موتاڵای ڕۆژهەڵاتناسی ئێدوارد سەعید (ڕۆژهەڵاتی داهێنراو لەلایەن ڕۆژئاواوە)
پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا نموونەیەکی بەرچاوی بەرەبەرەکانێ و گەیشتن بووە بە (ئەو)ی تر، ڕۆژئاوا وەک پڕۆژەیەکی شیکاری گەورە بۆ ئەنتۆلۆژی ڕۆژهەڵات، شیمانەی دەستکەوتەکانی زۆرتر بووە. ڕاگواستنی ڕیشەو ئەزموونە مێژووییەکان، ئەندێشەو خەیاڵ، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا ڕێبازێگەیەکی سەرەکی ڕۆژهەڵاتناسەکان بووە. ڕوانگەو دیدی ئێدوارد سەعید لەم بارەیەوە فۆرمێکی هێرمنۆتیکایە، واتە دابڕان لە کایە مەعریفیەکانی ڕۆژهەڵاتناسی ڕوونادات بەڵکو گرێدراوی ئەو مێژووە ڕۆژهەڵاتناسیەیە کە لەکەیەوە سەری هەڵداوە!. ئێدوارد سەعید دەڵێت: پێموایە هیچ مانایەکی نەدەبوو هەوڵبدرێ مێژوو و سەربردەیەکی ئەنسکلۆپێدیایانە بۆ ڕۆژهەڵاتناسی بنووسرێ لەبەرئەوە ئێدوارد سەعید بەوە ڕازی نابێت تەنها ئێمە مێژوویەک بنووسینەوە لەڕووداوەکان، بەڵکو ئەو دەیەوێت تەفسیری دەقەکان بکات، ئەو کارەیە کە ڕۆژهەڵاتناس لەبوارەکەی خۆیدا کردوویەتی، سینتاکسی دەقەکان دەکات، بەم جۆرە مانادۆزی کلتورو فەرهەنگ باشترین ڕێنیشاندەری ئەم بوارە بووە. ڕۆژهەڵاتناس بۆ لێکۆڵینەوە لە دەقێکی 500 ساڵەی پێش خۆی، ئەبێت ڕوحیەت و فەرهەنگی ئەو ماوە دوورودرێژە لەخۆیدا بەرجەستە بکات، ئەمەیە لە زۆربەی شیکردنەوەکانی ئێدوارد سەعیددا باسی لێوەدەکرێت، ئەوی ڕۆژئاوایی تا چەند دەتوانێت ببێتە (من)ێکی ڕۆژهەڵاتیەکی 500 ساڵە.
هەربۆیە لە ژیانی ئێستادا، حکومەت و دامەزراوە ڕۆژئاواییەکان لە بڕیاردانیان بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژهەڵات، پشت بەسەرچاوە ڕۆژهەڵاتناسییەکان دەبەستن. تێمای ئەمانەش خۆی لە فاکتەرە مێژووییەکان دەبینێتەوە. لۆژیکی گشت باس و خواسەکە دەبێت لەژێر وردبینیەکی ئاگامەندانەدا بێت، چونکە هەر لێدانێک لەو مێژووە. ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەر ناکۆکیەک لە داهاتوودا، ئەوەش زیاتر لە نووسین و فەرهەنگدا بەرجەستە دەبێت.
کتێبی ڕۆژهەڵاتناسی ئێدوارد سەعید، تایبەتمەندترین بەرهەمە لە شیکردنەوەی وردودرشتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، وەک عەرەبێکی کریستیان و ژیانی لە ئەمریکا، دیدو بۆچونەکانی بەجیاواز لەهەموو ئەوانەی لەو بوارەدا توێژینەوە دەکەن. ئەگەر ئیدوارد بناسین ئامانج و ویستەکانی لە ڕۆژهەڵاتناسیدا بەباشی درک پێدەکەین. وەک ئەوەی ڕۆژهەڵات داهێنراوێکی ڕۆژئاوایە. خۆشبەختانە ئەم بەرهەمە لە زمانی فرانسییەوە، وەرگێڕداروەتە سەر زمانی کوردی لەلایەن (د.موحسین ئەحمەد عومەر)، وەرگێڕانەکەش پڕۆژەیەکی گەورەی گواستنەوەی فکرییە، هەم ئەمانەتێکی شیکارییە. بۆ ئێمەی کوردیش ئاڵەنگاریەکی بەهێزە. ئەو وەیشومانەی لەمڕۆدا ڕووبەڕوومان دەبنەوە، لەڕێگەی پێویستی کوردناسی و ڕۆژهەڵاتناسی وەک ئامڕاز دەکرێت چارەسەرییان بکەین ئەو چارەسەرەش وەک سەعید دەڵێت نابێت لەڕێگەی ڕۆژئاواناسییەوە بکرێت. کوردیش دەبێت دیدی نوێ و ئامێری میتۆدۆلۆژی نوێ دابهێنیت، بۆ هەموو ئەوانەی کلتوور و فۆرمی کوردبون دەشێوێنن.
بواری ڕۆژهەڵاتناسی:
ڕۆژهەڵاتناسی ئێدوارد سەعید خۆی لە سێ فەسڵ دەبینێتەوە. فەسڵی یەکەم تیشک دەخاتە سەر ناسینی ڕۆژهەڵاتناسی سەرەتاش بە وتاری ئارتور جەیمس بەلفور دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات، بەجۆرێک وەک یەکەمین ئەو گفتوگۆ بەرچاوانەی دەربارەی چەمکی ڕۆژهەڵاتناسی و سنورو جوگرافیاو مێژووی ڕۆژهەڵات دەناسێنێت، ئەو وتارەی لە پەرلەمانی بەریتانی پێشکەشی کرد. لە بەشێکی ئەو وتارەدا بلفۆر باس لەوە دەکات نەتەوە ڕۆژئاواییەکان هەر کە لەناو مێژوو سەر هەڵدەدەن، توانای خۆبەڕێوەبردن یان لێ دەردەکەوێ چونکە خەسڵەتی تایبەتیان هەیە، لە مێژووی ڕۆژهەڵات بگەڕێ ئەوە نادۆزیتەوە، تەواوی سەدە گەورەکانیان کە بێ گوومانە لەوەی گەورە بوونە، بەرهەمی دەسەڵاتی دیسپۆتیزم بووە، لەژێر فەرمانڕەوایی حکومەتێکی ڕەها بووە....، ئێدوارد سەعید گوتارەکەی بەلفور بەسەرنج ڕاکێش ناودەبات، بەهۆی ئەوەوە نا کە قسەکانی ڕاست بێت، بەڵکو بەهۆی ئەو شێوازەی کە ڕۆڵی چەند کەسایەتیەکی جیاواز دەگێڕێت و نمایشی دەکات، وەک ئەوەی بەلفۆر دەتوانێت بەناوی جیهانی شارستانیشەوە قسە بکات. یان بەناوی ڕۆژئاواوە، یاخود بەناوی کارگێڕانی کۆلۆنیاڵی لە میسریش یان هەر جێگەیەکی داگیرکراوی تر، قسەبکات. وتارەکە باس و خواسی میسر زیاتر لەخۆدەگرێت لە ساڵی (1882ز) کە ئینگلتەرا میسری داگیرکردو کۆتایی بە ڕاپەڕینەکان هێنا. وەک بەلفۆر دەڵێت سەرکەوتنی بەریتانیا لە میسر بێوێنەیە. ئەمەش ئەرگۆمێنتێکی بەهێزی کۆڵۆنیالی بەریتانیە لە خستنەڕووی سیاسی و کارگێڕی دەردەخات.
خودی سەعید کە مەبەستی داگیرکردنی میسرە لەلایەن پۆناپارتەوە لەساڵی (1798ز)، داگیرکردنی میسر چەندین پرۆسەی خستە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، کە تاکو ئێستاش کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمڕۆ داناوە. دەستبەسەرداگرتنێکی ڕاستەقینەی زانستی بوو. ڕۆژهەڵاتیش وەک سەرچاوەی زانین خۆی بۆڕۆژئاوا نوێ کردۆتەوە.
سەعید وەسفی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتناسی وەک بوارێکی زانستی خەسڵەتی نوێ بەرجەستە دەکات (ئایدیای نوێنەرایەتیکردن ئایدیایەکی شانۆییە) ڕۆژهەڵات ئەو شانۆیەیە کە هەموو ڕۆژهەڵاتی تێدا قەتیس بووە. پێی وایە لەسەر ئەم شانۆیە هەموو ئەو کەسایەتییانە دەردەکەون کە ڕۆڵیان لە نوێنەرایەتیکردنی گشتێکی فراوانترینە کە خۆیان لێیەوە هاتوون. ڕۆژهەڵاتیش وەک بوارێکی داخراوو دیمەنێکی شانۆیی گرێدراو بە ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتیش کە پەڕجوو ئامێزەو هەر لایەنێکی ڕوون بکەیتەوە باس لە جیهانی دەوڵەمەندییەکی ئەفسووناوی دەکات (کیلۆپاترا، بابل، عەشتار....). سەعید ڕۆژهەڵاتناسی وەها لێکدەداتەوە کە لە ڕوانگەی سایکۆلۆژییەوە ڕۆژهەڵاتناسی فۆرمێکی پارانۆیایە زانینێکە وەک سیستەمی زانینی مێژوویی. جوگرافیایی خەیاڵیش کە سەعید دەیخاتەڕوو. شەرعیەت دانە بە وشەیەک، هەندێ ناوچەی پێشنیارکراو کە ڕۆژهەڵاتین، ئەوانەی بەکاریان دەهێنن دەستنیشانیانی دەکەن، واتە ڕۆژئاوا و توێژەرانی لەڕێگەی ئیدیۆم یان زراراوە بۆ ناوچەیەک لە ڕۆژهەڵات هەڵدەهێنجێنن، ئەو زاراوەیە سیفەتی واقیعی وەرگرتوە، ڕوونتر چەمکێکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داهێنراوێکی ڕۆژئاواییەو ڕەگئاژۆیە بە ناوچەیەکی دیاریکراو وێنەیەکی دیار.
داگیرکردنی میسرو تێکستەکان لەلایەن ناپۆلیۆن بۆناپارت 1798:
داگیرکردنی میسر بەتەنها بەمانای سەپاندنی هێزێک بەسەر ناوچەیەک دا نایەت، واتە داگیرکردنی کۆمەڵێک خاک و خەڵکی نوێ نییە، بگرە ڕاکێشانی مێژوو فەرهەنگ و لێکۆڵینەوەی ژینالۆژی و سەرجەم مەودا ڕیشەیەییەکانە. شوێنەوارەکان و دەقەکان، بەڵگەی ڕواڵەتێکی لۆژیکین بەدەست ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە، دەست بەسەرداگرتنی میسر بۆ زلهێزێکی مۆدێرن وەک پیشاندانێکی سروشتی هێزی خۆی بووە، لە هەمان کات بەڕاستەقانی گەڕاندنی مێژوویش بووە. سەعیدیش ئەو هەوڵانە دەردەخات پێش ناپۆلیۆن، لەوانە هایکنت ئەنکتیل، وەک هەوڵێکی گرنگ بە شیکاریی لە سەرجەم ئەو کارانەی لەبارەی ڕۆژهەڵات کردوویەتی دەردەخات، ناسینی ڕۆژهەڵات سەرەتا بە توێژینەوە لە تێکستە کلاسیکییەکانەوە دەستی پێکرد، پاشان بەپەیڕەوکردنی ئەم تێکستانە بەسەر ڕۆژهەڵاتی مۆدێرن کۆتایی دەهات. تایبەتمەندییەکانی پڕۆژە ڕۆژهەڵاتناسیەکانی پێش ناپۆلیۆن تەنها شتێکی کەم هەبوو کە بیکەن بۆ سەرکەوتنیان.
میسر بۆ بۆناپارت تایبەت بووە، لەناو زەینی ئەو هەقیقەتێکی هەبووە، چ لەڕووی لێدان لە بەریتانیا یان وەک خەیاڵی منداڵی، یان ڕوبەڕووبونەوەی ئیسلام. لێرەشەوە پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتناسی ڕاستەوخۆ خرایە خزمەت داگیرکردنی کۆلۆنیالی، توێژەرەکان بەکارهێنران بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ خەڵکی میسر، واتە بۆناپارت دەیویست بیسەلمێنێت کە بۆ ئیسلام تێدەکۆشێت. ئێدوارد ئاماژە بەوەدەکات کە میسر دەبوایە ببێتە بەشێک لە زانستی فرانسی. ئەو ئەنستیتۆیەی بۆناپارت دایمەزراندبوو بۆ میسر، لەگەڵ تیپی کیمیاناسەکانی، مێژوونووسەکانی، بیۆلۆژیستەکانی، ئارکیۆلۆگەکانی، پزیشکەکانی، تیپێکی زانای سوپاکەی بوون، توندوتیژی ئەمانەش هیچی کەمتر نەبوو لە سوپاکەی. سەبارەت بە کتێبی وەسفی میسر سەعید بۆی ڕوونە پێگەی مێژوو دەدزێ، لێناگەڕێ توندوتۆڵی یان ناسنامە یان مانایەکی تایبەت بەخۆی هەبێت ڕاستەوخۆ دەیخاتە ناو مێژووی جیهان، ئەمەشە کە توانات هەبێت وەسفی ڕۆژهەڵات بەزمانی ڕۆژئاوای مۆدێرن بکەی. واتە کتێبی وەسفی میسر مانای نوێنەرایەتیکردنی ڕۆژئاوایە بەسەر تەواوی مێژووی میسرو ناوچەکەشەوە.
لێرە بەدواوە چەمکی ڕۆژهەڵاتی دەبێتە چەمکێکی کارگێڕی و دەکەوێتە ژێر کاریگەری دیمۆگرافی، ئابووری و سۆسیۆلۆژییەکان. سەبارەت بە تێکستەکان ڕۆژهەڵاتناسی لەسەردەمی گەشانەوەی خۆیدا واتە سەدەی نۆزدەهەم، کۆمەڵێک لە توێژەری پسپۆڕی زانستی بەرهەم هێناوە، لەمەوە لێکۆڵینەوە لە دەستنووسەکان زۆرتربوون، وەرگێڕان و لێکدانەوەی زۆرتربوو، کارکردن لە ڕێزمانی سیاسیەکان، بازرگانی و ئەو تێکستانەی کە تایبەتیش بوون بەجیهانی ڕۆژئاواوە.
کرمانج زرار ئەبوبەکر[1]