خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین کورد و کوردستان لە تێگەیشتنی ڕاستی، و لغة العرب دا کتێبی دووەم بەرگی سێیەم....
یەکێک لە بەرهەمەکانی دیکەی کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا ئەمین لە زنجیرەی بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین کورد و کوردستان لە تێگەیشتنی ڕاستی و لغة العرب دا، ئەم کتێبە خوالێخۆشبوو تا لەژیاندابوو بە چاپی نەگەیاند جا بەهەر هۆکارێک، ئەمە یەکەمین کتێبی نەوشیروان مستەفا ئەمینە کە لە غیابی خۆیدا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. چەمەرانەی ئێمە بۆ نوسین و کتێبەکانی نەوشیروان مستەفایە، که شایستەی بەرزنرخاندنیەتی لە بەرهەمە تایبەتەکانی کتێبخانەی کوردییە کە سەوادیش شاکامی پێدێت.
ئەم کتێبە پڕکردنەوەی ئه و بۆشاییە گەورەیە کە لە مێژووی ڕۆژنامەگەری و بڵاوکراوەدا هەیە، بە خوێندنەوەی تێدەگەین کە هەواڵی ڕۆژ و ئاگادار بوون لە ڕووداوەکانی جیهان چەندە بایەخدار بووە بۆ پرۆسەی خوێندەواری و شارەزایی و ئەزموونە کەسییەکان، جەنگ و گرانی و سەختی ژیان ڕێگری ئەم ڕووە ڕۆشنبیرییە بووە، بەڵام دەسەڵاتی ئیستعمار و زلهێزە برسیەکانی جیهان زۆرباش ئه و بۆشاییەیان هەست پێکردوە، هەر بۆیە ئەمەیان کردوەتە ڕێگای فەراهەمکردنی دەستکەوتەکانیان، بەکارهێنانی ڕۆژنامە باشترین چەک بووە بۆ گەیاندنی فیکرو دەسەڵاتی خۆیان بە گەلانی موستەعمەرە. نەبوونی خوێندەواری لای زۆرینە یان هەڵەشەیی وایکردووە باوەڕکردن بە بڵاوکراوەکان زۆرتر بێت.
ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستی بە زمانی کوردی دەردەچوو لەلایەن بەریتانیا لە عێراق ڕۆژنامەکە لە 1ی کانوونی دووەمی 1918 دامەزرا لە ماوەی شەڕی جیهانیی یەکەم کاتێک کە بریتانیا شەڕی لەگەڵ ئیمپراتۆری عوسمانی دەکرد، لەماوەی 1918–1919دا 66 ژمارەی دەرکرد؛ ئەفسەری بریتانی ناسراو بە مێجەر سۆن سەرنووسەری ڕۆژنامەکە بوو و بە یارمەتیی شاعیری کورد شوکری فەتحی دەردەکرا. کاری ڕۆژنامەکە باسکردن بوو لە مێژووی کورد وە باسکردنی زمان و شیعر.
گۆڤاری لغة العرب ئەم گۆڤارە لە بەغداد چاپ و بڵاوکراوەتەوە ژمارەی 1ی ساڵی یەکەمی لە مانگی ڕەجەبی 1329 بەرامبەر تەموزی 1911 دەرچووە، ئەم خولەی گۆڤارەکە سێ ساڵ بەردەوام بووە، ژمارەی 10ی ساڵی نۆیەم کە دوا ژمارەی گۆڤارەکەیە، لە مانگی تشرینی یەکەمی 1931 دا دەرچووە ئیتر بە یەکجاری لە دەرچوون ڕاوەستاوە، باوە ئەنستاس ماری ئەلکەرمەلی (1866 – 1946) ئیمتیازی بڵاوکردنەوەی گۆڤاری لغة العرب ی لە بەغداد وەرگرتووە.
کورد و پڕوپاگاندەی جەنگی ئینگلیز
سەرەتای کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ تێگەیشتنی ڕاستی، پێش باسکردن لە ڕۆژنامەکە، نوسەر سەرەقەڵەمێک لە لەشکرکێشیەکانی بەریتانیا بۆ مێزۆپۆتامیا دەخاتەڕوو، کە چۆن بۆ چ مەبەستێک داگیرکاری له و ناوچانەدا دەکرێت، دیارە دەوڵەتی عوسمانی عێراقی ئەمڕۆی دابەشکردبووە سەر 3 ویلایەت (بەسرە، بەغداد، موسڵ) لە 6ی تشرینی سانی (نۆڤەمبەر) ی 1914، بە بیانوی پاراستنی دامەزراوە نەوتیەکانی عەبادانەوە لە هێرشی دوژمن، هێزی بەریتانیا فاوی داگیرکرد، لە 22ی (نۆڤەمبەری) 1914 دا هێزی بەریتانی شاری بەسرای داگیرکرد بەسرا ناوەندی ولایەتی بەسرا بوو، بەهەرحاڵ بریتانیا بەردەوام بوو لەداگیرکاریەکانی تا شاری بەغدادی داگیرکرد بڵاوەی بە هێزەکانی تورک کرد.
ساڵی 1917 کە هێزی بەریتانی شاری بەغدادی داگیرکردوە، وەک بەشێک لە پڕوپاگەندەی جەنگ، سەرەڕای ڕۆژنامەی بەغداد تایمس بە زمانی ئینگلیزی 4 ڕۆژنامەی دیکەی لە بەغداد بڵاوکردۆتەوە ڕۆژنامەی العرب بەزمانی عەرەبی، ظفر بەزمانی فارسی تێگەیشتنی ڕاستی بە زمانی کوردی، دیدی نوسەر دەربارەی ئینگلیز و ڕۆژنامەی کوردی بەم شێوە باسی دەکات : (دامەزراندنی مەکینەیەکی پرۆپاگاندەی جەنگیی گەورەی فرەزمان و فرەڕەهەندی سایکۆلۆجی و میدیایی و فەرهەنگی، هاوزەمان و هاوشان لەگەڵ سازدانی مەکینەی لەشکرکێشی جەنگیی زەمینی و ئاسمانی، بە نیازی خۆشکردنی زەمینەی داگیرکردنی چ بەوەی گەلانی ناوچەکە لەوانە کورد بەره و شۆڕش و هەڵگەڕانەوە بەرن دژی دەسەڵاتی تورکی، وەکو شەریف حسێن کردبووی، یان هیچ نەبێ بێ دەنگ و بێ لایەنینان بکەن، ئەمانە نیشانە بوون بۆ خۆئامادەکردنی کشانی هێزەکانی ئینگلیز بەرەوژور، بەره و موسل، واتە بۆ ناوچەیەک کە لەستراتیجی دوای جەنگی ئەوان دا گرنگی تایبەتی هەبووە).
هەر لەسەرەتادا بۆ خوێنەر ڕوون دەبێتەوە کە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆژنامانە جێگەی گومان و پرسیارە، کە چۆن دەسەڵاتی ئینگلیز بەشێوازیکی ناڕاستەوخۆ هانی کوردان دەدات کە دژی دەسەلاتی تورک بن، هانی شۆڕش و خەباتی چەکداری دەدەن، لێرەدا نوسەر ئاماژە دەدات بەوەی کە ڕۆژنامەکە ناوی هیچ کام لە نوسەر و بەڕێوەبەر و کارکەری ڕۆژنامەکەی تێدا نەنوسراوە هیچ کەس و لایەنێ خۆی نەکردوە بە خاوەنی، سیاسەتی ڕۆژنامەکە بە شێوازێک بووە کە بۆ ئەوەی بەرگێکی کوردی بکات بە بەر هەندێ لە سەر وتارەکانیدا دەیان پەندی پێشینان و قسەی نەستەق و هەندێ جار شیعری کوردی تێهەڵکێشی بابەتەکانی کردوە.
ئەم بەرهەمە پڕ زانیاریه، ئەوەی بە پێزتری کردوە تێچینەکانی نووسەرە، کە خوێنەر چێژی تایبەتی لێ دەبینێت، نوسەر لە شوێنی وا دا تەنها سێ دێڕی نووسیوە کە پوختەی هەموو باسەکەیە، بابەتێکی زۆر لەم بەرهەمەدا هەیە کە لە بڵاوکراوەکانی ئه و سەردەمە باسکراوە، بەڵام ئەوەی گرنگ بێت و جێگەی هەڵوێستەکردن بێت من خوێندنەوەیەکی بۆدەکەم ئەگەر نا بابەتەکان زۆرن و خوێنەر پێویستە بە وردی سەرنجیان بدات.
لە ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستی دا گەڕانەوە بۆ مێژووی کورد بەتایبەت سەڵاحەدینی ئەیوبی باسی کوردایەتی ئەم پیاوە دەکات بە گاڵتەپێکردنەوە دەڵێت : (تورک ئەیانەوێ نەک کوردی زیندوو بەڵکو کوردی مردوش بکەن بە تورک)، ئەمە ڕوون دەبێتەوە کە چۆن ڕۆژنامەکە لەسەر مێژوو کاردەکات و بۆ دژایەتی تورک بەکاری دەهێنێت، جگە لەلایەنی مێژوویی گرنگی بە ئەدەبیاتی کورد و ڕێنووسی زمانی کوردی دەدرێت، تێچینێکی نوسەر کە ئەم لایەنە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت : (تێگەیشتنی ڕاستی بەگشتی نوسینەکانی، سەرەڕای جیاوازی ناوەڕۆکی بابەتەکانی، هەمووی بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهێناوە، لە کۆتایی زۆربەی سەر وتارەکانی دا ناوی کوردی هێناوە، بەڵام ئامۆژگاری کردوە چی بکات، تەنانەت کە باسی نالی و کوردی و سالم و حاجی قادری کردوە، بڕێ لە شیعرەکانی هەڵبژاردون و هەوڵی داوە لێکدانەوەی سیاسی بۆ هەندێکیان بکا و بیان بەستێتەوە بە ناکۆکیەکانی نێوان کورد و تورک و هەل و مەرجی سیاسی ئه و ڕۆژگارەوە لە گێڕانەوەی مێژووی کوردیشدا پێڕەوهی هەمان ڕێبازی کردوە.
هەروەها ڕۆژنامەکە کاری لە ڕێنوسی زمانی کوردی کردوە هەوڵیداوە گونجاندن بکات لە زمانەکەدا به و میتۆدەی کە خۆی دەیەوێت، ڕۆژنامەکە چونکە بە کوردی بڵاودەبۆیەوە، هەوڵی داوە زۆرترین ئاسانکاری بۆ خوێنەر بکات، گرنگی بۆ مێژوو و ئەدەبیات و زمانی کوردی زیاد بکات.
بەشێکی تری ڕۆژنامەکە تەرخانکراوە بۆ ڕووداوەکانی کاتی جەنگ، بڵاوەپێکردنی سوپای تورک، کاتێک هێزی بەریتانی بەره و موسڵ دەکشێن ڕۆژنامەکە باسی بارودۆخی جەنگە که و سەرکەوتنی هێزی بەریتانی بەسەر تورکدا باس دەکات، هەروەک نوسەر ئاماژەی پێدەکات بەهیچ شێوەیەک ڕۆژنامەکە باسی لایەنی مرۆیی ئەوکاتەی نەکردوە کە چۆن بەهۆی جەنگەوە دووچاری قات و قڕی و برسیەتی و پەتای کوشندە بوونە، دواتر باسی داگیرکردنی کفری و کەرکووک دەکات، کەرکووک بۆ بەریتانیا زۆر گرنگ بووە چونکە هیچ وڵات و کۆمپانیایەک هێندەی بەریتانیا گرنگی گەورە و بایەخی ئابوری نەوت و سامانی ژێرزەمینی کەرکووکیان نەزانیبوو، نامەکانی باڵوێزەکان شاهیدی ئه و گرنگیەی کەرکووکن کە بەردەوام بەریتانیای مەزنیان لێ ئاگادار دەکردەوە، لە تێچینی نوسەردا بۆ داگیرکردنی موسڵ بەم شێوەیە باس دەکات : (دەسەڵاتی ئینگلیز پاش ئەوەی چۆتە ناو شاری موسڵەوە دەستی گرتووە بەسەر چاپخانەکانی موسڵدا....، بە داگیرکردنی شاری موسڵ ناوەندی ویلایەتی موسڵی عوسمانی ئیتر ئینگلیز ئامانجی لەشکرکێشیەکانی مێزۆپۆتامیای جێ بەجێکرد، ئه و شوێنانەی کە ویستبوی داگیریان بکا داگیری کردن، پێش ئەوەی دەستی بگاتە موسڵ، کوردی هان ئەدا بۆ هەرایەکی گەورە. پاش داگیرکردنی موسڵ، داوای لێ ئەکردن هێمن بن و هاوکاری بەریتانیای عوزەما بکەن).
هەواڵی مەیدانەکانی جەنگ :
لە باسێکی دیکەی ئەم کتێبەدا تەرخانکراوە بۆ گێڕانەوەی (هەواڵەکانی جەنگ)، نوسەر لێرەدا بە پوختی باسی لەسەر جەنگی جیهانی یەکەم دەکات کە جەنگێکی تەواو وێرانکاریە و وڵاتان بەوپەڕی هێز و توانایانەوە بەژداریان کردوە، ئینگلیز لە یەکەم جەنگی جیهانی دا گرنگیەکی زۆری داوە بە هێرشی پڕوپاگەندە، دوای هەڵگیرسانی شەڕ بە چەند مانگێ، 25 کەس لە بەتواناترین نوسەرانی ئینگلیزیان بانگ کردوە بۆ ڕاوێژ و پرس و ڕاو دانانی پلانی پڕوپاگەندەی جەنگ، بەتایبەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی پرۆپاگاندەی ئەڵمانی، نوسینگەی پڕوپاگەندە لە ڕێگەی نوسین و چاپ و پەخشی کتێب نامیلکە، فۆتۆگراف، وێنەی جۆراو جۆری کاریکاتێری، ڕۆژنامە هەروەها ڕادیۆ و فیلمی سینەمایی، هێرشی پڕوپاگاندەی دەستپێکردوە، نوسەر دەڵێت ڕۆژنامەکە لە گێرانەوەی هەواڵەکانی جەنگدا بێ لایەن نەبووە تەنیا هەواڵەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکو هەوڵی داوە بۆچونەکانی خۆیشی دەرخواردی خوێنەر بدا، هەمیشە باسی سەرکەوتنەکانی ئینگلیز و حولەفا(سوێندخۆرەکان) و شکانی دوژمنەکانی کردوە، مەبەستی بووە باوەڕ بە وەرگری هەواڵەکە بهێنێت کە ئەڵمان و تورک دۆڕاون و ئینگلیز براوەیە.
کورداندنی زمانی گێڕانەوە:
ئەوەی سەرنجڕاکێشە ڕۆژنامەکە هەوڵی کورداندنی زمانی گێرانەوەی هەواڵەکانی داوە وە چەندین دەستەواژەی کوردی بەکارهێناوە : لەشکرگێر:، فەرماندە جەنەراڵ، میراو : ئەدمیراڵ، کۆلارە، کۆلارەوان، فڕۆکە، فڕۆکەوان...... هتد.
ڕۆژنامەکە ناوی چەندین شوێنی لە کوردستان هێناوە کە ئه و ناوانە بە ئێستاشەوە ڕوون نیە کە مەبەست لە چ شوێنێکە بۆ نموونە : (پولکابل)...، دواتر ڕۆژنامەکە لە بارەی ڕوسیای سۆڤیەتی هەواڵی جۆراو جۆری نووسیوە دواتر هەواڵەکانی مەیدانی فەلەستین کە لەشکرکێشیەکانی ئینگلیز لە میسرەوە بۆسەر فەلەستین و وڵاتانی عەرەبی بڵاوکردۆتەوە ئەویش لەبەرژەوەندی و پڕوپاگاندەی ئینگلیز لەوبارەیەوە، بەشێکی دیکەی هەواڵەکان تەرخانکراوە بۆ هەواڵی ناوخۆیی عێراق، کە ڕۆژنامەکە ژمارەیەکی کەمی بلاوکردۆتەوە لەم لایەنەوە، باسی دواتر کۆنفرەنسی ئاشتی پاریس دێتە بەر باس لە : (ژمارە 65 ی ڕۆژی 27ی کانونی سانی 1919 کە ڕەنگە دواژمارەی تێگەیشتنی ڕاستی بێ سەروتار و چەند بابەت و هەواڵی دەربارەی کۆنفرەنسی ئاشتی مەجلیسی سوڵح... دواتر ڕۆژنامەکە وەسفێکی زۆری بەریتانیاو چاکەی بەسەر وڵاتانەوە بەتایبەت تورکیا دەکات.
ئەم ڕۆژنامەیە تا ژمارە 65 لە ڕۆژی 27ی کانوونی دووەم 1919 دەرچوە، ئیتر کاری ڕۆژنامەکە تەواو بووە بۆیە بە یەکجاری ڕاگیراوە، لە کاتێکدا ڕۆژنامەکانی کە لە عێراق بەزمانی عەرەبی دەریان کردوە. لەسەر دەرچوون بەردەوام بوون. خوێنەر زۆر بەباشی هەست بەوەدەکات کە ڕۆژنامەکە لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی زۆرترین زانیارو هەواڵ کۆبکاتەوە چەندین کەسی شارەزا بەکاربهێنێت بۆ مەرامەکانی تێگەیشتنی ڕاستی ئەگەر هەرجۆرێک بێت گرنگیەکی ئێجگار گەورەی بۆ مێژوو و زمان و ئەدەبی کورد هەبووە، حەرەکەیەکی ڕۆشنبیری بووە و دەستێکی باڵای لە تەکنیکی داڕشتن و نوسین و بڵاوکردنەوەدا گێراوە.
کورد لە ڕۆژنامەوانیی عەرەبیی عێراقی دا گۆڤاری لغة العرب بە نموونە:
بۆ ئەوەی بابەتەکەم زۆر درێژە نەکێشێت، ئەم بەشەی کتێبەکە زۆر بەکورتی ئاماژە پیدەدەم وەک بەرچاو ڕوونی بۆ خوێنەر، دیارە بەشێکی دیکەی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ لغة العرب، نوسەر لەسەرەتای ئەم بەشەدا بەکورتی لە ژیانی ئەنستاس ماری ئەلکەرمەلی کە خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەکە بووە دەدوێت، دیارە ئەم بڵاوکراوەیەکە بەشێکی کەمی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، بەڵام زانیاری زۆر گرنگ و بەسوودی تێدا بەدی دەکرێت، نوسەریش زۆر بە ئاگایانەوە تێچینەکانی خۆی دادەنێت.
لە ژمارەی تشرینی یەکەمی ساڵی 1913 دا وتارێکی لەسەر سلێمانی بلاوکردۆتەوە، کە باسکردنی سلێمانیە لە ڕووی کارگێڕیەوە بە داتاو زانیاریەوە، بە ناوهێنانی قەزاکان دواتر ژمارەی گوندەکانی، وە ئەم باسەش نرخێکی مێژوویی هەیە، لەهەندێ ژمارەی گۆڤارەکەدا هەواڵێ یان کورتەیەکی لەسەر هەندێ لە شار و شارەدێ یەکانی کوردستان نوسیوە، دەربارەی مەندەلی و پردێ زانیاری بڵاوکردتەوە، وەک لە لاپەڕە 185ی کتێەبەکەدا : (پردێ بە ناوی ئه و پردەوە ناونراوە کە لەسەر ڕووباری زێ ی بچووک دروستکراوە، ئاڵتۆن کۆپری واتە پردی زێڕ هەندێک ئەڵێن سوڵتانی عوسمانی موردای چوارەم لەکاتی لەشکرکێشیەکانی دا بۆسەر بەغداد دروستی کردوه و هەندێک ئەڵێن له و کۆنترە). باسی دواتر تەرخانکراوە بۆ دین و باوەڕە ئاینیەکانی کورد وەک ئاینی کاکەیی.
وشەی کوردی لە زمانی عەرەبیدا:
ڕۆژنامەکە لە ژمارەی ئازاری 1914 دا وتارێکی لەسەر وشەگەلی کوردی لە عەرەبی موسڵی دا بڵاوکردۆتەوە، کۆمەڵێک وشە هەیە کە لەرۆژنامەکەدا ئاماژەی پێکراوە، تێچینی نووسەر دەربارەی ئەمە تێبینی خۆی هەیە، هەروەها لەم گۆڤارەدا کتێبی کوردی بە خوێنەر ئاشناکراوە.
ئافرەتی کورد:
ئەوەی سەرنجی من ی لەم کتێبەدا ڕاکێشا لە لاپەڕە(202) دا باس دەکرێت، بڵاوکردنەوەی وتارێکە لەسەر ئافرەتی کورد و دەڵێت : (ژینگەی ئافرەتی کورد جیاوازە لە ژینگەی هەموو ئەوانی تر، بەتایبەتی لە ژینگەی ئافرەتی عەرەب. ئافرەتی کورد حیجاب ناپۆشێ، لە ئیش و کار و ڕەفتارەکانی دا سەربەستە، هاوشێوەی پیاو، بە ویژدانێکی ئاسودەوە، داکۆکی لە مافەکانی خۆی ئەکا، ماڵ بەڕێوە ئەبا، ئەگەر مێردەکەی لەوێ بێ یا لەوێ نەبێ زیندوو بێ یا مردوو بە دڵێکی پاک و بە ئەقڵێکی ساغەوە پێشوازی خزم و میوان دەکات........) ئەمە وەسفە بۆ ئافرەتی کورد، خوێنەر دەتوانێت بە گەڕانەوە بۆ کتێبەکە گشت وتارەکە بخوێنیتەوە، ئەوەی باسکراوە واقیعی ئەوکاتی ئافرەتی کورد بووە، وە دواتر باسی خێزانی کوردی پیاوی کورد دەکات بەشێوازێکی شارەزایانە و تەنانەت ورد دەبێتەوە بۆ پۆشاک و جل و بەرگی ئافرەتی کورد، وە کۆمەڵێک وەهمی کۆمەڵگای کوردی باس دەکات وەک نوشتە و باوەڕ بۆ کۆمەڵێک خورافیات.... وە باسێکیش لەسەر هەنگوینی کوردستان لە بازاڕی بەغداد باس دەکات هەر لە جۆرەکانی هەنگوین و نرخەکەی ڕووندەکاتەوە وە ئه و گرفتانەی ڕووبەروی کاری هەنگەوانی بوونەتەوە.....
بیۆگرافی شوکری فەزڵی:
بەشێکی دیکە لە لغة العرب تەرخان کراوە بۆ ژیاننامەی شوکری فەزڵی وەک لە ژمارەی لاپەڕە (247) بەمجۆرە باس دەکات : (1ی مانگی حوزەیرانی ساڵی 1926 شوکری فەزڵی بە نەخۆشی سیل لە شاری بەغداد مردوە. شوکری فەزڵی له و سەردەمەدا یەکێ لە ڕۆشنبیرە ناسراوەکانی ناو کۆڕ و کۆمەڵە ئەدەبی و فەرهەنگیەکانی بەغداد بووە، ڕۆژنامە عەرەبیەکانی بەغداد هەواڵی مردنیان بڵاوکردۆتەوە، ڕۆژنامەی ژیان کە لە سلێمانی دەرچووە ئەویش لە ژمارە 21ی ڕۆژی 17ی حوزەیرانی 1926 دا هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە.....
بیرەوەریەکانی عەبدولعەزیز قەساب (1882 – 1965):
یەکێک بووە لە سیاسیە ناسراوەکانی عێراق لە بەغداد لە دایکبووە، لە دواساڵی یەکەم جەنگی جیهانی دا بۆتە قایمقامی زێبار، یادداشتەکانی دەربارەی ئه و ماوەیەی لە زێبار قایمقام بووە، سەرچاوەیەکی گرنگە کە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی عوسمانیدا، گرنگترین بەشی کتێبەکە ئەم بیرەوەریانەی عەبدولعەزیزە خوێنەر دەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکانی ئه و دەمە بکات کە ژیانی خەڵکی بە چ ئاڕاستەیەکدا هەنگاوی ناوە.
ڕۆژنامەی الاهرام :
کۆتا بەش کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕاگەیاندن ڕۆڵی لە گێرانەوەی ڕاستیدا، نموونە بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، کە سەدان پەیامنێر و ڕاگەیاندن ئامادەی گواستنەوەی زانیارییەکان بوون ئەوەی نوسەر لێرەدا باسی دەکات دەرخستنی گومڕایی ئه و ڕاگەیاندنانە دەکات کە لە گواستنەوەی هەواڵەکان کەمتەرخەم بوون لە ئاست ئه و پیشەییە نەبوون وە بێ لایەن نەبوون. ڕۆژنامەی الاهرام کە لە قاهیرە دەردەچێت ئەگەر کۆنترین ڕۆژنامەی عەرەبییی بەردەوام نەبێت، ئەوا یەکێکە لەهەرە کۆنەکان. بە پێویستی دەزانم کۆتای بەشی کتێبەکە بەجێ بهێڵین بۆ خوێنەر، چونکە نووسینەکەمان لە ئاستی خوێندنەوە دەردەچێت و درێژە دەکێشێت هەم قابیلی خوێنەر خۆیەتی کە بەوردی و سەرنجەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکات.
ئەنجام :
ئەم بەرهەمە ڕاستە لە غیابی نوسەردا بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆکاری ئەوەی کە خوێنەر هەست بە ئەمانەت نەکات یان خوێنەر لێی پاشگەزبێتەوە، بەڵام ڕاستیەک هەست پێدەکەم هەر ئه و ڕاستیەش هاندان بوو بۆ ئەوەی پوختەیەک لەسەر ئەم بەرهەمە بنووسین، ئەویش سەرنجمدا کورد و کوردستان لە تێگەیشتنی ڕاستی و لغة العرب دا دەنگدانەوەیەکی وەهای نەبوو، ڕاستە لەماوەی بڵاوبونەوەی بەرهەمەکە بە ماوەیەکی کەم چاپی یەکەمی لە کتێبخانەکاندا کەم بۆیەوە بەهۆی ئارەزوی خوێنەر، بەڵام ئەوەی بینیم زۆر کەم لە خوێنەران سەرنج یان گرنگی ئەم کتێبە باس بکەن، من ئەوە دەگەڕێنمەوە بۆ ئاستی هۆشیاری خوێنەر و بەرپرسیاریەتی، نەبوونی مەعریفەی ڕۆژنامەوانیی و گرنگی نەدان پێی، سەرنجی ئەوەم دا کە زۆرێک هەر نەیدەزانی تێگەیشتنی ڕاستی چیە ! یان لغة العرب، ئەوەش لە ئەستۆی دەستەی ئامادەکردن و لە چاپدانی ئەم بەرهەمەیە، کە پێویست بوو ناساندن و شیکاریەکی ورد بۆ کتێبەکە بکەن بە خوێنەری کوردی بناسێنن نەک ئەوە بەڵکو هەست بە چەند هەڵەیەک دەکەین بەتایبەت لە بەرگی کتێبەکەدا زۆر بەزەقی دەیبینین، هەروەها هەست بە خراپ بوونی کوالێتی کتێبەکە لە چاو بەرهەمەکانی پێشووتردا، بەهەرحاڵ ئەمانەی باسکرا هیچ لە ئاستی بەرهەمەکە ناگۆڕێت بەڵام هەموو شتێک قابیلی سەرنج و ڕەخنەیە، داواکارم لە خوێنەران ئەم بەرهەمەی کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا ئەمین بخوێننەوە، ئەوسا هەست بە کۆمەڵێک زانیاری شاراوە دەکەین کە لە قۆناغێک دا ئامادەیی هەبووە، من زۆر سودمەند بووم لە زانیاریەکانی نێو ئەم کتێبە، نوسەریش خاوەنی کەسایەتی و ڕۆشنبیرییەکی بەرزە، بە ئەمانەتەوە زانیاریەکانی گواستۆتەوە، شارەزایانە تێچینی لەسەر باسەکان کردوە، نوسەر هەر زوو ڕای خۆی دەخاتە ڕوو لەسەر ڕۆژنامەی تێگەیشتنی ڕاستی کە بە پیلانی بەریتانیای گەورەی دەزانێت، گرنگی بەرهەمەکە پەیوەستە بە تێچینەکانی نوسەر ئەوە زۆر باش هەست پێدەکرێت. لە کۆتاییدا ئەوە دەڵێم ئەم جۆرە بەرهەمانە لە کتێبخانەی کوردیدا دەگمەنن کەم کەس دەتوانن ڕووبەڕوی وەها بابەتێک ببنەوە، کە نەوشیروان مستەفا ئەمین لێزانانە هەڵسەنگاندن و بێ لایەنی خۆی لە نوسینەکانی دا دەردەبڕێت، وێڕای دەستخۆشی و بەردەوامی بۆ دەستەی ئامادەکاران و هاوکارانی ئەم بەرهەمە ئەوانیش بە ئەمانەتەوە ئه و ئەرەکەیان بە ئەنجام گەیاندووە.
کرمانج زرار ئەبوبەکر[1]