دەقی ڕونکردنەوەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بەم دواییانە چەند ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی باسیان لە پێشنیازێک دەکرد، کە بەرپرسێکی پلە باڵای حکومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی ئیدارەدانی داهاتووی بواری نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو.
ئێمە لەکاتێکدا جەخت دەکەینەوە، کە ئه و ڕاپۆرتانە هیچ لە گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کارە لەپێشینەکانی لە دانوستانە بەردەوامەکان و بونیادنەرانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ناگۆڕێت، هەوڵەکانمان بەچڕی دەمێننەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی پراکتیکی و یاسایی لەبارەی نەوت و غاز و ئەوەی مافەکانی گەلی کوردستان و عێراق لەخۆ دەگرێت.
دووبارە دووپاتی دەکەینەوە، چارەسەری له و شێوەیە پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا بێت لە پێناو دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی داهاتی نەوت و غاز لە عێراق، کە دەبێتە هۆی دانانی بەردی بناغەیەکی بەهێز بۆ شەراکەتی ڕاستەقینە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و لە بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتیانی کوردستان و سەرانسەری عێراقدا دەبێت.
د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
14ی تشیرینی یەکەم (ئوکتۆبەر)ی 2020[1]