لەوێ وان و لێرە سنوور بەگڕ دەچێ
هۆنراوە
#ئیسماعیل خورماڵی#
ئەی خودا دەکرێ لەو بانی حەوت بانەوە بێژی،
ئەمە ژەهری چارەنووسە، یان قەیاغی قەدەری نەتەوەیەکە ئاو دەیفڕێنێ
ئەمە دەربەن و سەرەڕیی مەرگی ئۆمەتێکە، یان بەیداغی نیشتیمانێکی کزۆڵە و با دەیفڕێنێ
ئەمە دڵی جەننەتێکی ناڕازییە بە سەر و گوێلاکی دۆزەخێکی سوور و شڵ
وا لە باجی، داغی ئەو عیشقەدا بەرد بە بەردی دەکوڵێ
یان وانە و دەرسی قیامەتێکە لە خوێن، دەبێ فێربوون لە ئێمەوە ڕێگە بگرێ و
دەبێ ووتن لە نێو پۆلی گڕدا، لە ئێمەوە زمان بگرێ
ئەی خودا دەکرێ لەو بانی حەوت بانەوە بێژی
سنووری ئەم نیشتیمانە مێخەکییەی من، لێرە و لەوێ
کە لە ڕەنگی قوبە و تەڵای سەرپشتوێنی هەزار ژنە ڕیحانەی فیردەوسی تیایە،
بۆ بە خوێن چێ
سنووری ئەم سنوورەی من، کە شەتڵی ئاشووبێکی تیا سەوز نابێ، بۆ بە خوێن چێ
سنووری ئەم سنوورەی من، کە زمانی پایزی ڕقێ ناناسێ، بۆ بە گڕ چێ
سنووری ئەم سنوورەی من، کە خەڵتانە بەو پیاوە ئیماندارانەی خاک و
بەو ڕاهیبە ڕووخۆشانەی ناو کەنیسەی ڕەز و بەور و ڕەز و خوێن
کە جگە لە نەوسی عیشقێک بۆ ئازادی و باوەشگرتنەوە بۆ نانی بوونە خاکێ
بۆ بە خوێن چێ و بۆ بە گڕچێ
ئاخەر خودا، بۆ، بە خوێن چین ؟؟
کە لە ئەزەلی مێژوو خۆیەوە ئێمە هەین و ئێمە نین
لە ئەزەلی شۆڕشەوە ئێمە هەین و ئێمە نین
لە هەسارەی خوێنەوە خوێن ئێمە هەین و ئێمە نین
لە خەرمەنی خۆرەوە خۆر ئێمە هەین و ئیمە نین
ئاخەر خودا، بۆ بە گڕچین ؟؟
خودا خۆت دەزانی، ئێمە لە وەچەی داری نەتەوەیەکین، سێبەری خەڵفمان بێوەی
کەس نەزانێ تۆ دەزانی، بۆ نانە ڕەقەی پێکەنینێ، حەوت کوچە و حەوت کۆڵانی گریان دەڕۆین
بۆ نەفەسی ئازادییەک، هانا بۆ هەوای سەر حەوت کێو دەبەین
بۆ با و بزەی بەیداغێ، بە سەر سوبح و سنووری خاکێ باڵێ کێشێ
ئێمە، ئێمە باخەڵی حەوت کێو دەگەڕێن،
سەر ملەی هەزار و هەزار قەندیل دەڕۆین[1]