ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن
(#محەمەد ئەمین پێنجوینی#)
ئەو کچەی پیاوە سمێڵزلەکەی خەجاڵەت کرد.
ئەڤین لە جوانیدا وێنەی نەبوو، کە لەتاریکیدا دادەنیشت دەموچاوی وەکو چرا دەدرەوشایەوە ڕوخسارێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو، ڕووناکبیرێکی سیاسی و کەسایەتییەکی تایبەتیی خۆی هەبوو، زمانانەکانی ئینگلیزی و فەڕەنسی بە باشی دەزانی، کە دەدوا بەرانبەرەکەی ناچار دەکرد گوێی لێ بگرێت.
هەرچەندە ئەوشارەزایی لە پێوەندییە ئەلکترۆنییەکاندا هەبوو، چونکە کۆلێژی ئەندازیاریی کارەبای خۆێندبوو، پسپۆڕیی لە مێژووی کورد و کوردستانیشدا هەبوو. ئەو لە پاریس، لە دایک و باوکێکی کوردی ناوچەی (سەرحەد)، لە دایک بووبوو. هەر لەپاریسش تەڤلی بزاڤی ئازادیخوازانەی کورد دەبێت.
لەو ڕۆژانەی کە بە هەزاران گەنجی کورد، بە نیازی گەیشتن بە ئەوروپا کۆچیان دەکرد و بەشێکیشیان لە دەریای ئیجەدا دەخنکان، یان بە دەم ڕیگەوە لە برسان و لە سەرمادا ڕەق دەبوونەوە،
ئەڤین ڕووی لە بەهەشتی چیاکانی کوردستان کرد و پاش ئەوەی خولی ڕاهێنان و پەروەردەی سیاسیی و سەربازی لە ئەکادیمیای سەربازی(مەعسوم قورقماز)، لە بیقاعی لوبنان تەواو کرد، دەبێتە گەریلا، لە چەند نەبەردییەکدا ئازایانە، لەچیای جودی و دەوروبەری گۆلی وان سەرکەوتنی گەورەی بەدەست دەهێنێت و دەبێتە کۆمیتان، بەوە ناوی دەرکردبوو، کە ڕوو لە هەر بەرەیەکی شەڕ بکات، دوژمن دەشکێنێت، چەند جارێک بریندار دەبێت و ئەو هەر ڕوو لەبەرەکانی شەڕ دەکاتەوە.
هەر ئەڤین بوو، کە وزەی کارەبای لەبناری چیاکانی جودی و خواکورک و #قەندیل# لە جۆگەلە ئاوەکانی چیاکان بەرهەم هێناو گوندەکانی ڕووناک کردەوە. لەسەفەرێکماندا ئەو کاتە ساڵی 1992 هەڤاڵان گوتیان (هەڤاڵ ئەڤین) پارچە تۆپێک لە قاچی چەپیدا ماوەتەوە بەڵکو لەگەڵ خۆت بیبەی چارەسەرێکی بۆ بکەیت، من لەگەڵ خۆم هێنامەوە بۆ #هەولێر#، ئیتر ئەو کەهاتە شار، کەوتە گەڕان بە هەموو باشووردا، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو گروپە هونەرمەندەی کە لەشاری حەڵەبەوە هێنابوومان و لە شاری #سلێمانی# نیشتەجێ بووبوون و کاری هونەری و سیاسیان دەکرد.
، کە شەڕی 1992 لە نێوان باکوورو باشووردا، هەڵگیرسا، هەموومان کەوتینە بەر هێرشی گرتن و کوشتن و ڕاونان، ئەو کاتە لە سلێمانی(ف) بەڕێوەبەری ئاسایش بوو، شەوانە جەنابی بەڕێوەبەر لەگەڵ کچە شەرڤانەکاندا دەستی دەکرد بە لێکۆڵینەوە و پێکێ ئارەقی فەلی لەسەر مێزەکەی دادەنا و دەکەوتە نەڕە نەڕ و سووکایەتی پێ کردنیان، زۆر جار ئازاری جەستەیی و دەروونی دەدان، شەوێک لەگەڵ ئەڤین دا دەکەوێتە لێپرسینەوە، لە پێشدا بە ڕوویەکی گەش و خۆشەوە پێشوازی لێ دەکا و جگەرەیەکی کانتی بۆ دادەگیرسێنێ و مژێک لە جگەرەکەیی و قومێک لە پێکەکەی دەدات، دەکەوێتە جۆرە قسەکردنێکی تایبەتی، ئەڤین کە هەست دەکات ئەمە مەرامێکی تری هەیە، پێکە کەی بەردەمی هەڵدەگرێ و بە دەموچاوی جەنابیانی دادەکات، ئیتر ئارەقی شەرمەزاری و نامەردی بە سمێڵیدا دێتە خوارەوە و پەلاماری دەمانچەکەی بەڕێوەبەر دەدات، کە لەسەر مێزەکەی دایناوە میلی لێ دێنێتەوە و پێی دەڵێت : ئەی بێ غیرەت من گەریلام و چەند جار بریندار بووم، چەند سمێڵزلی وەکو تۆم سزا داوە ئێستا تۆ دەتەوێ سووکایەتیم پێ بکەی؟.
من کە ئەمانەم بیست پێوەندییم کرد بە بەڕێز (م. ع) ەوە، مەسەلەکەم تێ گەیاند، ئەویش توانی هەموو کچەکان ئازاد بکات، کە حەوت کچ بوون، بیانهێنێت بۆ ئەو ماڵەی کە من خۆم تێدا حەشار دابوو، لەناویاندا شەهید شیلان و ئەڤینش هەبوون، لەماڵەکەدا پازدە چەکداری سەر بە یەکێتی هەبوو، لەناو چەکەکاندا(بیکەیسیەکی) تیا بوو، ئیتر ئەڤین بیکەیسیەکەی هەڵگرت و چووە سەربان، م شەو تابەیانی پاسەوانمان بوو، ئێستە نازانم ئەو شێرە ژنە لە #دەرسیم# شەهید بووە یان لە چیای جودی و دەورو پشتی گۆڵی وان، نازانم لە ژیاندا ماوە و کۆمیتان و سەرکردەیە؟
کابرای سمێڵزلیش گەرەکی بوو، بە خەیاڵی چاوەکانی ئەوەوە ئارەقی فەل بخواتەوە![1]