ئێرە، ئەودیوی کوێیە؟
بەهجەت حەسەن
تابلۆی شێوەکاری کورد (دیاکۆ حەسەن نەژاد). لە کۆمەڵەبەرهەمی (هار) 2017
لە دەستە ڕاستت تەپڵەکێکی ئاخنراو بە سووتوو و قونکە جگەرە، لە دەستی چەپت چاویلکەیەک و پاکەت و چەرخ هەن. لەسەر پشت پاڵکەتوویت، بە دوو دەست کتێبێکت گرتووە و دەیخوێنیتەوە. ژوورەکەت لە کەشوهەوای دەرەوە ساردترە، لەبەر ئەوەی هیچ گەرمکەرەوەیەکی تێدا نییە. لەلایەکی ژوورەکەوە تاقیچکەیەکی کتێبانی لێیە، لە لایەکەی تر کۆنە قەنەفەیەکی شڕ و چڵکن. لە دیواری لای ڕاستتەوە تابلۆیەک هەڵواسراوە (کچێک چاوەکانی ڕۆندک و خوێنیان تێ زاوە.) دیوارەکەی بەرامبەری، تابلۆیەکی تر (پیاوێک بە چۆکدا هاتووە. سەری خستۆتە نێوان هەردوو دەستی، قژی ماش و برنجی، ڕوخساری دیار نییە.) لێوەکانت دەجووڵێنەوە، خەریکی خوێندنەوەی کتێبەکەیت. تاوێک بزەت دێتێ، تاوێکی تر ڕووگرژ دەبیت. پارچە کاغەزێکی سپی دەخەیتە نێوان لاپەڕەکان و کتێبەکە دادەخەیت. ڕوو لە ئاسمان؛ لە بنمیچی ژوورەکە ورد دەبیتەوە. بنمیچی ژوورەکە لەبەر دووکەڵی جگەرە زەرد داگەڕاوە. جگەرەیەک دادەگیرسێنیت و هەڵدەستیتە سەرپێ، بەرەو تاقیچکەی کتێبەکان دەڕۆیت. دەست بۆ کتێبێک درێژ دەکەیت و دەیهێنیتە دەرەوە، پارچە کاغەزێک لەنێو کتێبەکە بەر دەبێتەوە. دادەچەمێیتەوە و هەڵی دەگریتەوە:
(لە پەنای ژیانمانەوە، لە دەستپێکی دیرۆکی ئافاتەکانی تەمەن، بە کۆڵێک ئازاری تاقەتپڕووکێنەوە، تا گەیشتنمان بە ترۆپکی خەم و مەینەت، بۆ چەندین کەوتن و کارەسات گریاین. لەپاڵ گەورەبوون و هەڵچوونی تەمەنمان، بێ حەسانەوە هەوڵماندا و نەگەیشتین. من… منێک، کە نەمتوانی دەرمانی ئەم هەموو دەردەی خۆم بکەم، تۆ بۆچی بووی بە دەردێکی تر و خاپوورت کردم؟ ژیان گەورەترین عەزابی خوایە لە مرۆڤ. کەچی ئێمە کەم هەستی پێ دەکەین. لەنێوان هەڵبژاردنی ژیان و مەرگدا، کولەمەرگی و نابووتی لەم ژیانە یەخەمان دەگرێت. نائومێد و دۆڕاو… چارۆکەی کەشتیی ژیانمان کۆ دەکەینەوە و بەرەو کەناری مەرگ ڕێ دەگرینە بەر. لەپڕ لە یەکتر دەپرسین:
– بۆ کوێ بڕۆین بەبێ یەکتر؟
سەیری ناوچاوی یەکتر دەکەین و لێکتر ورد دەبینەوە. هێواش هێواش… دەچرپێنمە گوێت:
– بۆ من و تۆ، ژیان ئەوەندەی خۆشیی پێ بوو!)
بە دەستوخەتێکی ورد نووسراوە. لە دواهەمین خەتی لاپەڕەکەشدا نووسراوە، (بۆ تۆ، کە هیی من بوویت.) پارچە کاغەزەکە ئەمدیو و ئەودیو دەکەیت، بۆ چەند خولەکێک لێی دەڕوانیت، بە ئاهێکی ساردەوە دەیخەیتەوە نێو کتێبەکە، کتێبەکەیش لە شوێنی خۆی نا، لە شوێنێکی بەرزتر دادەنێیت. وەک بڵێیت ناتەوێ جارێکی تر بیبینیتەوە. پاڵتۆکەت لەبەر دەکەیت، پێڵاوەکانت توند دەکەیت، بەرەو دەرەوە ملی ڕێگە دەگریت.
ئەوەتا! ئەوەتا! دەبێت چیی بکات لەم سەرسووچەدا؟ بڵێی ڕەشەبا یان زریانێک لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچی کردبێتە ئێرە؟ ئای خودایە، چ قەدەرێکە ئەمە! لێی نزیک دەبیتەوە، سەرێکی بە نیشانەی سڵاو بۆ دەلەقێنیت، ئەویش هەروەها. دەکەویتە تەنیشتییەوە، ملی ڕێگە دەگرن.
(بڵێم چی، ئەوەی ڕوویدا، تازە ڕۆیشت و تێپەڕی. ڕابردووم لە کۆڵی خۆم ناوە و دەڕۆم، دەڕۆم و دوور دەڕوانم، هیچ نابینم! بوولێڵ و تەمومژە ڕێگە، جارناجارێ ژیان ساتمەیەکم پێ دەکا، دەکەوم و هەڵدەستمەوە. دەزانم لەگەڵ هەر کەوتنێکمدا، شوێنێکم ئازاری پێ دەگات، بەڵام چارە چییە؟ هاتووم، گەڕانەوە و ئازار ناتوانن ڕێگەم بگرن.) وای گوت و بێ ئەوەی سەیری یەکتری بکەین.
دەستی ڕاستت خستە سەرشانی چەپی و گوتت: (بۆ ئەوەی زیاتر بژین، بۆ ئەوەی بێئومێدی بەربینگمان نەگرێ، دەبێ بەرەنگاری ژیان ببینەوە. گرنگ نییە لە کوێ و کەی دەگەیتە خاڵی خۆشبەختی، گرنگ گەیشتنە.)
مژی لە جگەرەی نێوان پەنجەکانی دەدا، بە لێوە لەرزەوە گوتی: (مرۆڤ کە خۆشبەخت نەبوو، لە هەرکوێیەکی ئەم سەرزەمینە بێ، هەر دڵتەنگە. سنوور و کۆمەڵگە و شار و وڵاتەکان، خۆشبەختی و بەدبەختیی مرۆڤ ناگۆڕن، تەنانەت ناتوانن بۆ چەند خولەکێکیش بیرکردنەوەت بگۆڕن.)
چەند هەنگاوێکی کورت لەپێش تۆوە دەڕۆیشت، هەنگاوتان قوڕس و ماندوو، وەک دوو بەلەنگاز و تاراو، شەقامە درێژەکانی شارتان تەی دەکرد. بەدەم ڕێگەوە، سەیری باڵەخانە و کافێتریا و چێشتخانە و میوانخانەکانتان دەکرد، ئەم لەژێر لێوەوە نووسراوی سەر تابلۆکانی دەخوێندەوە، تۆیش وەک ئەو، بەڵام بە دەنگێکی بەرزتر.
لەناکاوێکدا، وەک ئەوەی شتێکی لە دوای خۆی لێ بەربووبێتەوە، یان چەتە و ڕێگر دەستیان خستبێتە گیرفانییەوە، ئاوڕی دواوەی دایەوە. جگەرەکەی دەستی ڕاستیی، تووڕ دایە سەر شەقامەکە و گوتی: (دەمەوێ بنووسم و ناتوانم! وشەیلی زۆر لە ناخمدا پەنگیان خواردۆتەوە و بۆم دەرنابڕدرێن. دەمەوێ هەرچی لەم شارەدا هەیە باسی بکەم، وردورد دایڕێژم و نەمری بکەم. بەڵام چیی بکەم، کە ناتوانم؟
دەپرسم: ئەم شارە هێندە دەهێنێ من بۆ خاتری ئەو سواری کەللەسەری خۆم ببم؟
نە وەڵامێکم چنگ دەکەوێت، نە دەتوانم بە بێ نووسینی ئەو دەقە هەدا بدەم! چیی وشە هەیە بە سواو دێنە بەرچاوم. چیی ڕستە هەیە، هەست دەکەم هەموویان زەمەنێک بەر لە من نووسراونەتەوە، بەڵام من پاتەیان دەکەمەوە. سوودی چییە؟ تازە هەرچۆنێک بێ، دەبێ بنووسم تاوەکوو بسێمەوە. ئەم هەموو ساڵە، ساردی و گەرمیی شارێک بچێژیت و کەچی تێیدا غەریبە بیت. ئەم هەموو ساڵە ئەو شارەت لە خۆتدا حەشار دابێت، چ داخێکە، کەیف و شادییەکانی بۆ تەرەس و تیاترۆکان بن و تۆیش تاکە مافێک کە هەتبێت، ئەوەیە تەنێ سەیریان بکەیت و تەنێ بکاری نێوی سەر تابلۆکان بخوێنیتەوە. بە بینینی ئەم هەموو دیمەن و ڕووداوە قێزەونانە، ئەم هەموو زوڵم و ستەمەی لە ڕۆژگاری چەرچی و چەقاوەسووەکانەوە دەرهەق بە مرۆڤ دەکرێ، هیچ دەسەڵاتێکت نەبێ و کەچی بەردەوام خۆت بخۆیتەوە و خۆت داخدارتر بکەیت! بڕێک جار، دڵت پڕ دەبێت، دەخوازی دانیشیت و سەرت بخەیتە نێوان هەردوو دەستت، وەک منداڵێکی دایکمردوو بگریت! بگریت بۆ خۆت، بۆ چارەنووسی وێرانت. لە پڕمەی گریان بدەیت و بیر لەو هەموو نادادییە بکەیتەوە، کە سەرتاپێی ژیانتیان تەنیوە!)
ڕووی لە پێشەوە کردەوە و هەمدیس ملی ڕێگەتان گرتە بەر. بە چەند هەنگاوێک لەپێش تۆوە دەڕۆیشت، بە چەند هەنگاوێکی گەورە خۆت گەیاندەوە تەنیشتی.
هەوا ساردە، هەناسەتان ساردتتر. گەڕانەوەی خەڵکی بەرەو ماڵ، پیادەڕێکان و هەنگاوەکانیان، ڕوخساری شەکەت و ماندووی دەستگێڕ و عەرەبانەچییەکانی سەرشەقام، وژە و هۆڕنی ئۆتۆمبێلە تیژتێپەڕەکان، (لەم شارەدا مرۆڤ کەڕ بێ خۆشترە نەوەک ئەم هەرا و زەنایە بژنەوێ! خۆش بە حاڵی ئەوەی توانای بیستنی نییە. بیستنی هیچ شتێک خۆش نەماوە، تەنانەت هەواڵێکی خۆشیش نابیستی. هەموو ڕۆژ هەواڵی مەرگی ئازیزێک دەتتاسێنێ. بیستنی میوزیکی نەشاز و گۆرانیی دەستی دوو، بەرزبوونەوەی دەنگی بانگبێژی مزگەوتەکان، کە دەنگیان دەڵێی کەڕەنایە، ئەوەیان هەر باس ناکرێ. ئەوە خودا ئەم هەموو ساڵ و دەورانە، چۆن کاس نەبووە؟) لەبەر خۆتەوە ئەم چەند ڕستەیەت وت. بە لای تۆدا ئاوڕی دایەوە و بە تیلەی چاو سەیرێکی کردیت، سەری بە نیشانەی بێزاری بۆ لەقاندیت. لەوێوە تا گەیشتنە بەردەم ماڵەکەی ئەوان، مت و بێدەنگ هەنگاوتان نا. بەبێ ئەوەی ورتەیەک لە دەمی بێتە دەرەوە، دەستێکی بەرز کردەوە و ماڵئاوایی لێ کردیت. بە هەمان ڕێگە، بە هەنگاوی قوڕس و ماندوو، ڕەفیسک و ئەژنۆت توانای هەنگاونانی زیاتریان نەمابوو، لەبەر ماندوێتی نا، سەرما سڕی کردبوویت. دوو دەستت لەناو پاڵتۆ، جگەرەیەکیش بەسەر لێوتەوە بەرەو ماڵ دەگەڕێیتەوە. دەگەیتەوە ژوورەکەت، نووکی پێی چەپت، لە پاژنەپێی ڕاستت گیر دەکەیت و پێڵاوەکە دادەنێیت، بۆ پێی ڕاستیشت هەمان کردار بە پێی چەپت پاتە دەکەیتەوە. ڕادەکشێیت و تەمای ئەوەت هەیە بخەویت (یان ڕەنگە کتێبێک بخوێنیتەوە) دایکت بە ئەسپایی دێتە ژوورەوە:(ها کوڕم، گەنجێکی ڕەشتاڵەی کەتە، تۆزێک بەر لەوەی تۆ بگەڕێیتەوە ماڵ، ئەم زەرفەی هێنابوو. گوتی لە فەرمانگەی پۆستە و گەیاندنەوە ئەمەم بۆ ئێوە هاوردووە.) خێرا و تەنگەتاو، زەرفەکە هەڵدەپچڕیت. جگەرەیەکی تر گڕ دەدەیت: (لە پەنای ژیانمانەوە، لە دەستپێکی دیرۆکی ئافاتەکانی تەمەن، بە کۆڵێک ئازاری تاقەتپڕووکێنەوە، تا گەیشتنمان بە ترۆپکی خەم و مەینەت، بۆ چەندین کەوتن و کارەسات گریاین. لەپاڵ گەورەبوون و هەڵچوونی تەمەنمان، بێ حەسانەوە هەوڵماندا و نەگەیشتین. من… منێک، کە نەمتوانی دەرمانی ئەم هەموو دەردەی خۆم بکەم، تۆ بۆچی بووی بە دەردێکی تر و خاپوورت کردم؟ ژیان گەورەترین عەزابی خوایە لە مرۆڤ. کەچی ئێمە کەم هەستی پێ دەکەین. لەنێوان هەڵبژاردنی ژیان و مەرگدا، کولەمەرگی و نابووتی لەم ژیانە یەخەمان دەگرێت. نائومێد و دۆڕاو… چارۆکەی کەشتیی ژیانمان کۆ دەکەینەوە و بەرەو کەناری مەرگ ڕێ دەگرینە بەر. لەپڕ لە یەکتر دەپرسین:
– بۆ کوێ بڕۆین بەبێ یەکتر؟
سەیری ناوچاوی یەکتر دەکەین و لێکتر ورد دەبینەوە. هێواش هێواش… دەچرپێنمە گوێت:
– بۆ من و تۆ، ژیان ئەوەندەی خۆشیی پێ بوو!)
بە دەستوخەتێکی تۆزێک ورد، ئەمە لەنێو کاغەزەکە نووسراوە. لە دواهەمین خەتی لاپەڕەکەشدا نووسراوە، (بۆ تۆ، کە هیی من بوویت.) پارچە کاغەزەکە ئەمدیو و ئەودیو دەکەیت، چەند خولەکێکی تر لێی دەڕوانیت، مژێکی توند لە جگەرەکە دەدەیت و لەنێو تەپڵەکی جگەرەکە دەیکوژێنیتەوە. کاغەزەکە دەخەیتەوە نێو زەرفەکە، دەیخەیتە ژێر سەرینەکەت و دەنوویت.[1]