شەهید بەتەنیا پیاسە دەکات!
#قوبادی جەلیزادە#
زێوان،
تا ئەودیو دەروازەی گۆڕستان،
شەهید ڕاودەنێ.
ئەو دەلێ :
شەهید، کێلەکان، بەخوێن پیس دەکات.
مردوەکان دەتۆقێنێ
ئەو دەلێ:
برینی شەهید
دەریاچەی گوفەکەو نیشتمانی مێش.
شەهید،
بەپێی پەتی؛
بەسەروو ڕیشی چڵکن و
بەلەشی ئەنجن ئەنجن و
بەکفنی کونکونەوە
بەسەر شۆستەکانا ڕەت دەبێ و
لەتر دەدا.
شەهید
لەراستە شەقامێکی شاردا
پیاسە دەکات
تەنیا
تەنیا
تەنیا
تەنیا خۆی و خەفەت
تەنیا خۆی و خەسارەت
تەنیا خۆی و خوێن
شەهید،
پیر بووە.
پیر
پیر.
پیرێک، پیر تر لە پیری
پیرێک بێ گۆجان
بێ خەون
بێ خەڵوەتگە
ش
ە
ه
ی
د
پیاسە دەکات
منداڵێک، چەپکە گوڵێکی ناداتێ
رێژنەیەک، برینەکانی تەڕ ناکات
ژنێک مەمکی بۆ ڕووت ناکاتەوە.
شە
هی
د
لەسەر تەختەی قوتابخانەدا، فەرامۆش
لەمانشێتی ڕۆژنامەدا، فەرامۆش
لە خوتبەی جومعەدا، فەرامۆش
شەهید،
باوەش دەکات، بەدارتەلێکی ئاگرین و
دەڕوانتە بازاڕی ژنان؛
پۆلێک مەمک لە شەققەی باڵ دەدەن
“ تەنیا،
بۆ کەوانەی پەلاپیتکە،
خودا، ئەو پەنجە باریکانەی بە من بەخشی بوو!
تەنیا بۆ گوشینی دڵی نارنجۆک
خودا، ئەو ناولەپە زبرانەی بەمن بەخشی بوو.
تەنیا،
بوو سوور کردنی سەنگەرو قەبر،
خودا، ئەو چۆڕاوگە خوێنەی، بە من بەخشی بوو!”
شەهید
سواری پاس دەبێت
دەستە چرچەکانی لەستوونێکی تەزیو گیر دەکات
بەپیوە دەوەستێت.
لەڕ، وەک تەنیایی
کز، وەک چاوی تاریکی
لەرزۆک، وەکوو ئەژنۆی بوومەلەرزە
شەهید
بەسەر کۆشی ژنێکدا،
لار دەبێتەوە
شوفێر، قاقا
سەکن، قاقا
کورسییەکان، قاقا
شەهید سوور هەڵدەگەڕێ
شەهید عەرەق دەکاتەوە
شەهید، تەریق دەبێتەوە
شەهید
لەگەرەکی شەهیدانا
دادەبەزێ
تەپ
تەپ
تەپ
تا فرمێسکی شل دەبن
تا هاواری شل دەبن
تا برینی شل دەبن
لەدەرگا دەدا
تەپ
تەپ
تەپ
ماڵ چۆڵ
چۆڵ
چۆڵ
چۆڵ وەک ئاگردانێکی بێ پشکۆ
چۆڵ، وەک گۆزەیەکی بێ شەراب
چۆڵ، وەک مزگەوتێکی بێ خودا
شەهید.
لە ترسی هایهوی منداڵی گەڕەک
لەترسی بەرد باران
لەترسی حەیا چوون
خۆی داوێتە کەلاوەیێ
پۆستەرە ڕەنگینەکانی گڕ دەدات
بەهەردوو دەست دەکێشی بەتەوقی سەریا
بەسەر دەفتەری سەروەریدا
بەکوڵ دەگری.
ش
ە
ه
ی
د
تا شەهید دەبێ
بە کفنی سوورەوە پیاسە دەکات
کفنێک؛
شڵپەی دێ لە تەنیایی
شڵپەی دێ لە پەشیمانی
شڵپەی دێ لە نائومێدی.[1]