بۆ ئازیزەکەم
کە ڕێیان داوی بۆ یەک جار
توخوا ئازیز
دیدەنیم کە
چەند ڕۆژێکم وەرزی بەهار
ماوە (بێ وادە) هات پاییز
خەزەڵوەرە
توخوا وەرە...
دیدەنیم کە:
با وا تێ نەگەن کە دەردی
سورە گوڵی
گەشی دوێنێی-
سەردوا چڵی
ئەمڕۆ لەبەر زریان زەردی -
بەرەو مەرگ چوونە ئەمکا زیز... تۆ خەنیم کە
ئازیز گیان... ئەگەر تۆ ڕازیت
خوێنم ئەڕێژمە دێراوی
بە ڕێحانە و گوڵ چێنراوی
دەورو بەری ڕێ ی پێشوازيت
ئازیز گیان... کە ئارەزووت
بۆ کام گوڵەی زۆر جوانە، بزووت
کە مەیلی دڵ
شوێنێکی کردە باخی گوڵ
ئێسقانم ئەکەم بە - کود – و
بە دێراوی گوڵشەنیم کە
توخوا ئازیز وا هاوڕێیان
بۆ سەرەی مەرگ هاتن بە ڕیز
هەر منیان لێ بەجێ ماوم
هەتا ماوم،
بفەرموو، جێتە سەرچاوم
لە ڕێ ی هاتنت وەستاوم
دیدەنیم کە
گەر ئەفەرمووی... خوێنم هەمووی
گوڵزاری ڕێتە، موو بە مووی
ئەبمە قوربانی لە پێشت
بۆ تێ هەڵسوونی بەرپێشت
خاوەن گلێنەی دیدەنیم، کە:
تا ئەمرم لە ژوور سەرم بی
بۆ دڵداری ڕابەرم بی، ڕێ نوێنیم کە...
توخوا ئازیز، خۆ ئەزانی چۆنە شوێنم
ئەزانی بێ بەرگ و نوێنم...
بێچارەم و، بە شەرمەوە، تۆ ئەدوێنم
بێ ی بۆ بژاری پووش و خاری
نێو گوڵزاری زامی خوێناوی دژوێنم
بە هاتنت، با ڕۆشن بێ دەورو بەرم
ئاخاوتنت هۆنراوە بێ، بێتە بەرم
سەرپۆشەکەت، پێش کفن بکرێتە بەرم
وەرە چارێ: شەونخوونی و، ڕۆژ خەواڵووی
بێ نوێنیم کە
ئازیز گیان تۆ بێ گوڵی ڕووت
بە پێ ی پەتی...
قوڵفەی پەتی
سێدارە ئەخرێتە بینم
ئەمرم و، نەبا نەتبینم
نەت بینم هەر بڵێم: خواحافیز
توخوا ئازیز
وا دڵ ناسک نەبووم هەرگیز
دیدەنیم کە...!!
زیندانی موسڵ
بەشی سێدارە
#31-07-1979#