دەقی ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ڕێکەوتی 17ی ئۆکتۆبەری 2020، بەشێکی سەرلێشێواو و سەرگەردان لە میلیشیاکان، کە دورن لە پرنسیپە نیشتمانیەکان و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و، دژ بە دیموکراسیەت و ئازادی، هێرشیان کردە سەر بارەگای لقی (5)ی پارتیمان و بە شێوەیەکی دور لە بەهای نیشتمانی و پێکەوەژیان، بارەگاکە و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیشیان سوتاند. لە کاتێکدا بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئه و کردەوە نا بەرپرسانە دەکەین کە بەرامبەر بارەگایەک کراوە کە تەنیا ئەرکی ئەنجامدانی چالاکی سیاسییە لە چوارچێوەی یاسادا، لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدەین کە ئەوانەی ناویان لەخۆیان ناوە (ربع اللە) و هاوکارەکانیان، کردەوەکانیان دور و نزیک پەیوەندیان بە ئیسلامەوە نیە و ناوی ئیسلام تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان بەکاردێنن، بەم ڕەفتارانەیان تەواوی پرۆسەی سیاسی عێراق دەخەنە بارودۆخێکی مەترسیدار و، هەڕەشەن بۆ ئیستیقراری عێراق و ئاشتی کۆمەڵایەتی و، حوکمڕانیش بەره و هەڵدێر دەبەن.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەم کردەوە ناشارستانیە، داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین، لە زوترینکاتدا ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگرێتە بەر، کە گروپێکی ناسراون و ڕاگەیاندراویان سەبارەت بە تاوانەکەیان بڵاوکردۆتەوە، هەروەها نیگەرانی و دڵگرانی خۆشمان دەردەبڕین له کەمتەرخەمی ئه و هێزانەی پاراستنی بارەگەکەیان پێسپێردرابوو کە بەداخەوە وەکو پێویست بە ئەرکە سەرشانی خۆیان هەڵنەستان و هیچ ڕێگرییەکیان لە گێرەشێوێنان نەکرد..
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
17ی ئۆکتۆبەری 2020[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!