شانۆنامەی ئەلیکترا لە نێوان تراژیدیای یۆرپیدس و عەقڵانیەتی سوکراتی
#نیهاد جامی#
ڕەنگە ڕووبەڕووی ئەو گریمانەیە ببینەوە کە بۆچی لەنێو تەواوی تێکستەکانی یۆرپیدسدا شانۆنامەی ئەلیکترا بە نموونە وەردەگرین؟ نەک هەر ئەوە، بەڵکوو لە دوای هەڵبژاردنی ئەو تێکستە، دەبێت خۆمان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ بکەینەوە، داخۆ ئێمە چۆن لە ڕێگەی تێکستەوە عەقڵانیەتی فەلسەفی دەدۆزینەوە؟ ئایا گوتاری عەقڵانیەت لە تێکستدا میکانیزمی چۆنیەتی خوڵقاندنەوەی تراژیدیایە؟ وەک ئەوەی لە ئەلیکترا دەیبینن؟ یاخود بەپێچەوانەوە ئەوە تراژیدیایە ئەو عەقڵانیەتە سوکراتییە بنیات دەنێت؟ ئاخۆ لەو کاتەدا کە تێکست دەبێتە ڕووبەری تراژیدیای بابەت و فیکری عەقڵانی، زمان لە چ ئاستێکی دەلالیدایە؟ ئاخۆ زمان توانای ئەوەی هەیە بچێتە ناو ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان و کێشەکان لەڕووی زمانەوانییەوە دابەزێنێت بۆ زمانی مرۆڤی ئاسایی، وەک نیتچە ئاوا یۆرپیدسی پێ تاوانبار دەکات؟ یاخود شانۆنامەیەک کە هەڵگری گوتارێکی فەلسەفی بێت، دەبێت زمانێکی باڵای بۆ بیرکردنەوە و چۆنیەتی داڕشتنەوەی دیالۆگ هەبێت؟
ئێمە بە درێژایی ئەم بەشە هەوڵ دەدەین لەناو شانۆنامەکەوە وەڵامی ئەو پرسیارانە بدۆزینەوە، سەرەتا بەر لەچوونە نێو شانۆنامەکەوە ئەوە دەخەینە ڕوو هەڵبژاردنی ئەلیکترا، وەک دیکۆمێنتێک پەیوەستە بە گرنگی ئەو کارەکتەرە لەناو تراژیدیادا، بەهۆی ئەوەی بەر لە یۆرپیدس لەلای هۆمیرۆس و ئەسخیلۆس و سۆفۆکلیس ئەو کارەکتەرەیان کردۆتە پاڵەوانی تراژیدیی، لەشانۆی نوێشدا سەر لەنوێ ئەلیکترا وەک پاڵەوانێکی تراژیدیی لەلای نووسەرانی وەکو ڤۆلتێر و ڤیتۆریۆ ئەلڤێری و یۆژین ئۆنێل و ژان پۆل سارتەر سەر لەنوێ نووسراوەتەوە، واتە ئەلیکترا کارەکتەرێکی تراژیدیی شانۆییە، بە درێژایی زەمەنەکان زۆربەی جار ڕووبەرێکی بۆ تراژیدیای شانۆیی تیا تەرخان کراوە.
ئەلیکترا کچی ئاگامەمنون، پاڵەوانی تراژیدی چەندین دەقی کۆنی یۆنانی و نوێی جیهانی
ساتەوەختی دەستپێک گێڕانەوەی چیرۆکێکە لەلایان جوتیارێکەوە، بەواتای مەعریفەی ئێمە بۆ تێکست بیستنی ئەوەیە کە جوتیارەکە لەبارەی ڕابردوو دەیگێڕێتەوە، زەمەنی ئێستا زەمەنی قسەکردنی جوتیارەکەیە، زەمەنی ڕابردووش ئەو زەمەنەیە کە دەیبیستین، بە درێژایی قسەکردنی جوتیار ئێمە مەعریفەمان بەوەی قسە دەکات، ئەو تا قسە بکات باشتر دەیناسین، ئەوەش ئەو لۆژیکە عەقلانیەی سوکراتی فەیلەسووفە کە دەڵێت “قسە بکە تا بتناسم”، قسەکردن ئەو لۆژیکە سوکراتییەی کە کارەکتەرەکەی یۆرپیدس بەپێی ئەو دیدە فەلسەفییەوە دەیخاتە ڕوو، بەبێ تێگەیشتنی لە عەقڵانیەتی سوکراتی ئەو تێکستە دەبێتە کۆمەڵە وشەیەکی مەنەلۆژی، بەڵام کە لە عەقڵانیەتی سوکراتییەوە ئینتیمامان بۆ تێکست کرد، مانای وایە لەبەردەم مرۆڤێکداین نانووسێت، ئاگایی نووسینی نییە، ئاگای قسەکردنی هەیە، جوتیارەکەمان سۆفستاییەکە قسە دەکات، قسەکردن ناسنامەی زاتی ئەومان بۆ دەخاتە ڕوو، تا ئاستی ئەوەی تێدەگەین ئەو ژیانی هاوسەری لەتەک ئەلیکترا پیکهێناوە، قسەکردن بونیادی کەسێتی و ئەخلاقی کارەکتەر دەخاتە ڕوو، بۆیە مەعریفەی جوتیار مەعریفەیەکی ساکارە، ئەوەش پەیوستە بە ئاگایی کارەکتەرەوە، بەڵام مەعریفەی ئەلیکترا مەعریفەیەکی جیاوازە بەهۆی ئەوەی هەر لە سەرەتاوە دەیەوێت ترسەکانی کە بە نزا دەگۆڕێت، کەچی گوێڕایەڵی بۆ هاوسەرەکەی بە ئاستی گوێڕایەڵیەتی بۆ یەزدان “من لەخۆشەویستی و ڕێزم بۆت وات دادەنێم هاوشانی لەگەڵ خواکان، لەبەر ئەوەی سووکایەتیت پێنەکردم لەکاتی لێقەومانەکانم، لە بەخت باشی مرۆڤدایە کە پزیشکێکی لێهاتوو بدۆزێتەوە”. الیکترا/ یوربیدس، ترجمە وتقدیم: منیرە کروان، سلسلە ڕوائع الدراما العالمیە العدد 2547، المرکز القومی للترجمە القاهرە 2015، ص60
ئەگەر سوکرات خۆی وەک پزیشکێک وێنا دەکات، نیتچە ڕەخنە لەو پزیشکە دەگرێت، بۆچوونی وایە کە سوکرات شتێک نییە جگە لە نەخۆشێک، بۆ یۆرپیدس جوتیارەکە هەمان پزیشکە کە سوکرات نوێنەرایەتی دەکات، بۆیە ئەلیکترا بۆچوونی وایە لە بەخت باشی ئەودایە کە پزیشکێکی لێهاتوویی دۆزیوەتەوە.
ئەگەر جوتیار ئەو وێنەیە بێت بۆ کارەکتەرێکی سوکراتی، بەڵام لەئاستی تریشدا دەیەویت فەلسەفەکەی بەڕوونی بخاتە ڕوو، ئەوە تەنیا جوتیار نییە دەیەوێت گێڕانەوە ببێتە هۆی ناسینی، بەڵکو پۆرپیدس بەهۆی کاریگەریە فەلسەفیەکەی سوکرات دەیەوێت تەواوی فەزای تێکست لەژێر ئەو لۆژیکەوە بجووڵێنێت، ئەوە گێڕانەوەی جوتیار نییە تەواوی چیرۆکەکەمان بۆ دەگیرێتەوە، چونکە ئەو کاتە لە “خۆت بناسە”ی سوکراتی ئێمە تەنیا ئەو دەناسین، بەڵام بۆ ئەوەی ئەلیکتراش بناسین، ئەویش ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئەو کچی ئاگامەمنونە، دایکی خیانەتکارە.
لێرەدا ئەوە دەخەینە ڕوو ئەگەر جوتیار بەهۆی سادەبوونی وەکو مرۆڤێک قسە بکات، بۆچی تەواوی کارەکتەرەکانی تر لە جۆری ئەلیکترا و ئۆریستیس وەک ئەو قسە دەکەن؟
بیانوویەکمان نییە بۆ پۆرپیدسی بدۆزینەوە، جگە لەوەی کارەکتەر سیمای ونە، تەنیا کە قسە دەکات لەبارەی خۆیەوە دەتوانین بیناسین، بۆیە پاساوێک نییە بۆ ئەوەی ئەو وێنە نیتچەییە هاودژ بکەینەوە، کە ئەو ماسکی سوکراتی بۆ شانۆ لەسەری خۆی نەناوە، بەڵکو تێکستی ئەلیکترا لێرەدا لە کۆمەڵە مرۆڤێکی سوکراتی دەچن تەنیا ماسکی ناوی کارەکتەری جیاوازییان لەسەر ناوە، دەنا هەر هێندەی ماسکەکان لابەرین تەواوی کارەکتەرەکان سوکراتین، هەڵگری فەلسەفەی ئەو فەیلەسووفەن.
ئاستی دەلالی زمان مەعریفەی گێڕانەوەیە، ڕەهەندی کەسێتی بۆ کارەکتەر نائامادەیە، ژیانی مرۆڤەکان لەگێڕانەوەی ڕووداوەکان وێنەی دنیایەکە کە لەناو ڕابردوو دەگوازرێتەوە بۆ قسەکردن لەو ڕابردووە، ئەوە بێبایەخ کردنی شانۆنامەی یۆرپیدس نییە، بەڵکوو ڕێک بە پێچەوانەوە، یۆرپیدس نووسەرێکە دیدێکی فەلسەفی ڕوونی هەیە لە شانۆدا، ستراتیژی گوتار لە تێکستی ئەودا لەو مەعریفە سوکراتییەوە خۆی دەخاتە ڕوو، هەموومان ئەو وێنەیەمان لە یادە، کە پێشتر لەلای سوکرات باسمان کرد.
کاتێک ئەگەر ئەو پێکە ژەهرەی دەدرێت بەو تا بیخواتەوە بمرێت، ئەو دەمەی باس لەوە دەکات بۆیان ئەگەر ئەو پێکە بدات بە خواکان ئاخۆ دەمرن، سوکرات ئەو وێنەیە بەبێ هیچ قوڵاییەکی ئاڵۆز دەخاتە ڕوو، ڕاستەوخۆ دەیەوێت بڵێت خواکان بوونیان نییە، بەڵکو بوون لەعەقڵی ئیمەدایە، بۆیە ئەگەر دەتوانین ئەو ژەهرە بدەین بەخواکان؟ ئەو گریمانەیە بۆ ئەوەیە کە ناتوانین واتە لەبنەڕەتدا مردوون.
دیدی یۆرپیدسیش لە شانۆنامەکەدا هەر هەمان شتە، کاتێک کۆڕس داوا لە ئەلیکترا دەکات کە لە گەڵی بچن بۆ لای خواوەندەکان، کەچی ئەلیکترا ڕێک دەبێتە مرۆڤێکی سوکراتی بەوەی خواکان نەیانتوانیووە بەتەنگ هاوارەکانییەوە بچن، بۆیە ئەو لەوان ماندوو بووە.
لەلای نووسەر مەعریفەی سادە بۆ گەیاندنی کۆی ڕووداوگەلێکە کە لە ڕێگەی گێڕانەوە دەیخاتە ڕوو، وەک ئەوەی ئەلیکترا پێمان بڵێت من ناوم ئەلیکترایە کچی ئاگامەمنون ئەوەی دایکی خیانەتکار و بکوژە، ئەو وێنە سوکراتییە شانۆنامەیەکی سادەی بەرهەم نەهێناوە، هێندەی شانۆنامەیەکی عەقڵانی بەپێی دید و فەلسەفەی سوکرات بنیاتناوە.
ئەوەی نیتچە ڕەخنەی لێگرتووە ئەو سادەییەی قسەکردنە کە شانۆنامەکە کەوتۆتە ناو ونکردنی زمانی باڵا بۆ پڕۆسەی بیرکردنەوە
عەقڵانیەتی فەلسەفی تێکست لە ڕێگەی گێڕانەوەی کارەکتەرە، نەوەک کارەکتەر هەڵگری عەقلانیەتێکی فەلسەفی بێت، گرفتێک لەوەدا نییە کە گێڕانەوە زمانی تراژیدیا بێت، بەڵکو لەنەبوونی ئەو دیالەکتیکییە کە گێڕانەوە زمان دەکات بە سینتەری ڕووداو، کاتێک زمانی گێڕەرەوە بوو بە سێنتەری ڕووداو ئەو کاتە کارەکتەرەکانیش بەدەوری ئەو سێنتەرە دەسوڕێنەوە، بۆیە تاوانبارکردنی یۆرپیدس لەلایان نیتچەوە تۆمەتێکی ئەخلاقی نووسین نییە، بەڵکو ماسکێکی سوکراتییە و دەیەوێت لەسەر ڕووی هەڵیبداتەوە، ئەوەی نیتچە ڕەخنەی لێگرتووە ئەو سادەییەی قسەکردنە کە شانۆنامەکە کەوتۆتە ناو ونکردنی زمانی باڵا بۆ پڕۆسەی بیرکردنەوە، شتێکی خراپ و زیادەڕۆییمان نەکردووە گەر بڵێین بیرکردنەوە لەناو ئەو تێکستە بوونی نییە، بیرکردنەوە بە مانا شانۆییەکەی کە تێکستەکە لە لۆژیکی کارەکتەرەوە ڕووداوەکان بەرز بکاتەوە، نەوەک بەپێی لۆژیکی سوکراتی کارەکتەر ملکەچی ڕووداو بکات.
چەمکی بیرکردنەوە لێرەدا وابەستەی ئەو بوونەیە، کارەکتەر بەکردەیەک هەڵناستێت، بەڵکو چاوەڕوانی ئەوەیە کە دێت، ئەلیکترا چاوەڕوانی گەڕانەوەی براکەیەتی تا عەرشە لەدەست چووەکەیان بگەڕێنێتەوە، کەواتە بوون بۆ ئەلیکترا چ چەمکێکی بۆ پاڵەوان بوون هەیە؟ ئاخۆ ئەو بوونە وابەستەی ئەو پڕۆسە عەقڵانیەتە نیە؟
ئەلیکترا ڕقێکی گەورەی لە دایک دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی شووی بە پیاوک کردووە و عەرشەکەیان داگیر کردووە، بۆ ئەو دایک خیانەتکار و بکوژە لەبەرامبەر پێوەندیی کۆمەڵایەتی و لەبەردەم دەسەڵاتیش، بەڵام ئەو ڕقە بە تەنیا بەس نییە بۆ ئەو، چونکە ئەو دەبێت دواجار چاوەڕوانی برا بگۆڕێت بە کوشتنی دایک.
چاوەڕوانییەک دەردەکەوێت کۆتایی هاتووە، چونکە ئەوەی وا دەردەخات کە لەلای براکەیەوە هاتووە بۆ خۆی ئۆریستیسی برایەتی، لێرەدا وێنەیەک کە نادیارە وێنەی ئاگامەمنونی باوکە، ئاخۆ ئەو پەیوەندیە بەر لەساتەوەختی کوشتن لە چ ئاستێک بووە؟ ئەو هۆگر بوونەی ئەلیکترا بۆ عەرشە کە دایک بردی و لەگەڵ پیاوێکی غەریب زەوتی کرد، یا بەهۆی ئەوینی کچە بۆ باوکەوە؟
سۆفستاییەتی ئەلیکترا لەو شوێنەوەیە کە ئەو بانگەشە بۆ پڕۆسەی ناونان دەکات، ئەوە پرسیاری ئێمەیە، چونکە پێویستی بە پێوەندیی درامیانەی ڕووداوە، بۆیە وێنە تراژیدیاکە نابینین، تراژیدیا دەبردرێتە ئاستێک کە ئیدی بوار و ڕەهەندەکانی ون ببن، بەواتایەکیتر یۆرپیدس تراژیدیا لەدەست دەدات، ئەو سوکرات کۆمەکی ئەوەی پێدەکات کە ببێتە بکوژی تراژیدیا.
لێرەوە کوشتنی ئاگامەمنون هاوشێوەیە لەگەڵ کوشتنی تراژیدیا، ئەگەر دایک بکوژە، یۆرپیدس و سوکراتیش بکوژی تراژیدیان، ڕەنگە ئەو ڕوانینە بۆ مەعریفەی باو وەک جۆرە کوفر و هەڵگەڕانەوە لەبڕواکان سەیر بکرێت، بەڵام ئەگەر ووردبینانەتر سەیری پێوەندیەکانی تێکست بکەین لە ئاستی فەلسەفە و تراژیدیادا، ئەو ساتە تێدەگەین لەوەی پیرۆزی تێکست لەمانەوەی نییە، مانەوەی پیرۆزی پەیوەستە بە ئاستی دەلالی خوێندنەوەمان، کاتێک بینیمان و خوێندمانەوە کە خەوشەکە لە کوێیە هەر بێدەنگیەک لە تێکست لەڕاستیدا بێدەسەڵاتی کردەی وەرگرتنی هەر وەرگرێک یا خوێنەرێکە، ئەگەر ئەوە پێویستی بە بوێری هەبێت، لە ڕوویەکیتریشدا ناکرێت چیتر تیۆر لەڕوویەک ببینین و تێکست لە شوێنێکیتر بەهۆی ئەوەی نووسەرەکەی یۆرپیدسە، بەڵام پیرۆز مانەوە و نزیک نەبوونەوەی پێشتر نەک بۆ ئێمە بۆ هەر کولتوورێک لەو شێوەیە سەیرکردنەی بۆ تێکست، پەیوەستە بە نزیک نەبوونەوە لە پێوەندیی ڕەگناسیانەی تێکست، لەنێوان فەلسەفە و تراژیدیا، کە بەداخەوە ئێمە هەمیشە بەدرێژایی مێژووی کارکردنمان لەشانۆدا ئەو بابەتەمان فەرامۆش کردووە، لەشوێنی ئەودا تراژیدیامان وەک سەرچاوە و بنەچەکە بۆ شانۆ سەیر کردووە، ڕوانینمان بۆی وەک ڕوانینی کەسە دینیەکان بووە بۆ کتێبە ئاسمانیەکان، کاتیک ڕەخنەش لەو سەرچاوەیە گیرابێت زیاتر پەیوەست بووە بە بانگەشەکردنێک و نەچۆتە ئاستی توێژینەوە و ڕەخنەوە.
ململانێی ڕەگەزی لەو تێکستەدا بەپێی ستراتیژیی گوتاری فەلسەفی سوکرات یەکلای دەبێتەوە، بەوەی پیاوەکان مرۆڤە باش و قوربانیەکانن، ژنەکانیش بکوژ و خراپەکارن، ئێمە ئەگەر سەیری ئاگامەمنون بکەین، لەم تیکستەدا کە کارەکتەرێکی نائامادەیە بەهۆی ئەوەی دەبیستین کە کوژراوە، واتە قوربانییە، بەڵام کێ کوشتی؟ بەدەستی کێ کوژرا، بەپیلان و خیانەتی هاوسەرەکەی، لەولاشەوە ئەلیکترا بۆ تۆڵەی دایکی سوورە لەسەر ئەوەی خۆی دایکی بکوژێت، لەکاتێکدا ئۆریستیسی برای ئیگستۆسی عاشقەکەی دایک دەکوژێت، بەهیچ جۆرێک ئامادە نییە ببێتە بکوژی دایک، چونکە کوشتنی دایک بۆ کوڕ کۆتایی هاتنە بە پاکیزەیی ئەو وەک مرۆڤ، لەکاتێکدا ئەلیکترا هەمیشە هانی دەدات بۆ ئەو کوشتنە، بەوەی دەبێت ئەوان تۆڵەی باوک بکەنەوە، سەرەنجام ئەوەی دەکوژرێت پیاوەکانن، باوک و دۆستەکەی دایک.
جوتیارەکەی هاوسەری ئەلیکترا نموونەیەکی تری باڵابوونی پیاوە، ئامادەبووە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەلیکترا بکات بەبێ ئەوەی دەستی لێبدات، چونکە ئەو لەبنەماڵەی دەسەڵاتە، ئەوەش وەک دواتر خوشک و برا باسی دەکەن، جوتیارەکە لەسەر ئەو کارەی دەبیت خەڵات بکرێت، ئەوە ستراتیژی گوتاری یۆرپیدسە لەم تراژیدیایە، کە سوکرات پێویستە خەڵات بکریت.
لەبەرامبەر ئەوەدا دەبینین ژنەکان وەک بکوژ دەخرێنە ڕوو، بەرزکردنەوەی ڕەگەزی نێر لەناو تێکستەکەدا، گەڕانەوەیە بۆ عەقڵانیەتی سوکراتیانە بۆ ڕەگەزەکان، کە چۆن سەیری ژنی کردووە.
کۆی پاڵەوان بوونی ئەلیکترا لەلای یۆرپیدس بریتییە لەوەی دەتوانێت پلان دابنێت بۆ کوشتنی دایک، لەکاتێکدا ئەو پاڵەوانێکی ڕەگەزی مرۆیی نییە، بەڵکو پاڵەوانێکی تیۆریی سوکراتییە،
ئەگەر دیسان لەسەر چەمکی پاڵەوان بوون بووەستین؛ ئاخۆ ئەلیکترا کە شانۆنامەکە بەناوی ئەو ناونراوە پاڵەوانە؟ کردەی پاڵەوان بوون چییە؟ ئێمە دەزانین بۆچی ئەنتیگۆنا پاڵەوانە، بەڵام نازانین پاڵەوان بوونی ئەلیکترا لەلای یۆرپیدس چییە؟ هیوام وایە ئەوە بەهەڵە وەرنەگیرێت، قسەمان لەسەر کۆی ڕۆڵی ئەلیکترا نییە لەشانۆی گریکی، بەڵکو قسەکە لەسەر ئەلیکترای یۆرپیدسە، کۆی پاڵەوان بوونی ئەلیکترا لەلای یۆرپیدس بریتیە لەوەی دەتوانێت پلان دابنێت بۆ کوشتنی دایک، لەکاتێکدا ئەو پاڵەوانێکی ڕەگەزی مرۆیی نییە، بەڵکو پاڵەوانێکی تیۆریی سوکراتییە، کە ستایشی جوانی دایک و پورەکەی دەکات، وەک دوو خوشک بەشێوەیەکی سەیر جوانن، بەڵام سرووشتی کارەکانیان وەک شەرمەزاری بۆ براکەیان دەبینێت، چونکە هەمیشە ڕەفتاری ژنەکان دەبێتە هۆی شەرمەزاری پیاوەکان، ئەوە وا دەکات سیمای پاڵەوان بوونی کارەکتەر پەیوەست بێت بەو دیدگا فەلسەفیە سوکراتییە نەوەک پەیوەست بێت بە بنەما تراژیدیەکانی ئەڕستۆیی، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵی سڕینەوەی بنەمای ئەڕستۆییش دەدات کە پێشتر لە ڕوانگەی نیتچەوە لەسەر ئەو خاڵەیان وەستاین.
بۆیە ئەوەی لێرەدا بمانەوێت تیشکی بخەینە سەر پێوەندیی نێوان عەقڵانیەت و تراژیدیایە، ئاخۆ لەکۆی تێکستەکەدا تا کۆتایی کە خاڵی ئەلیکترا دێت و سەرەنجام خوشک و براکە دەبنە مەنفی و ئەوانیتر دەسەڵات دەگرنە دەست و کوشتن بکوژەکان ناکات بەحاکم، بەڵکو وەک سزایەک دەیانکات بە مەنفی، ئاخۆ ئەو عەقڵانیەتە میکانیزمی چۆنیەتی خوڵقاندنەوەی تراژیدیایە؟ یاخود بە پێچەوانەوە ئەوە تراژیدیایە ئەو عەقڵانیەتە سوکراتییە بنیات دەنێت؟
دیارە ئەوە تراژیدیا نیە ئەو عەقڵانیەتە سوکراتییە بنیات دەنێت، چونکە تراژیدیا لەدەستپێکەوە ڕووداوەکان لەو دیدە فەلسەفییە دەجووڵێنێت، مرۆڤەکان بەپێی دیدگایەکی ڕوون کە هەموویان سەر بەو سیستمەن، بۆیە ئەوە عەقڵانیەتی سوکراتییە وەک ئەوەی دەیەوێت ئاوا تراژیدیا درووست دەکات، دیدگای سوکراتی میکانیزمی تراژیدیای یۆرپیدسیە.
هەڵبەت ئەوەی ئێمە لێرەدا لەسەر دیدی سوکراتیانەی یۆرپیدس و بەتایبەت لەسەر جیهانبینی تێکستی ئەلیکترا خستومانەتە ڕوو، دەشێت دیدێکی زۆر تایبەتمەند بێت، بە پاڵپشتی تێگەیشتنەکانی نیتچەوە زیاتر لەو بابەتە هەوڵمانداوە چڕ ببینەوە، ئەوە لەکاتێکدا کەسانی توێژەر و ئەکادیمی شانۆیی هەیە، تەواو پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی ئێمەی هەیە، کە یۆرپیدس هەرگیز کەسێکی عەقڵانی نەبووە، بەڵام دەرگایەک کە نیتچە کردیەوە، وای کرد بوار بۆ زۆر ڕوانینی داخراو بکاتەوە تا قسە لەپەیوەندیی ئەو شانۆنووس و فەیلەسووفە بکەن، هەرچەندە دەشێت ئێمە کاتێک خۆمان ڕووبەڕووی پرسیاری تر بکەینەوە، کە ئاخۆ شانۆگەری “تەڕوادیەکان” ی یۆرپیدسیش هەر بەهەمان شێوە لەژێر ئەو کاریگەرییە نووسراوە؟
لێرەدا دیدێکی تر و بوارێکیتر دەردەکەوێت کە دەتوانین لەدەرەوەی شانۆنامەی “ئەلیکترا” وە ئەمجارە پشت بکەینە نیتچە، زیاتر هاوڕابین لەگەل ئەو بۆچوونەیتر، هۆیەکەشی ئەوەیە ئەو یۆرپیدسەی ئێمە ڕەخنەی ئاراستە دەکەین، نیتچە ئەوەی نیشانداین کە ئەو ماسکێکی سوکراتییە، ئێمەش لەڕێگەی شانۆنامەی ئەلیکترا، هەوڵماندا پەردە هەڵبدەینەوە لەسەر پێوەندییەکانی کارەکتەر و پڕۆسەی نووسین، بەڵام شانۆگەری “تەڕوادیەکان” بە بڕوای هەندێک توێژەر بێ ماسکی سوکراتی نوسراوە، لەو تێکستەدا عەقڵانیەتی سوکراتیی لەناو پڕۆسەی گوماندایە، ژنەکان ئەو پەراوێز و خراپەکارانە نین کە سوکرات دەیخستنە ڕوو، بەوەی ئەو تێکستە وێنەی دووەمی پۆرپیدسمان بۆ دەخاتە ڕوو، بەڵام ئەو توێژەرانە لەو کاتەدا دوو خاڵی گرنگ فەرامۆش دەکەن، یەکێکیان ئەوەیە ئەگەر قسەکردن لە ژن وەک دیل لەکاتی جەنگەکاندا بایەخی یۆرپیدس بخاتە ڕوو، کە جیاواز لە تراژیدیی نووسانی تر ئەو بابەتەی هێناوەتە ناو شانۆنامەکانی، ئەوا بەر لەویش ئەو بابەتە جێگەی بایەخی ئەسخیلۆس بووە لەشانۆنامەی “ئاگامەمنون”، هەروەها لەلای هۆمیرۆس بابەتێکی گرنگی ناو ئەو جەنگەی تەڕوادیەکان بووە، کە لەژێر ئەو کاریگەرێتییەوە یۆرپیدس شانۆنامەکەی نووسیوە.
خاڵی دووەمیش کە گەڕانەوەیەکیترە بۆ سوکرات لەناو خودی شانۆنامەکە دەردەکەوێت، ئەویش پەیڕەو کردنی شێوازی سۆفستاییەکانە بۆ کاتی قسەکردن، کە هەوڵ دەدەن بەڵگەی وتراو بێننەوە بۆ دانپیانان، ئەوەش چەمکێکی فەلسەفی سوکراتیە و یۆرپیدس لەم شانۆنامەیەشدا پەیڕەوی لێدەکات، کە گەواهی دیدگای فەلسەفی سوکراتە بەسەر ئەو کارەشیەوە.
ئەگەر ژنە تەڕوادیەکانی یۆرپیدس، مردن لەژیان بە شایستەتر دەزانن، ئەوا ئەو بۆچوونە چەندە ڕووبەری فراوانی مەرگە لەبەرامبەر ژیان، بەڵام دیدی ڕوونی فەلسەفەی سوکراتە، سوکرات کە لەزنیداندایە بە پۆزشێک دەتوانێت ئازاد بێت و بگەڕێتەوە ناو ژیان، بەڵام ئەو مردن بە شایستەتر دەزانێت لەو ژیانەی کە هەیە، کەواتە ژنەکان هەڵگری عەقڵیەتی سوکراتین.
لێرەوە لەو ڕاستییە تێدەگەین کە مەرگی تراژیدیا پەیوەستە بە شانۆنامەکانی یۆرپیدس و کاریگەری سوکرات لەسەر تێکستەکانی، ئەوە سەرباری ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەسەر تراژیدیای دێنێت لەشانۆدا، بەڵام تراژیدیا لەبەردەم مەرگی خۆیدا بەرەو فەنابوون ناڕوات، بەڵکو لەگەیشتنە لوتکەی و کۆتاییەکەی دەرگا لە پێوەندییەکی نوێی نێوان فەلسەفە و شانۆ دەکاتە ئەویش شانۆی فەلسەفییە، بەڵام ئاخۆ ئێمە پێویستمان بەوە نییە بەر لەوەی بمانەوێ قسە لە شانۆی فەلسەفی بکەین، بپرسینەوە کە فەلسەفەی شانۆ چییە؟ یاخود ئێمە لە ڕێگەی نزیکبوونەوەمان لەتێکستە فەلسەفی و شانۆییەکان توانیمان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە؟ ئاخۆ ئێمە لەگەڵ مەرگی تراژیدیا شوناسێکی ڕوونمان هەیە بۆ فەلسەفەی شانۆ؟ ئەی تراژیدیا کە دەمرێت شوناس لەگەڵ خۆی ناکوژێت؟ کەوایە ئەو فەلسەفەیە چییە کە شانۆ هەڵگریەتی؟[1]