#ئاراس محەمەد ساڵح#
نازناو: (ئاراس محەمە ساڵح بارام) ە لەبەر ئەوەی لە بەڵگەنامە ڕەسمییەکاندا ناوی باوکی بە (محمد صالح) نووسراوە، هەر بۆیە ئەمیش هەموو کات ناوی باوکی بە (محمد صالح) دەنووسێت..
لە سەرەتای بەهاری ساڵی (1970) لە ناوچەی #بازیان# لە دایک بووە.
لە ساڵی خوێندنی (1976-1977) چووەتە قوتابخانەی گوندەکەیان، هەتا قۆناغی پێنجەمی سەرەتایی لەو گوندەدا تەواوکردووە، قۆناغی شەشەمی سەرەتایی لە ساڵی خوێندنی (1983-1984) لە ئۆردوگای ئەڵڵایی تەواوکردووە.
لە ساڵی (1984) ماڵیان چووەتە #سلێمانی# و لە گەڕەکی شێخ محێدین نیشتەجێبوون، قۆناغی ناوەندی لە (ناوەندی زانیاری کوڕان) لەنێوان ساڵانی (1984-1987) تەواوکردووە، قۆناغی ئامادەیی لە (ئامادەیی ڕۆشنبیری کوڕان) لە سلێمانی لەنێوان ساڵانی (1987-1991) تەواوکردووە، لە ساڵی (1991) لە قۆناغی شەشی ئامادەیی بووە و لە کۆڕەکەدا لە ناوچەی #پێنجوێن#ەوە گەڕاوەتەوەو تاقیکردنەوەی کردووە و دەرچووەو لەسەر خواستی خۆی لە ساڵی (1992) چووەتە کۆلێجی شەریعەی زانکۆی #دهۆک#، لە ساڵی خوێندنی (1995-1996) تەواوی کردووە.
لە ساڵی خوێندنی (1998-1999) لەسەر میلاکی پەروەردەی سلێمانی بە مامۆستای زمانی عەرەبی دامەزراوە، ماوەی ساڵێک لە شارەدێی سوورداش مامۆستا بووە.
لە ساڵی 2001 بڕونامەی ماستەری وەرگرتووە.
لە ساڵی 2005 بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە.
لە ساڵی (2004) لە بەشی خوێندنی ئیسلامی کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی بووەتە مامۆستا، لە ساڵی (2011) لە هەمان کۆلێج پلەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر وەرگرتووە، لە ساڵی (2019) بووەتە پڕۆفیسۆر، هەتا ئێستا مامۆستایە لە کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی.
وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووس بەردەوام لە ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتەکاندا دەنووسێت و زیاتر لە بواری فکری و ڕۆشنبیری و ئیسلامی و مێژوویی و کولتووریدا دەنووسێت.
چاوپێکەوتنی لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن هەبووە و لەو بوارەشدا چالاکی بەردەوامی هەیە.
زیاتر لە (30) توێژینەوەی زانستی هەیە و لە گۆڤارە ئەکادیمی و ڕۆشنبیریەکاندا بڵاوکراونەتەوە.
بەشداری لە چەند کۆنگرەو دیدارێکی زانستیدا بە توێژینەوە کردووە و خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە.
چەند پەرتووکێکی دانراو وەرگێڕراوی هەیە لەوانە:
یەکەم/ ناساندنێکی مزگەوتەکانی سلێمانی و خوێندنگە ئایینیەکانی، دانراوی محەمەد قزڵجەیی، وەریگێڕاوەو لە ساڵی (2013) چاپکراوە.
دووەم/ مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ لە کۆمەڵە دیدارێکی ڕۆژنامەنووسیدا، لە ساڵی (2014) چاپکراوە.
سێیەم/ گوتاری ئیسلامی (کێشەو چارەسەر) ، لە ساڵی (2015) چاپکراوە.
چوارەم/ فەرمودە لاوازو هەڵبەستراوەکان لەبارەی مانگی ڕەمەزانەوە، لە ساڵی (2017) چاپکراوە.
پێنجەم/ ئاوە ڕەشەی ڕوسی سوور، لە نووسینی پیرەمێردی شاعیر، لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە و بەچاپی گەیاندەوە.
شەشەم/ چل فەرمودەی پێغەمبەر، لە نووسینی محەممەد قزڵجەیی، لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە و فەرمودەکانی تەخریج کردووە و بە چاپی گەیاندووە.
حەوتەم/ مێژووی خوێندنگەو مزگەوتی گەورەی خورماڵ، لە ساڵی 2020 چاپ کراوە.
هەشتەم/ میرایەتی بابان و شاری سلێمانی لە شیعری شاعیرانی سەدەی هەژدەو نۆزدەدا، لە ساڵی 2020 و ساڵی 2021 چاپکراوە.
لەکاتی ئێستادا چەند پەرتووکێکی ئامادەیە بۆ چاپ.
لەکاتی ئێستادا مامۆستای کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی و پلەی زانستی پڕۆفیسۆرە.
ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی جیهانی یەوە بەردەوام نووسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامەو سایتەکاندا هەیە.
لە ڕادیۆ و ڕۆژنامەو تیڤیەکاندا ژمارەیەک چاوپێکەوتنی هەیە.[1]