لەگەڵ خولانەوەی چەرخی زەمانە
بوو بە ئاگر لیم هەرچی هەمانە
ناوێرم نزیک هیچ کامیان کەوم
لێم حەرام بووە خۆراک و خەوم
ساڵان بە تەمای خۆشی ژیان بووم
بەهیوای خۆشی گەل هاوڕێ یان بووم
تەمام بوو کاتێ دەرچم لە زانکۆ
لە کوردستاندا بکەم هاتوچۆ
بچمە دیدەنی شار و دێهاتی
شادبم بە شادی گشت هاووڵاتی
تەمام بوو باوک و برا و خزمانم
ئەرکی هەموویان بخەمە سەر شانم
چاکەی ڕەنجدەران زۆریان دەمەوە
دەردی هەژاریان لە بیر بەرمەوە
بیان کەم بە خاوەن ماڵ و خۆشحاڵی
نەبینن چی تر ڕووت و ڕەجاڵی
ببمە خزمەتکار تا مردن بۆیان
ئەرکێ بەرمە سەر لەجیاتی بۆیان
وام دەهاتە بیر ساڵێ لە ساڵان
گوزەرانی ماڵ چاکەم وەک ماڵان
ئەوەی پەنا بێ بۆ منی دەربەدەر
تاکە ماڵەکەی برای بیروباوەڕ
پێم وایە دەمرم دوا دیدەنیمە
بەجێ دەمێنێ هەرچی کە نیمە
ڕۆژێک دێ ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی سوور
ڕووناکتر دەبێ و نزیک دەبێ دوور
مەلا عەلی
1978 کاتی پێشمەرگایەتی