دەقی ڕاگەیەندراوی پەرلەمانی کوردستان:
ئەمرۆ 17 ی 10 ی 2020، هێزێکی لە یاسا یاخی پەلاماری بارەگای لقی 5 ی پ.د. ک یان دا کە خاوەنی گەورەترین فراکسێۆنی پەرلەمانیە لە پەرلەمانی کوردستان و لە کاتی ئەو پەلامارەشدا، ئاڵای پیرۆزی کوردستان سوتێنرا. وێڕای بە توندی شەرمەزارکردنی ئەو پەلامارە و سوتاندنی ئاڵای کوردستان کە سومبولی گەلی کوردستانەو لە سایەیدا ڕۆڵەکانی گەلەکەمان خوێنی خۆیان کردە قوربانی بۆ ئازادی و دیموکراسی و سەرفرازی، داوا لە حکومەت و پەرلەمانی فیدراڵی دەکەین بە دواداچوون بۆ ئەم کارە نایاساییە دوور لە هەموو عورفێکی سیاسی و گیانی پێکەوە ژیانە بکەن و ئەنجامدەرانی بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن. بیانوی پەلاماردەران هەرچیەک بووبێت، ڕێگای دیکەی مەدەنی و میدیایی و سیاسی و پەرلەمانی هەبوو بۆ وەڵامدانەوە.
پەرلەمانی کوردستان وەکو نوێنەرایەتی شەرعی تەواوی خەڵکی کوردستان وێڕای دووبارە دەربڕینی نیگەرانی زۆری خۆی لە ئاست ئەم ڕووداوە نەخوازراوە، داواکارە حکومەتی فیدرالی ڕێگا نەدات هێزێکی یاخی و لە یاسا دەرچوو، زیان بە پێکەوە ژیان و بنەماکانی دەستورو ڕەنگاڵەیی و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی عێراق بگەیەنێت.
بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان
پەرلەمانی کوردستان
17 ی 10 ی 2020[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!