کوردستان
ژینم وەک خەوێ هاتە پێش چاوی
کوردستان تێر تێر نەژیام لە ناوی
پێ ی دا بگەڕێم بێ کۆسپ و سنور
بە ڕاست و چەپ دا بەرەو خوار و ژوور
ئێستا بە خەیاڵ دێمە سەیرانی
ئاخۆ چ ڕۆژێک دێمە سەیوانی
کامە ترۆپکەی سپی و بەرز بوو
کامە بەندەنی سەخت و سەوز بوو
کام مێرغوزارەی تەڕ و پاراو بوو
کام ڕۆژ ئاسمانی شین و هەساو بوو
گەر تا هەتایەش لە پێش چاو نەبن
تاسەی سەرنجیان هەر نایەن لە بن
دەمی کۆتایی وەرزی هاوینێ
کە(گوڵە جوتێرە) سەری دەردێنێ
دیسان ژینەوەی گیای وەرزی پایز
مژدە دەخاتە دڵی پەست و زیز
تیشکی هەتاوی پاش پەڵە باران
وە ڕەنگ دەهێنێ پەل و پۆی داران
تا دەمی پایز (کیڤار و ئەستێر)
لە کوێستان سەوزن (سا یادیان بەخێر)
زستان ڕەهێڵە و باران و بەفر
دەسڕێ تۆزی ڕێ ی ڕەشماڵ و کەپر
خۆزگە ئەخوازن گەنج بە ڕابردوو
بە چپەی دوانی ژوانی دوو بە دوو
گەنج پەکو پەکوی ڕابوردوویانە
کە نای بینینەوە ئاخ و ئۆفیانە
دێتەوە یادیان پۆلی نازداران
لە پێش تاوڵی بوون، دەمی ئێواران
چاو بە ئیشارەت، دەم بە پێکەنین
لە پەری جوانتر، هەرچەندەکەنین
ئاخ پایز وادێ وەرزی مردنە
وەرزی جودایی و پەنا بردنە
مەرگی سەوزە گیا، هی گوڵ و گوڵزار
کاتی زەرد بوونی گەڵا و گۆڵی دار
بە درێژی وەرزی زستان سەرانسەر
سەد نائومێدی سەختت دێتە بەر
هەتاکو بەهار دەگەڕێتەوە
لاپەڕەیەکی یاد ئەکرێتەوە
بەهار لەشکری هەور و لێشاوی
کە پڕ لە داخە، تێکڕای هەناوی
نیشانەی زستان پاک ئەشواتەوە
پیشی تووڕەیی چاک ئەخواتەوە
گوڵە حاجیلە، هێرۆ، نەستەرەن
مێلاقە، شلێر، شەقایق، سەوسەن
شەوبۆ، وەنەوشە، خاتوونە، نەسرین
لە ڕەنگی ئاڵ و، سەوز و زەرد و شین
هەڵزو گیابەند و کەنێرەو کەما
بە شنەی فێنک دەکەونە سەما
لەگەڵ گیای ناسک وەکو دڵداران
لەیەک دەئاڵێن هەموو بەهاران
کە پلوسکی گەورەی بەفراو ئەبینی
گەرەکتە دەمت بخەیتە بینی
لەسەر لوتکەی ڕاز دەڕژێنە خوارێ
دەیکەنە گرمە و، هاژە بە جارێ
لەعل و مرواری، لەوان دەپرژێ
ئەفسوونی جوانی لەوان هەڵدەڕژێ
دەبێتە بازنەی حەوت ڕەنگی بەر خۆر
دەڕازێتەوە سروشت هەمە جۆر
لە دەم ئاوەڕۆی ئەو نشێوانە
جوانی بێ ڕادە و چەند و پێوانە
بەر ڕۆژ و نسێ و هەوراز و نەوی
بەرزی ئاسمان و ڕووبەری زەوی
هەستی هۆنەر و هەستی هونەرمەند
ناتوانێ دەری ببڕێ چۆن و چەند
جا وەرە سەیری پۆلی ڕەشماڵان
هاتوونەتەوە جێگاکەی ساڵان
پیرۆز و خونچە و نەشمیل و ئەستێ
یەک مەڕ ئەدۆشێ یەک ڕائەوەستێ
زارا و نەسرین و بەهار و کاڵێ
یەک بەرە و کانی یەک بەرە و ماڵێ
کیژی چاو مەستی ئەو هەوارانەن
فریشتەی ئاشتی ئەو کۆسارانەن
شەیدای شمشاڵی سەر بەردە بێرن
هەقیانە چونکە بەو جۆرە فێرن
بەڵام هەزار ئاخ، هەزار هەزار ئاخ
ئەمساڵ کۆچەری نایەنە ئێڵاخ
نابنە میوانی ئەمساڵی بنار
بێ ڕووناکی یە بێ ئەوان بەهار
چۆڵە هەواری تەنگی (سلێمانی)
هی (دۆڵە کۆکێ و، بەردە هەسانی)
هەواری(گوێزڵێ و چواس و بێ دەلان
گەوەڕە، زەڵێ، تووژەڵە، قۆرغان)
هەموویان چۆڵن وێران کراون
بەزۆر بۆ دەشتی گەرمێن براون
ئاخ بۆ ووڵاتمان لێ دەشێوێنن ؟
دێهات و باخمان بۆ دەسووتێنن !
وەدەرمان دەنێن لە خاکی خۆمان
ئێمەش وەسیەتەو، جێماوە بۆمان
کە سەر شۆڕ نەکەین لە ئاست داگیرکەر
ڕۆژێک دێت شەبەق دەیانکەینە دەر
زیندانی موسڵ
بەشی سێدارە
23/6/1979