کوردستانەکەم
کوردستانەکەم، کوردستانەکەم
بوکی یەک شەوە و دەزگیرانەکەم
ڕووت وەکو کەزی و پرچی ئاڵۆزە
بە چنگی خەبات با بۆت شانەکەم
وێردی زمان و قیبلەگای منی
جوانتر لە نیگای کیژی شەرمنی
ئەوەی جێ ی داخە لێت بێ بەش ئەبم
نابینم بڵێن شکا دوژمنی
ناشبینم کە کورد وەکو میللەتان
ئاڵای سەربەستی هەڵکا لە جیهان
ناکۆکی نێوان چینان نەمێنێ
وەک یەکی لێ بێ لادێ و شارستان
دەنا دڵنیام دوژمنی بەشەر
ڕۆژێ دێ ماکی لە بن بێتە دەر
خۆش گوزەرانی و زانست و جوانی
بەرگی بوکێنی ی وڵات بێ تا سەر
ئەی کوردستانی بێ داڵدە و پەنا
نەمامی ژینی منیش هەڵکەنا
چاو بە فرمێسکی ژێر دەستەیی تۆم
هێندە دەربەستی خۆم نایەم دەنا
ئەی کوردستانی مەڵبەندی کاوە
جێ ی داخە نەمدی ئاڵای شەکاوە
بەڵام ڕۆژێک دێ هێزی نەوەی نوێ
کۆشکی زۆرداری پێ هەڵتەکاوە!
زیندانی موسڵ
بەشی سێدارە
#08-06-1979#