فرەواتایی وشەی ڕەش لە زمانی کوردیدا
لە زمانی کوردیدا، فرەواتایی لە بەشە ئاخاوتنی ئاوەڵناودا بەرچاو دەکەوێت، بەتایبەتی ئاوەڵناوی تایبەت بە ڕەنگ، ڕوبەرێکی فراوان لە فرەواتا پێکدەهێنێت، بۆنمونە: ئاوەڵناوی (ڕەش) لە زمانی کوردیدا، لەژێر کاریگەری دەق به و واتایانە دێت:
دەرگاکە ڕەشە (ڕەنگی ڕەش نەک سپی).
لەم ڕستەیەی سەرەوەدا، وشەی (ڕەش)، بە واتای فەرهەنگی خۆی بەکارهاتووە، کە ئاوەڵناوێکە، وەسفی ڕەنگ دەکات، بەڵام ئەم وشەیە لە ئاخاوتنی ڕۆژانەدا، چۆتە ناو بەکارهێنانی زمانەوە و بەچەند واتایەک بەکاردێت، دەرروبەری بەکارهێنان ڕونی دەکاتەوە، کە ئاخێوەر ئەم وشەیەی بە چ مەبەستێک بەکارهێناوە، کە ئەمانەش دەچنە ناو بەکارهێنانی ئیدیۆمی میتافۆری زمانەوه، وەک:
دەست ڕەش: (پیاوێکی دەست ڕەشە)، ئیدیۆمی (دەست ڕەش)، واتای پیاوێکی بێخێرە، کاری چاکە و خێری لەدەست نایەت، کەسێکی بکوژە، دەست بۆ هەر شتێک دەبات، تێکی دەدات، کەسێکی باش نییە.
وشەی (ڕەش)، لەم دەربڕینەی سەرەوەدا، بە واتای ڕاستەقینەی خۆی نەهاتووە، کە ڕەنگە.
هەروەها، وشەی (ڕەش)، لە چەندین دەربڕینی تردا، وەک میتافۆر، بە واتای نەرێنی بەکاردێت، نمونە:
هەناو ڕەش: کەسێک لە ڕوکار، وەک مرۆڤێکی باش و ڕوخۆش دەردەکەوێت، بەڵام لە دڵەوە نیەتی پاک نییە.
لە بازاڕی ڕەش کاردەکات: (نایاسایی).
ڕەش بگیر: هەموو کەس بۆ شەڕ ناردن، جۆرێکی دیکەش بە واتای ئەوەی کە گەورە و منداڵ و ژن و پیاو هەمووی دەگیرێت، بەبێ جیاوازی.
ڕەش بین: بێ ئومێد، بێ هیوا.
ڕەشە خێزان: ماڵ و منداڵ و خێزانی زۆر (ژمارەی سەرخێزان).
بەختی ڕەشە: دیاردەیەکی مەعنەوییە، بۆ کەسێک بەکاردێت، کە هیچ کارێکی بۆ نایەت و بێ چارەیە.
هەروەها، ئاوەڵناوی (ڕەش)، بە داڕێژراوی و بە لێکدراوی بەشداری لە دروستبوونی چەند وشەی دیکە، دەکات، وەک:
ڕەشکە: سیاوڵە، دەنکێکی ڕەشی بۆن خۆشە، بە نانییەوە دەکەن. لە ڕوی وشەسازییەوە، بەمجۆرە پێکهاتووە: (ڕەش + (کە)، لە وشەیەکی سادەی واتادار، کە ئاوەڵناوە، پاشگریک پێکهاتووە.
ڕەشکێنە: بیلبیلە.
لە ڕوی وشەسازییەوە، پێکهاتەی وشەی (ڕەشکێنە)، بەمجۆرەیە: (ڕەش + (ک) + (ێنە).
(ڕەش)، ئاوەڵناوێکی سادەی واتادارە، (ک، ێنە)، پاشگرن.
ڕەشەبا: بای توند.
ڕەشۆکی: زۆرینەی خەڵک، شتی کەم نرخ.
ڕەشەمە، ڕەشەمێ: سێیەمین مانگی زستانە.
هەروەها لە وشەکانی (ڕەشە وڵاغ، ڕەشتاڵە، ڕەشە گرانەتا، ڕەشەداڵ، ڕەشماڵ، ڕەشۆڵە).
ناوی (رەشید)، ناوێکی عەرەبییە، بەواتای (ئازا) دێت، لە زمانی کورێدا، ئەگەر بە پرۆسەی بچووککردنەوەی ناودا تێپەڕ بێت، دەبێتە (ڕەشە)، کە ئەمە پەیوەندی بە وشەی (رەش) ی کوردییەوە نییه. [1]