ناونیشانی بابەت: بیابان چییە؟
ئامادەکردنی مامۆستا حوسێن عەبدولکەریم ڕۆستەم[1]
بیابان زاراوەیەکە به هەر ناوچەیەکی سەر زەوی دەوترێت کە زۆر ووشکە و ڕێژەی بارانی زۆر کەمە، ئەم بارودۆخە بەشێوەیەکی گشتی گونجاو نییە بۆ ژیان، هەرچەندە چەند جۆرە گیانەوەرێک توانیویانە لەگەڵ بارودۆخی سەختی ئەو ناوچانە خۆیان بگونجینن.
ڕووبەری بیابانەکان (Deserts) بە هەموو جۆرەکانییەوە (سارد، مامناوەند، گەرم) نزیکەی 45.5 مليۆن کم2 یە، بیابانەکان لە نیوەی گۆی باکوور زەوی دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی 22 ْ 48 ْ باکووری ئاسیا و لە ڕۆژئاواوە بۆ بۆ ڕۆژهەڵات درێژدەبێتە بۆ ماوەی 11 هەزار کم لە نێوان ئاسیا و ئەفریقیادا.
بیابانەکان لە ئەمریکای باکوور دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی 22 ْ 44 ْباکوور.
بەڵام لە نیوەی گۆی باشوور زەوی دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی 5 ْ 30 ْ باشوور، لە ئەفریقیا دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی 6 ْ 33 ْ باشوور، و لە ئوسترالیا دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی 20 ْ 34 ْ باشوور.
ڕێژەی ڕووبەرە بیابانییەکان لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی دیکەدا جیاوازە، ئوسترالیا بە پلەی یەکەمدا دێت کە لە 49% ڕووبەری ئوسترالیا بیابانە، بەڵام ئەوروپا لە کۆتاییدا دێت چونکە تەنها لە 1% ڕووبەری ئەوروپا بیابانە، هەروەها ڕێژەی ڕووبەرە بیابانییەکان لە وڵاتێکیشەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە بۆ نموونە لیبیا لە 98% ڕووبەرەکەی بیابانە، و میسر لە 96% ڕووبەرەکەی بیابانە، و لە 95% ڕووبەری نیمچە دورگەی عەرەبی بیابانە، و لە 88% ڕووبەری پاکستان بیابانە، و لە 11% ڕووبەری وڵاتی هیند بیابانە.
$بیابانەکان بەگشتی سێ جۆرە.$
1- بیابانە سەهۆڵییەکان :
بریتییە لەو بیابانانە کە بە سەهۆڵ داپۆشراوە بەدرێژای ساڵ، و توانەوە لە سەهۆڵەکەی دەگمەنە و ساڵانە کەمتر لە 1 % سەهۆڵەکەی دەتوێتەوە، و پێی دەوترێت بیابانە سپیەکان یان جەمسەرییەکان، ئەم بیابانانە دەکەونە کیشوەری ئەنتارکتیکا، و نیمچە دورگەی ئالاسکا و دورگەری گرینلاند و باکووری ئۆراسیا.
نرمترین پلەی گەرمی کە لەو بیابانانە تۆمارکراوە لە ساڵی 1960بوو لە ڤۆستۆک کە
88.3 پلە لە ژێر سفر.
2- بیابانە مامناوەندەکان :
ئەو بیابانانەیە کەلە بەشەکانی ناوەوەی کیشوەرەکان دەردەکەوێت لە بازنە پانایە ناوەڕاستەکان لە کیشوەرەکانی
ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریکای باکوور، لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بیابانانە زۆر ساردە لە زستاندا، و بەرزی پلەی گەرمی و کەمی باران لە هاویندا و زۆربەی بارانی هاوینەیە، ووشکی ئەو بیابانانە دەگەڕێتەوە بۆ دووریان لە ڕووبەرە ئاوییەکان.
3- بیابانە گەرمەکان :
ئەم بیابانانە دەکەونە دەوروبەری بازنەی پانی
20 ْ، 25 ْ باکوور و باشوور گۆی زەوی، و لە بیابانی گەورەی ئەفریقیا و بیابانی گەورەی ئوسورالیا پێک دێت، ئەم بیابانانە لە هەموو ناوچەکانی جیهان ووشکترە، چونکە دەکەوێتە ناوچەی پەستانی بەرزی خولگەیی، هەروەها ناکەوێتە ژێر کاریگەری گەردەلوولەکانی بازنە پاناییە مامناوەندەکان
$هۆکارەکانی ووشکی لە بیابانەکان.$
1- دووریان لە کاریگەری ڕووبەرە ئاوییەکان :
یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ووشکانییە لە زۆربەی هەرێمەکانی جیهان، بۆیە ناوچەکانی ناوەوەی کیشوەرەکان زۆر ووشکە و ئاڕاستەی باوی بای ناوچەکە زیاتر لە ووشکی ناوچەکە زیاتر دەکات، بیابان بەدرێژایی کەنارەکانی ڕۆژئاوا دەردەکەوێت کە بای ڕۆژهەڵاتی بەسەردا هەڵدەکات، بەڵام بیابان بەدرێژایی کەنارەکانی ڕۆژهەڵات دەردەکەوێت کە بای ڕۆژئاوای بەسەردا هەڵدەکات.
2- دەکەونە ناوچەی سێبەری باران :
واتا بوونی زنجیرە چیا، کە بەربەستە لە ئاڕاستەی با، بای شێدار کە لە دەریاوە دێت ناچار دەبێت کە بەرز بێتەوە و بەسەر بەرزایی چیاکان سەر دەکەوێت و بەبەرزبوونەوەی با شێدارەکە پلەی گەرمی دادەبەزێت وشێ ناوی چڕ دەبێتەوە و هەور پێک دێت و باران دەبارێت و بارانێکی زۆر و بۆ ماوەیەکی زۆر دەبارێت لەسەر ئەو قەدپاڵانەی کە ڕووبەڕووی بایە شێدارەکە دەبێت، دوای ئەوە کە با شێدارەکە دەگاتە لوتکەی چیاکە دادەکەوێت و گەرم دەبێت و زیاتر وشک دەبێت وهەلی چڕبوونەوەی کەم دەبێت و ڕێژەی باران زۆر کەمە لەسەر دیوەکی تریی چیاکە کە پێی دەوترێت سێبەری باران، نموونەی ئەو جۆرە بیابانە وەکو
أ-بیابانی مامناوەند لە هەرێمی پەتەگۆنیا، ووشکایی زاڵ دەبێت بەهۆی بوونی زنجیرە چیاکانی ئەندێز لە ئەمریکای باشوور.
ب-بیابانی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەهۆی بوونی زنجیرە چیاکانی سییرانیڤادا وەکو بەربەستێک لە بەردەم بای ڕۆژئاوا
ج-بیابانی ناوەڕاستی ئوستورالیا، بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵات بەربەستە لە بەردەم بای باشووری ڕۆژهەڵات.
3- تەوژمی دەریای سارد :
تەوژمی دەریای سارد یارمەتی ووشکایی ناوچە کەنارییەکان دەدات، چونکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەو بایانە مژینی هەڵمی ئاوی هەیە و بەهۆی تێپەڕبوونی بەسەر تەوژمە ساردەکان سار دەبێتەوە و بەرەو ناوچەی وشکانی فێنک دەچێت، بۆیە ئەو بایانە سارد و شکە و ڕوودانی باران زۆر دەگمەنە، چونکە بەرزی پلەی گەرمی دەبێتە هۆی هەڵماندنی شێ ناو باکە.
4-کاریگەری مرۆڤ و ئاژەڵ :
مرۆڤ و ئاژەل ڕۆڵیان لە ڕووودانی ووشکایی هەیە، بەهۆی بڕینی دارستانەکان و ڕووەکی سروشتی، ئەمەیش دەبێتە هۆی کەمی ڕێژەی شێ لە هەودا، هەروەها پۆشاکی ڕووەکی لە لایەکەوە خاک لە دامالێن و ڕاماڵێن دەپارێزێت و لە لایەکی ترەوە لەوەڕاندنی بە لێشاو و بێ سەروبەر دەبێتە هۆی نەمانی پۆشاکی ڕووەکی و داماڵێنی خاک.
$ڕیزبەندین گەورەترین 10 بیابانی جیهان.$
1-بیابانی بەستەڵەکی باشوور : 14.000.000 کم2، بیابانی جەمسەرییە، دەکەوێتە کیشوەری ئەنتارکتیکا.
2– بیابانی بەستەڵەکی باکوور : 13.900.000 کم2، بیابانی جەمسەرییە، دەکەوێتە ئالاسکا و گرینلاند و کەنەدا و ئاسیلەندا و ڕوسیا.
3 -بیابانی گەورە : 9.000.000 کم2، بیابانی نیمچە خولگەییە، دەکەوێتە میسر و ليبيا و تونس و جەزائێر و مەغریب و موريتانيا و سودان و چاد ومالي ونێجەر.
4- بیابانی عەرەبی : 2.200.000 کم²، بیابانی نیمچە خولگەییە، دەکەوێتە سعودیە و کوێت و قەتەر و ئێمارات و عومان و یەمەن و عێراق و ئوردن.
5– بیابانی گۆبی : 1.200.000 کم²، ساردە لە زستاندا، دەکەوێتە چین و مەنگۆلیا.
6- بیابانی کەلاهاری : 930.000 کم²، بیابانی نیمچە خولگەییە، دەکەوێتە باشووری ئەفریقیا و ناميبيا و بۆتسوانا و ئەنگۆلا.
7- بیابانی پەتەگۆنيا : 670,000 کم²، ساردە لە زستاندا، دەکەوێتە ئەرجەنتین و چیلی.
8-بیابانی ڤیکتۆریای گەورە : 647,000 کم²،
بیابانی نیمچە خولگەییە، دەکەوێتە ئوستورالیا.
9-بیابانی شام : 518.000 کم²1، بیابانی نیمچە خولگەییە، دەکەوێتە عێراق و سوریا و ئوردن.
10_ بیابانی ئەستێڵکی گەورە : 492,000 کم²، ساردە لە زستاندا، دەکەوێتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.