پەروەردەی کوڕ و کچ لەخێزاندا
سۆزیار بەختیار
پەروەردە چەمکێکی ئێجگار فراوان قوڵە، لەم بوارەدا جێندەر هێند کاریگەری نیە لە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان، بەڵام بەداخەوە لەم بوارەشدا لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان پەروەردە کردن تەنیا کچەکانیان دەگرێتەوە، بێباکن لە پەروەردەی کوڕ ئەمەش بوەتە پەشێوی دەروونی و کێشە و گرفتی زیاتری خێزانەکان.
لە منداڵیەوە شتانێکیان فێر دەکرێ بە ناوی ئایین لە کاتێکدا ئەو پەروەردەیە هەڵقوڵاوی کلتور و بەها پێدانی کۆمەڵگایا بە مرۆڤ.
پرسیاری هەرە دیار و جەوهەری کە دەبێ بکرێت، ئەوەیە: هۆکار چییە تەنیا پەروەردەکردن لە کچاندا زەق دەکرێتەوە..؟!
ئایا ئەمە پەروەردەیە یان لە بۆتەدانی کچان؟
هەندێ جار ئەم تەوەرە لە وەڵامدا تەنیا لە وشەیەکدا خۆی دەبینێتەوە شەرەف، چەمکێکی بەربڵاو و بەکارە بە تەواوی بۆ گشت ئەو کۆمەڵگایانەی ڕێگە نادەن ئافرەت خۆی بێت بەڵکو پەروەردەیەک دەکرێ هەموو شتێک لە پیاوێکدا بەدی بکات یاخود ڕەگەزی بەرامبەر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دارایی و ئابووری نەوەک هەوڵی خۆشەویستیەکی ڕاستەقینە یان هاورێیەکی وەفادار بدات لە بەرامبەر ئەمەدا پیاوانیش بە هەمان فۆڕم خۆی دەبینێتەوە.
لە بنەڕەتدا پەروەردە دوو کاری گرنگی هەیە:
یەک: منداڵ وا بنیات بنرێ هزری بجوڵێت و بیر بکاتەوە
دوو: منداڵ لەسەر ئەوە ڕابێنێت پرسیار بکات لە هەر بابەتێکی ئەم بونە
گشت پرسیار و بیرکردنەوەیەک بەرهەم و بەرهەمهێنەری ئازادی یە، بەڵام لەم کۆمەڵگایەدا ئازادی مێینە کەمێک زەحمەتە، هەر لە سەرەتاوە خۆی دەبینێتەوە لە کۆمەڵێ ڕوانینی حەرام تا بە پیرۆزیەکانی کلتور و بەناو ئاین تێپەڕ دەبێت.
لە خێزانێکەوە سەیر بکە تا دەڕواتە هەر دامەزراوەیەکی دەوڵەتی، کۆمەڵایەتی، تا دەگاتە خێزان و تاک، ڕوانینیان بۆ ئافرەت بۆ زۆر لە شت تەنیا جەستە و ڕوخسار ئەمەش بەرهەمی پەروەردەیەکی نادروستی هەر تاکێکی ئێرەیە کە هزریان بۆ ئافرەت بەم شێوەیە بێت.
هەر کۆمەڵگەیەک بیەوێت کۆمەڵگەیەکی دەرون و ئەندێشە دروست بێت، پێویستە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە بە شێوەیەکی دروست بەدەر بێت لە دەستێوەردان و بەرژەوەندی کەسی و کۆمەڵی، چەندەها ڕێگەی جیاوازیش هەن بۆ چارەی ئەم باسە بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پەیوەستە بە کات و ماوەی زەمەنی زیاتر.
پێویستە پەروەردە بە مانا فراوانەکەی سەیر بکرێت، لەمەشدا جیاکاری ڕەگەزی پەیڕەو نەکرێت، بە تایبەت بەشێک لە هەڵە و لادانەکان، ئەگەر لە مناڵیەوە نێر ڕابهێنرێت کە کامە سنوریەتی، ئیدی پێویست ناکات لەو بوارانە هیچ ئازادیەک لە ژن زەوت بکرێت یان سنوردار بکرێت.
ژن دەبێت بە تەواوی مافی پێ بدرێ چ جا لە ڕوی خێزانیەوە بێت یان دەرەوەی خێزان، نابێ ناچار بکرێت بەوەی ئازادیەکانی زەوت بکرێت لەپێناوی ئەوەی چاوی تۆی پیاو، تۆی نێری نەکەوێتە سەر، ژن ناچار نیە باجی حەرام بینین و حەرامخۆری تۆی پیاو بدات، بەڵکو پێویستە چاوی تۆ و ئەندێشەی تۆ سنورەکان ببینێت و لەو سنورە زیاتر نەروات، ئیدی ژن نابێت بە ئامرازی پاراستنی چاو و ئەندێشەی تۆ!![1]