆش و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگه و خێزان بەشێوەیەکی دەروون ئارام و تەندروست.
- ئامانجی نەخۆشخانە :
پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تایبەت بە نەخۆش وەک :
1- پێدانی دەرمان ڕۆژانە بە پێ ی پێویست.
2- شۆردنی نەخۆش لەلایەن کارمەندی تەندروستی و پیشەییەکانەوە هەفتەی (2 - 3) جار.
3- پاک ڕاگرتنی نەخۆش و چاودێری کردنی.
4- بردنی نەخۆشەکان بۆ ژووری نان خواردن سێ ژەم.
5- پشکنینی تاقیگەیی و ناردنی نەخۆش بۆ لێدانی تەزووی کارەبا ئەگەر پێویست بکات.
هەروەها لەگەڵ ئەو ئامانجانەشدا پەرەدان بە مافەکانی نەخۆش و ڕێنمایی کردنیان لە لایەن توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە بۆ یارمەتیدان لە گیروگرفتە کۆمەڵایەتی و دەروونیەکانی نەخۆش و بردنی نەخۆشەکان بۆ باخچەی نەخۆشخانه و چاودێری کردنیان ئامانجێکی دیکەی نەخۆشخانەکەیە.
- ئامانجەکانی دەرەوەی نەخۆشخانە :
1- سەردانی کردنی ماڵی ئه و نەخۆشانەی کە نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە لەلایەن (توێژەری دەروونی + توێژەری کۆمەڵایەتی + کارمەندی تەند ڕوستی + نوێنەری یەکێتی ژنان) بۆ ئاگاداربوون لە باری تەندروستی نەخۆش.
2- بردنی نەخۆشەکان بۆ سەیران و بازاڕەکان بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش و دابینکردنی پێداویستیەکانیان.
- سەرچاوەی مرۆیی نەخۆشخانە :
هەروەها کارمەندی کارگێڕی لە نەخۆشخانەکەدا (74) کارمەندن کە(50)یان خوار پەیمانگا (10)یان پەیمانگا (14) یان زانکۆن، کارمەندی تەکنیکی (نیە)، کۆی گشتی 131.
هەروەها لێرەدا سەرەڕای ئەو ژمارەیە (2) کارمەندی نەخۆشخانەکە گرێبەستن ئەوانیش مامۆستای (وەرزش و وێنە کێشان) کە مووچەکانیان لەسەر کۆمپانیا وەردەگرن و حکومی نین.
پزیشکی گشتی: (1) بروانامەی بۆرد و دکتۆرا، (1) بروانامەی ماستەر، (4) بروانامەی زانکۆ.
دەرمانساز: (5)، (1) بروانامەی زانکۆ، (4) بروانامەی پەیمانگا.
کارمەندی تاقیگە: ()، () بروانامەی زانکۆ، () بروانامەی پەیمانگا.
پەرستیار: (51)، (6) بروانامەی زانکۆ، (38) بروانامەی پەیمانگا، (7) بروانامەی خوار پەیمانگا.
کارمەندی کارگێری: (74)، (14) بروانامەی زانکۆ، (10) بروانامەی پەیمانگا، (50) بروانامەی خوار پەیمانگا.
گرێبەست: (2) مامۆستای (وەرزش، وێنە کێشان).
- جۆری خزمەتگوزارییە پزیشکی و تاقیگەییەکان :
نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی چارەسەری هەناوی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاری تیشک و سۆنار نیە بەڵام خزمەتگوزاری تاقیگەيی هەیە کە بریتین لە :
خزمەتگوزاری تاقیگەیی :
- Hematology (WBC، PCV، ESR).
- Chemestry (Triglyceride، Cholesterol، Creatine، Blood urea، Albumine، HDL، Sugar).
- هەروەها پشکنینی (GUE) (GSE) دەکرێت.
- ئەمە جگە لە هەندێک شیکاری خێرا وەک (Serology، Virology، Pregnancy test).
- چۆنێتی پەیوەندیکردن بەم نەخۆشخانەیەوە :
ناونیشان و شوێنی جوگرافی : (سلێمانی / تاسڵوجە، نزیک کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە).
ژمارەی تەلەفۆن و مۆبایل : (0748113762).
[1]