#مەریوان وریا قانع#
ئەمەی خوارەوە نامەیەکی کورتی کاک #شێرزاد حەسەن#ە بۆ بکوژەکەی و بۆ ئەوانەی لە پشتی هەڕەشە و پلانی ئازاردانی ئەوەوەن. ساڵانێکە شەپۆلێکی دینیی سەلەفیی سیاسیی ترسناک کوردستانی گرتۆتەوە، ئەم شەپۆلە لەم شێوەیەی ئێستایدا زۆر شت وێراندەکات. ڕەنگە بە کوشتنی ئەم یان ئەو نووسەر دەستپێبکات، بەڵام هەرگیز لەم خاڵەدا ناوەستێت و لە کوشتنی ئەم یان ئەو تاکەکەسدا ناچەقێت. ڕق و گەمژەیی دینیی، ترسناکترین و خراپترین شێوازی ڕق و گەمژەییە مرۆڤ و کۆمەڵگاکان دووچاریان ببنەوە.
کاکە شێرزادی ئازیز دڵم لاتە.
ئەمەش نامەکەی کاک شێرزاد:
“ئەمن لە کوردستان ڕۆژانە دەمرم و دەمرم و دەمرم لە پای کۆمەڵێک خەمی گەورەی ئینسانی لەسەر هەموو ئاستەکاندا، ڕامیاری، ئابووری و کۆمەڵایەتی کە ناژمێردرێت.هەر لە سۆنگەی ئەم ژیانە درامی و تراژیکەی ئێرە گەر کەسێک بە ناوی خودا و پاکردنەوەی سەرزەمین لە منی فاسق و شاگردی شەیتان: خۆیان واتەنی.. فیشەکێکم پێوە بنێت، ئەوسا ئەو هەموو مەرگە هێواش و نەبڕاوە لەسەر ئاستی ڕۆحی و ڕەوانی و بگرە جەستەیی کە پێوەی دەتلێمەوە کە هەر هەمووی خەم و دەرد و وەیشوومە و ئافاتی خەڵکییە، نەک هی خۆم، ئەوسا ئەو بکوژە ئەمن لەو هەموو شێوازی کوشندەی مەرگی ڕۆژانە؛ سەرفراز و قورتارم دەکات، پەیامیشم بەجێهێشتووە کە بکوژی من سەر و ماڵی سەلامەت بێت و کەس ئازاری نەدات، چونکە ئەمن دەزانم ئەو زاتە خوێنگەرمە بۆچی منی کوشتووە، بەڵام ئەوی بێگوناه کە بکوژی منە.. هەرگیزا و هەرگیز نەیزانیووە لەبەرچی و لە پای چی منی کوشتووە، تەنها ئەوەندەیان پێوتووە کە ئەگەر خوێنی من برژێت، ئەمنی سەرگەردان و ماندوو لە دونیا هەردوو دەستەکانی سەوز دەبن و بە بەهەشتی بەرین شاد دەبێت کە سیخناخە لە حۆری و غیلمان. ئەوانە گوناهبارن کە گوایە بێ گوناهن چونکە بێ دەنگیان هەڵبژاردووە و بۆ بکوژەکەیان ڕوننەکردۆتەوە کە کوشتن گوناهە و کارێکی خراپە.. تەواو.“
نامەکە لە پەیجی شەبەنگ، پەیجی فەرمی یەکێتینووسەرانی کوردەوە وەرگیراوە.
[1]