بابەت: زمانەوانی
ئامادەکردنی: #هێرش سەعید#
1-Imagery وێنەیی:
نوسینی وێنەیی، وەسفی هەستەکان (بینین، بیستن، تامکردن، بۆنکردن، بەرکەوتن) دەکات.
ئەم ڕەگەزە، وێنەیەکی ڕوون لە زیهنی خوێنەردا دروست دەکات.
خۆری گەرمی هاوین، تیشکە سوتێنەرەکانی بەسەر شەپۆلی دەریاکەدا پەرش دەکردەوە.
کاتێک بەسەر وردە لمی کەنارەکەدا دەڕۆشتین، شەپۆلە ساردەکان پەیتا پەیتا خۆیان ئەکێشا بە پێمدا.
2-Simile چوونیەکی:
نوسینی چوونیەکی، بەراوردی دوو شتی جیاواز دەکات. بەهۆی ئامرازەکانی: (وەک، وەکو، وێنەی، شێوەی، چەشنی...)
ئەم ڕەگەزە، بە بەراوردکردنی شتێک کە هەڵگری سیفەتە ڕاستەقینەکەیە، مەبەستەکەی خۆی دەباتە ئاستێکی باڵاتر.
وەکو نەی، کون کونە جەرگم، لەتاو هیجرانی تۆ بۆیە
بە سۆزی نەی دەسوتێم و بە نەغمەی نەی دەناڵێنم.
دڵم تەنگە وەکو خونچەی دەمی تۆ.. سەرم گێژە، لە گێژی پەرچەمی تۆ.
3-Metaphor خوازە:
نوسینی خوازەیی، بەراوردی دوو شتی جیاواز دەکات، بەبێ بەکارهێنانی ئامرازەکانی چوواندن.
ئەم ڕەگەزە، وێنەی شتێک دەخاتە سەر شتێکی تر و وەک ئەوی لێدەکات.
کوردستان گەر تۆ نەبیت، تەیرێکم بێ ئاسمان.
بەژنەکەت سێدارەیە، کەزیەت تەنافە، زووبە دەی
بیخە ئەستۆی من کە کوردم، کورد بەشی خنکاندنە.
4-Alliteration پاتەکردنەوەی دەنگی سەرەتای وشە (جیناس):
نوسینی جیناسی، دووبارەکردنەوەی هەمان دەنگی سەرەتای وشەکانە بە دووای یەکدا.
ئەم ڕەگەزە، ئاواز و ڕیتمی شیعریی پێ ساز دەکرێت.
ڕووخم ڕەنگینی ڕەنگی ڕوومەتی ڕەنگینتە، بازا
قەدی سەرووم کەمانینی قەدی شیرینتە، بازا!
پەچەی پەرچەمی و پرچی سیا
هەر دەڵێی مانگەشەوە، کوڵمی تیا
5-Hyperbole زیادەڕۆیی:
نوسینی زیادەڕۆیی، بۆ نیشاندانی گرنگی و بایەخی شتێک؛ە یان بۆ گاڵتەپێکردنە.
هەزار جار تکام کرد، دڵت قەت نەگۆڕا
هەر ئاوڕت نەداوە و جێت هێشتم لە خۆڕا.
سەیریکە! بەقەد یەک کەرتەشاخی لێ هاتووە.
6-Personification کەساندن:
نووسینی کەساندن، هێنانە قسەی شتێکی بێ-زمانە، بە مەبەستی هەست پێ کردنی.
خەون نەبوون کیژۆڵە، خەون نەبوون
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی
کەروێشک خۆی ئەکرد بە پەیکەر!
هەتاو خۆی ئەکرد بە سێبەر!
ئەی بە گوێی خۆت گوێت لێ نەبوو
لەو ئێوارە بەسامەدا
سەگەکەمان کەوتە قسە و
بەڵام مەرد بوو
وتی چی ئەکەن با بیکەن
بەڵام من نابم بە بەعسی!
7-Oxymoron دژیەکی:
نوسینی دژیەکی، خستەپاڵی دوو واتای دژیەکە، بۆ دەستکەوتنی واتایەک کە هەڵگری هەردوو ڕەگەزەکە بێت.
بە هیچ بەراورد ناکرێ، ئەم تامە شیرینە-تاڵەی ئەوینداریی
[1]