ناونیشانی پەڕتووک: نیوەڕێ(داخنامەی زیندانی لۆبۆمێز)
ناوی نووسەر: زامدار ئەحمەد
شوێنی چاپ: کوردستان
چاپخانە: چاپخانەی حەمدی
ساڵی چاپ:2021
کتێبی (نیوەڕێ) لە نووسینی زامدار ئەحمەد باس لە نەهامەتییەکانی کۆچبەران و ڕێگای قاچاخ دەکات کە بە چ نەهامەتیەک و دەردە سەریەک ڕێگا دەبڕن بۆ هەندەران لەگەل چەند تەوەرێکی دیکە.
پەرتوکی (نیوەڕێ)، تایبەتە بە ڕێگای قاچاخی ئەوروپا، سەرگوزەشتە و بیرەوەری ڕێگای هەوراز و نشێوی ڕێگای قاچاخی ئەوروپا لەخۆگرتووە.
کاتێک ئەو کتێبە نوسراوە، کە خۆم یەکێک بووم لە کۆچبەرە نایاساییەکانی ڕێگای ئەوروپا، لە کاتی دەستگیرکردن و زیندانیم لە زیندانی (لۆبۆمێز)ی شاری لۆبۆمێزی بولگاریا سەرگوزەشتە و بیرەوەری هاوڕێ زیندانییەکان و خۆم نووسیوە، کە بە چ دۆخێکی دژوار و نەهامەت و دەردەسەری گەیشتووین بە بولگاریا. هەروەها بیرەوەری بەشێک لەو کۆچبەرانەی تێدایە کە لە ڕێگای ئەوروپا کوێر بوون، یاخود قاچیان شکێندراوە، یاخود سینگیان کون کراوە.. هتد
کتێبەکە بە شێوەیەک نووسراوە، کە لە کاتی خوێندنەوە وێنای ڕێگای قاچاخ دێتە بەرچاوت و دەردەسەری و نەهامەتییەکانی ڕێگاکە دەبینی، بەشێوەیەک لە کاتی ڕاکردنی کۆچبەران، خوێنەر هەناسەی سوار دەبێ!
دەشێ ئەم کتێبە وەکو یەکێک لە ڕێگاکانی هۆشیارکردنەوەی گەنجانی کورد سەبارەت بە نەهامەتی و خراپی و ترسناکی ڕێگای ئەوروپا سوودی هەبێ.
کتێبی (نیوەڕێ) کە تایبەتە بە بارودۆخی کۆچبەرانی ڕێگای ئەوروپا، لە دووتوێی 200 لاپەڕە بڵاوکراوەتەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئەم کاتە کە خەڵکێکی بە قاچاخ زۆر ڕووەو ئەوروپا هەنگاو دەنێ.
کتێبەکە چیرۆک و بەسەرهاتی ڕاستەقینە و حەقیقی بەشێک لەو کۆچبەرانەی تێدایە کە بە قاچاخ ڕووەو ئەوروپا ڕۆیشتوون، بەسەرهاتەکان لە زاری خۆیانەوە گێڕدراوەتەوە، زۆرینەی بابەتەکان تراژیدیین. کتێبە لە نێو زیندانی لۆبۆمێزی بولگاریا نووسراوە، وێنا و دیمەنی زیندان و ڕێگای پڕ نەهامەتی ئەوروپا بە شێوەیەکی ڕوون باسکراوە.[1]