نەخشەی سنووری سیاسی ئیمپراتۆریەتی ماد
پێشەکی:
لە ئاخر و ئۆخری سەدەی هەشتەمی پێش لە زایین هۆزێکی ئازای ئاریایی لە ڕیزە چیاکانی #زاگرۆس# سەری هەڵدا و خەڵکانی ئه و دەمەی دانیشتووی زاگرۆس کە بریتی بوون لە گۆتییەکان، لۆلۆییەکان، کاسییەکان، هۆرییەکان و هتد نەیانتوانیبوو بەرگەیان بگرن و ئاخری لە ناوی ئەواندا توابوونەوە. ئەم خەڵکە نوێیە “ماددەکان” بوون (باپیرەی کوردانی ئەوڕۆکە) کە پاشتر توانییان ئیمپراتۆرییەکی مەزن پێک بێنن.
ئاخۆ ماددەکان کە پاتشاکانیان بریتی بوون لە:
1 دیاکۆ (708 تا 655ی پ. ز.) 53 ساڵ دەسەڵاتداری.
2 فرۆرتیش (655 تا 633ی پ. ز.) 22 ساڵ دەسەڵاتداری.
3 هوخشتەر (633 تا 584ی پ. ز.) 49 ساڵ دەسەڵاتداری.
4 ئاستیاگ (584 تا 550ی پ. ز.) 34 ساڵ دەسەڵاتداری.
کێ بوون و لە کوێوە هاتن؟ چییان کرد و چۆن لەنێو چوون؟
هیندوئەورووپی
نزیکەی 6000 7000 ساڵ پێش لە ئێستە، خەڵکێک لە دەشتەکانی باکوور و ڕۆژئاوای دەریای ڕەشدا دەژیان و خاوەنی زمانێکی هاوبەش بوون کە پێیان دەوترێ هۆزەکانی ئاریایی یان هیندوئورووپی.
ئەم خەڵکە بەدرێژایی زەمان گەلێ هۆز و تیرەی جۆربەجۆریان لێ کەوتەوە و دواتر ڕەنگە بەشوێن لەوەڕگە و بژیوی باشترا کەوتنە کۆچکردن بەملا و ئەولای جیهانا.
هەندێ لەم هۆزانە هەڵکشان بەره و ڕۆژئاوا و پاش سەدان ساڵ شەڕ و کێشمەکێش زۆربەی ئەورووپایان داگیر کرد. سویدی، ئەڵمانی، یۆنانی، ئیتالی، پۆرتۆگالی و هتد پاشماوەی ئەوانن.
هەندێکی تر له و هۆزانە بەره و ڕۆژهەڵات کەوتنە ڕێ و لە تورکستانی ئیمڕۆی ڕووسیادا خۆیان گرتەوە و ماوەی هەزار ساڵێک لەوێ مانەوە و لە پاشان کەوتنەوە ڕێ و هەندێکیان لە دەوروبەری ڕیزە چیاکانی زاگرۆس (کوردستانی ئەوڕۆکە)دا گیرسانەوە و هەندێکیشیان لە باشووری ئێرانی ئێستاکەدا نیشتەجێ بوون. چینێکی تریشیان بەسەر هیمالیادا چوون بەره و هیندوستان و لە پەنجاب گیرسانەوە.
لەم خەڵکانە گەلێ هۆز و تیرەی نوێتر کەوتەوە، لە بەرەی زاگرۆس ماد و لەوانەی باشووری ئێرانیش پارسەکان کەوتنەوە.
ئەم ئاڵوگۆڕ و کۆچکردنە بەم خێراییە نەبووە کە لێرە باس کرا بەڵکوو پتر لە هەزاران ساڵی خایاندووە و گەلێ قۆناغ و سەردەمیان بڕیوە.
کەوابێ هیندوئەورووپییەکان باپیرەی سویدی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، فەرەنسایی، کورد، هیندوستانی، ئەفغانی، فارس و گەلێ نەتەوەی ترن کە ئەوڕۆکە بۆخۆیان خاوەنی وڵات و زێدی تایبەتی خۆیانن. زمانی هەموو ئەمانەش لە بنەڕەتدا دەچێتەوە سەر زمانی هیندوئەورووپییەکان، بەڵام ئەوڕۆکە هەر کامەیان خاوەنی زمانێکی تایبەتمەندن. زمانی کوردیش بۆ خۆی زمانێکی سەربەخۆیە و بناوانی دەچێتەوە بۆ سەر زمانی ئاریایی یان هیندوئورووپی.
دراوسێی مادەکان
وەک وتمان لە هیندوئەورووپییەکان گەلێ هۆز و تیرەی تر کەوتنەوە، لە ئاخروئۆخری سەدەی هەشتەمی پێش لە زاییندا مادەکان لە ناوچەی چیای زاگرۆس و پارسەکانیش لە باشووری ئێرانی ئێستاکەدا سەریان هەڵدابوو. ئەمانە بە شێوەی خانخانی و دەرەبەگایەتی دەژیان و خاوەنی دەوڵەتێکی تایبەتی نەبوون.
لە دەوروبەری ئەوانیشدا گەلێ خەڵک و نەتەوە و هۆزی تر هەبوون. بۆ نموونە لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ خەڵکێ بە ناوی سکاییەکان دەژیان. تۆزێ لە ڕۆژئاواتر ئیمپراتۆرییەک بەناوی ئیمپراتۆریی خالدییەکان هەبوو. لە ڕۆژئاوای مادەکاندا ئیمپراتۆرییەکی مەزن هەبوو بە ناوی ئیمپراتۆریی ئاشوورییەکان. پایتەختی ئەوان شاری نەینەوا بوو کە کەوتبووە نێزیکی مووسڵی ئێستاکەوە.
ئەمانە لە بنەڕەتدا سامی بوون و لە ناوچەی عەرەبستانەوە هاتبوون و لەوێ بۆخۆیان ئیمپراتۆرییەکی مەزنیان پێک نابوو. ئیمپراتۆریی ئاشوورییەکان زۆر بەهێز و بێبەزەیی بوو و هەردەم بۆ پەرەپێدانی مۆڵگەی خۆی هێرشی دەبردە سەر دەوروبەرەکانی و توانیی لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا گەلێ ئیمپراتۆری و دەوڵەت بڕووخێنێ و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، بۆ نموونە ئیمپراتۆریی هیتییەکانی ڕووخاند، فەلەستینی داگیر کرد، ئیمپراتۆریی هەزاران ساڵەی عیلامییەکان کە لە لای خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئێستاکەی کوردستاندا بوو تێک دا. لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا چیای دەماوەند و کەویری لووت کشان و بەسەر پارس و مادەکاندا زاڵ بوون. ئاشوورییەکان لە گەلێ نەتەوەی ناوچەکە پیتاک و سەرانەیان بە زۆر وەردەگرت، تەنانەت لە پارسەکان و مادەکانیش وەریان دەگرت.
ئیمپراتۆریی ئاشووری دەسەڵاتێکی بەهێز و مەترسیدار بوو بۆ هەموو خەڵکانی ناوچەکە.
بەڵام…
بەڵام دواتر لە نێو هۆزە ئاریاییەکاندا تاکە هۆزێک بۆ یەکەم جار سەری هەڵدا و بوو بە ئیمپراتۆرییەک و دواتریش کەوتە گیانی ئمپراتۆریی دڕندەی ئاشوور و ئه و ئیمپراتۆرییەی لە ڕووپەڕی مێژوودا بۆ هەمیشە سڕییەوە. ئەویش ئیمپراتۆریی بەهێزی مادەکان بوو، باپیرەی کوردانی ئەوڕۆکە.
ئیمپراتۆریی ماد، ئیمپراتۆرییەکە کە کوردان دەبێ هەمیشە بە شانازییەوە یادی لێ بکەن. دەبێ کۆڕ و کۆمەڵی پسپۆڕ و تایبەتی تەرخان بکرێ بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئه و ئیمپراتۆرییە مەزنە.
ئاخۆ چۆن بوو ئه و ئیمپراتۆرییە پێک هات؟
1 دیاکۆ:
وەک وتمان مادەکان و پارسەکان کە هەردوکیان لە بنەڕەتدا ئاریایی بوون، لە ئاخروئۆخری سەدەی هەشتەمی پێش لە زاییندا سەریان هەڵدابوو و بەشێوەی خانخانی و دەرەبەگایەتی و پرشوبڵاو دەژیان.
نزیکەی 700 ساڵ پێش لە زایین لە نێو مادەکاندا کەسایەتییەک دەژیا کە لە لای هەموو مادەکانەوە ڕێزێکی تایبەتیی هەبوو، ئه و ناوی دیاکۆ بوو. دیاکۆ مرۆڤێکی بەئاوەز، تێگەیشتوو و هەڵکەوتەی گوندەکەی بوو کە بڕوای وا بوو لە نێوان زوڵم و داددا خەباتێکی هەمیشەیی و هەتاهەتایی هەیە.
خەڵک کە لێزانی و تێگەیشتوویی و دادوەریی دیاکۆیان دیبوو بۆ چارەسەرکردنی گیروگرت و کێشە و ئاژاوەکانیان هانایان دەبردە بەر ئەو.
دیاکۆ بوو بە خۆشەویستی هەمووان و ناوبانگی داخست، وای لێ هات کە لەبەر دادگەری و پیاوچاکییەکانی لە لایەن خەڵکەوە داوای لێکرا کە ببێ بە سەرۆک و پاتشایان. ئەویش کە بشێوی و بەربڵاوی و هەتەران و تەتەرانی ناوچەکە ئازاری دەدا، بە داخوازییەکەیان قاییل بوو و بڕیاری دا مادەکان لە دەوری یەک کۆ کاتەوە و لەوان نەتەوەیەکی یەکگرتوو و هاوبەش پێک بێنێ.
یەکەم کارێ کە کردی داوای لە خەڵکەکە کرد کە واز لە تەرانشینی بێنن و لە دەوری یەکدا کۆ بنەوە و فەرمانی دا کە پایتەختێک چێ کەن. ئەوە بوو کە شاری (ئیکباتان)یان ئاوا کردەوە. شارەکە حەوت شوورەی بازنەییی بەدەوردا کێشرا بوو و هەر شوورەیەک لەوی تر بەرزتر بوو و بارەگای شا و خەزێنەکانی لە نێو ئاخرین شوورەکەدا بوو. چێوەی دیوارە دەرەکییەکانی زۆر لە دیوارەکانی (ئاتێن) پایتەختی یۆنان دەچوو. ڕەنگەکانی ئه و شوورە حەوتەوانانە بە ڕیز بریتی بوون لە سپی، ڕەش، ئەرخەوانی، شین و نارنجی. لە سەربانی دوو شوورە دوایینەکە، یەکێکیان بە زیو و ئەوی دیکەشیان بە زێڕ داپۆشیبوو.
بە شاری ئیکباتان، هگمەتانەش وتراوە و ئەوڕۆکە پێی دەڵێن هەمەدان و هێشتاش هەر ماوە و دراوسێی پارێزگای کرماشان ە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و بە گوێرەی دابەشبوونە جوگرافییەکانی وڵاتی ئێراندا بۆ خۆی پارێزگایەکی سەربەخۆیە. دیارە درێژایی زەمان هەموو شتێکی لێ سڕیوەتەوە و بۆنوبەرامەی مادەکانی لێ نایە، بەتایبەت کە پاش مادەکان ئه و شارە هەمیشە لەدەستی ناحەزانی ماد بووە و هەرچی شارستانیەتی ئه و شارە بووبێ سڕیویانەتەوە یان بۆ خۆیان بردوویانە.
هەواڵێک لەسەر پایتەختی مادەکان:
(بەڵام لە ڕێکەوتی 25-07-1999، ایرنا، ئاژانسی دەنگوباسی ئێرانی هەواڵێکی سەبارەت بە پایتەختی مادەکان لەسەر ئینتەرنت بڵاو کردەوە کە دەقی وەرگێڕاوەکەی لە خوارەوە دەبینن:
عەمەلیاتی لێکۆڵینەوە بە مەبەستی ناسینەوەی پایتەختی سەرەکیی “مادەکان” دەستی پێکرد.
دەهەمین بەشی توێژینەوەی گردی “هگمەتانە” یەکێک لە گرنگترین گردە مێژینەییەکان لە پارێزگای “هەمەدان” بە مەبەستی ناسینەوەی پایتەختی سەرەکیی مادەکان لە ڕۆژی یەکشەمەدا دەستی پێکرد.
“موحەمەد ڕەحیمی سەڕاف” سەرپەرشتی شاندە شوێنەوارناسەکەی گردی هگمەتانە وتی، ئەم شاندە لە ماوەی 16 ساڵ و بە جێبەجێکردنی 9 بەشی توێژینەوە لە گردی هگمەتانەدا توانیی یەکێک لە کۆنترین شارە مێژینەییەکان لە سنوورگەی 25 هیکتاریی ئەم گردە مێژینەییە لە ژێر خاک و خۆڵ وەدەرخا.
ئه و وتی ئه و بەڵگانەی بەدەست هاتوون نیشاندەری هەبوونی شارێکن لە “هگمەتانە”دا کە حکوومەتی تێدا کراوە و دۆزینەوەی سیستەمی تایبەتمەندی بیناسازی و میعماریی ئه و شارە پیشاندەری بلیمەتیی بیناسازان، هونەرمەندان، نەخشەکێشان و باقیی پسپۆڕانی ئه و شارەن لە جیهانی مێژینەدا.
بەگوێرەی وتەی بەڕێوەبەری ئەم شاندە شوێنەوارناسە، هەبوونی لەمپەر و پتەوگەی سروشتی و بەتایبەت شوورەیەکی ئەستوور و قایم، باس لە نرخ و گرنگیی (سوق الجیشی)ی ئەم شارە مەزنە لە سەردەمی مێژینە و کەونارا دەکا.
ناوبراو وتی، ڕێڕەو، شەقام و کۆڵانەکانی ئەم شارە پایتەختە، پاناییەکەی 3 میتر و نیوە و لە ڕاستەی باکووری ڕۆژهەڵات بەره و باشووری ڕۆژئاوا هەڵکەوتووە و هاوتەریبن و بە دوورییەکی 35 میتری لە یەکەوە پێکهاتوون.
سەڕاف درێژەی دا، چەندەها مۆر، پەیکەر، دەفری گڵین و شووشەیی، جۆرەها سکە لە دەورانی سلووکی هەتا دەورانی ئیسلامی بەشێکن له و ئاسەوارە بەدەستهاتووە لەم گردە مێژینەدا و بە گوێرەی ئه و بەڵگە و نیشانانەی کە بەدەست هاتوون وێدەچێ ئەم شارە کەوناراییە پایتەختی سەرەکیی مادەکان بێ.
هەوڵ دەدرێ کە بەڵگەی پێویست بەدەست بێنن کە بتوانێ قسەی مێژووزانان بسەلمێنێ کە دەڵێن ئەم شارە مێژینەییە هی “دیاکۆ” پادشای مادەکانە.
هەروەها کێشانی نەخشەی شارە مێژینەییەکەی گردی هگمەتانە، ڕێکخستن و چاکردنەوەی مۆزەخانەی کاتیی گردی هگمەتانە، سەرلەنوێ چاکردنەوەی شوورەکە، ئامادە کردنی کاتالۆگ لە دەرئەنجامی هەڵکەندنکارییەکانی شاندە شوێنەوارناسەکە، ئامادەکردنی نەخشەی تەواوی گردەکە و توێژە هەڵکەندراوەکانی، بەشێکن لە بەرنامەکانی شاندە شوێنەوارناسەکە لە بەشی دواییی توێژینەوەکەدا).
دیاکۆ پاتشایەکی دادگەر بوو و توانیی لە ماوەی ژیانیدا تەنانەت پێش لە پارسەکانیش دەوڵەتێک بۆ مادەکان پێک بێنێ و مادەکان لە دەوری یەکدا کۆ کاتەوە و بوو بە دامەزرێنەری ئیمپراتۆریی ماد کە دواتر لە لایەن کوڕەکانیەوە بەه ێزتر و بەربڵاوتر بوو. دیاکۆ پاش 53 ساڵ دەسەڵاتداری، لە ساڵی 655ی پێش زایین چرای ژیانی کوژرایەوە و پاش ئەو، حکوومەت کەوتە دەستی کوڕەکەی کە ناوی فرورتیش بوو.
2 فرورتیش:
فرورتیش پاش دیاکۆ دەسەڵاتی گرتە دەست و بۆ ماوەی 22 ساڵ لە نێوان ساڵانی 655 و 633 حوکمی گێڕا.
لە کاتی هاتنە سەر تەختی فرورتیش، هۆزی سکایی کە تیرەیەکی شەڕخڕ و جەنگاوەر بوون لە دەوروبەری گۆلی ورمێدا دەژیان. پارسەکانیش لە باشوور دەژیان. فرورتیش هەردەم هەوڵی دەدا کە سنوورگەی ئیمپراتۆریی ماد بەربڵاوتر بکا، ئەوە بوو هێرشی بردە سەر پارسەکان و مەڵبەندەکەیانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریی مادی بەرینتر کرد. بەڵام ئه و لە خولیای ئەوەدا بوو کە هێرشیش بەرێتە سەر ئیمپراتۆریی ئاشوور و کۆتایی بە زۆڵم و ستەمی ئاسوورییەکان بێنێ و گەلێ نەتەوە کە ناچار بوون باج و پیتاک و سەرانە بە ئاسوورییەکان بدەن لە ژێری ئه و بێدادییەدا ڕزگار بکات.
سوپایەکی گرانی کۆ کردەوە و بەره و نەینەوا پایتەختی ئاشووورییەکان کەوتە ڕێ. هەواڵ گەیشتە ئاشوورییەکان، ئەوان لە پێشەوە بەرپەرچی مادەکانیان دایەوە. سکاییەکانیش کە لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێدا دەژیان و هاوپەیمانی ئاشوورییەکان بوون، سوپایەکی گرانیان لە پشتەوە خستەڕێ بۆ هێرشبردنە سەر مادەکان و پشتیوانی لە ئاشوورییەکان. ماوەیەکی دوورودرێژ گەلێ شەڕی قورس و گران له و نێوەدا کرا. مادەکان کەوتبوونە گەمارۆی سکاییەکان و ئاشوورییەکانەوە.
لە یەکێ له و شەڕانەدا لە ساڵی 633ی پێش زایین فرورتیش کوژرا و دەوڵەتی ماد کز بوو و سکاییەکان کە هەلیان بە لەبار دەزانی کەوتنە داگیرکرتن و تاڵانکردنی مەڵبەندی مادەکان. ئەوان نزیکەی 28 ساڵ هەتەران و تەتەرانیان لە وڵاتی ماددا دەکرد و کەوتبوونە کوشتوبڕی مادەکان.
3 هوخشتەر (سیاگزار):
پاش کوژرانی فرورتیش، کوڕەکەی کە ناوی هوخشتەر بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. دیارە ئه و کێشەی زۆری لەگەڵ سکاییەکان هەبوو. هوخشتەر پێشەوایەکی لەبار و لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا سەرکردەیەکی بێوێنە بوو.
ئه و بۆ ئەوەی کە بتوانێ بەرەنگاری سوپای دوژمن بێت، سوپایەکی ڕێکوپێکی کۆ کردەوە و پسپۆڕانە باری هێنان. سوپایەک بریتی لە سوارە و پیادە. سوارەکانیان شانیان لە شانی سوارەکانی ئاشووری دەدا و پیادەکانیان لە تیرهاویشتن بێوێنە بوون و بە تیروکەوان و نێزە چەکدار بوون.
لەبەر ئەوەی کە وڵاتی ماد جێگەیەکی لەبار بۆ پەروەردەی ئەسپ بوو و مادەکان هەر لە منداڵییەوە شارەزای ئەسپسواری و تیرهاویشتن بوون، کاری هوخشتەر ئاسانتر دەبوو بۆ پێکهێنانی سوارەیەکی خاوەن ئەزموون و بەزیپکوزاکوون. هوخشتەر توانیی جەنگاوەرانی ئازا و بەجەرگی وا بار بێنێ کە لە هیچ شتێ نەدەسڵەمین. هەر بە یارمەتیی ئه و سوپا نەبەزە توانیی سکاییەکان کە دەمێک بوو لە وڵاتی ماددا کەوتبوونە تاڵان و کوشتوبڕ تێک بشکێنێ و لە وڵات وەدەریان نێ. بەوجۆرە تۆڵەی باوکی و وڵاتە تاڵانکراوەکەی مادی لە سکاییەکان کردەوە.
پاشانیش لەگەڵ (نەبوو پۆلاسار) پاتشای بابل کە پێشتر بە یارمەتیی مادەکان سەربەخۆیی خۆیان بەدەست هێنا بوو، یەکی گرت و بە سوپایەکی گرانەوە هێرشی بردە سەر ئاشوورییەکان و شاری نەینەوای لە 612ی پێش لە زاییندا گرت کە پایتەختی ئاشوورییەکان بوو. ساراکوس (سەنا خەریب) کە پاش مەرگی (ئاشوور بەنیپال) ببووە پاتشای وڵاتی ئاشوور، کە دیی بەرگەی مادەکان ناگرێ ئاگرێکی گەورەی هەڵکرد و خۆی و خاووخێزانی خستە ناو ئاگرەکە و بەوجۆرە چرای تەمەنی هەزار ساڵەی ئیمپراتۆریی ئاشوور کوژرایەوە.
لە سەردەمی هوخشتەردا وڵاتی ماد گەلێک پەرەی سەند. هوخشتەر بە تێگەیشتوویی و زاناییی خۆی خزمەتی گەورەی بە مادەکان کرد. ئیمپراتۆریی ماد لە سەردەمی هوخشتەردا زۆر بڵاو و بەرین ببوەوە.
هوخشتەر لە ساڵی 584ی پێش زایین کۆچی دواییی کرد.
4 ئاستیاگ :
پاش هوخشتەر، کوڕەکەی کە ناوی ئاستیاگ بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەویش نزیکەی 34 ساڵ دەسەڵاتداریی کرد. لە سەردەمی ئەودا وڵاتی ماد هێمن و کڕوکپ بوو. ئاستیاگ بە لاساییکردنەوەی پاتشایانی ئاشووری بارەگای دروست کرد و خەڵکێکی زۆر تیای کەوتنە کار کردن. دەربارییەکان جلی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەر دەکرد و لە ڕێوڕەسم و بۆنە تایبەتییەکاندا زنجیر و ملوانکەی زێڕینیان دەکردە مل.
ئاستیاگ کچێکی هەبوو بە ناوی ماندانا، ئەم کچە درابوو بە مێرد بە یەکێ لە سەرکردەکانی پارس لە باشوور. ئەویش دواجار کوڕێکی دەبێ کە ناوی دەنێن کوورش. کاتێ کوورش گەورە دەبێ خۆی بە پارسێکی تەواو دەزانێ و بڕیاریش دەدا کە وڵاتی ماد داگیر بکات.
لەملاو ئەولا سوپایەک کۆ دەکاتەوە و بە سیاسەتیش خۆی لە بابلییەکان نێزیک دەکاتەوە و داوایان لێ دەکا کە پێکەوە هەڵمەت بەرنە سەر ئیمپراتۆریی ماد. بابلییەکانیش کە دەمێک بوو لە حەسرەتی (هاران)دا بوون کە ڕێگای هاتوچۆی نێوان سووریا و بابل بوو و لەژێر دەستی مادەکاندا بوو، دەبن بە هاوپەیمانی پارسەکان و دوو قۆڵی هێرش دەبەنە سەر وڵاتی ماد و پاش گەلێ شەڕی قورس و گران، ئاستیاگ کە زۆریش بەتەمەن بوو وپاتشا و سەرکردەی سوپای ماد بوو، لە لایەن پارسەکانەوە بە دیلی دەگیرێ و چەمەسەریی زۆر دەبینێ. بەوجۆرە دەسەڵاتداریی مادەکان دەکەوێتە دەستی پارسەکان و کوورش دەتوانێ حکوومەتی هەخامەنشییەکان بۆ یەکەمجار دامەزرێنێ.
بەوجۆرە ئیمپراتۆریی ماد لە ساڵی 550ی پێش لە زاییندا ئەستێرەی دەسەڵاتی لە ترووسکە دەکەوێ.
لەبەر ئەوەی کە سەردەمی مادەکان لەم سەردەمەوە زۆر دوور بووە، هەندێ لە مێژووزانان لە سەر چەند بەشێکی ساڵی دەسەڵاتداریی مادەکان هەندێ بیروڕای جیاوازیان هەیە. بۆ نموونە هروودت مێژووزانی یۆنانی ئه و ساڵانە وا دەخەمڵێنێ:
1 دیاکۆ، 727 تا 675ی پ. ز.
2 فرۆرتیش، 674 تا 653ی پ. ز.
3 سکاییەکان و ماد، 652 تا 625ی پ. ز.
4 هوخشتەر، 624 تا 585ی پ. ز.
5. ئاستیاگ، 584 تا 549ی پ. ز.
و دواجاریش ڕووخانی دەوڵەتی ماد لە ساڵی 550ی پێش لە زایین دەزانێ.
سنووری ئیمپراتۆریی ماد
سنووری ئیمپراتۆریی ماد لە باکوورەوە دەگەیشتە ڕووباری ئەرەس، لە باشوورەوە هەتا خووزستان، لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا بەلخ و لە ڕۆژئاواشەوە دەگەیشتە ڕووباری هالیس واتە ئه و چۆمەی کە ئەوڕۆکە پێی دەڵێن قزل ئیرماق. ئەم ناوچە بەربڵاوە، بەشێکی گرنگی ئاسیای بچووک و دەڤەرەکانی ئازەربایجان و کوردستان و هەمەدان و ئەراک و ڕەی و دامغان و فارس و بەلخ بەشێک لە خووزستان و تەواوی مازندەرانی دەگرتەوە.[1]
$سەرچاوە و ژێدەرەکان$:
1 سەرچاوەی نەخشە: ماڵپەڕی کاک سەردار پشدەری
2 تاریخ دە هزار سالە ایران جلد اول چاپ دهم تابستان 1378 عەبدولعەزیم ڕەزایی.
3 تاریخ ماد چاپ چهارم سال 1377 ا. م. دیاکونوف، ترجمە کریم کشاورز.
4 تاریخ کرد و کردستان چاپ اول سال 1378 سدیق سەفی زادە (بۆرەکەیی).
5 جنبش های کرد از دیرباز تاکنون چاپ اول سال 1993 سوئد م. کاردوخ، سەرچاوەی هەندێک لە باسەکە و هەروەها سەرچاوەی وێنەکەی دیاکۆ و باقیی وێنەکان، ئەم کتێبە بووە.
6 مێژووی ڕاپەڕینی کورد عەلائەدین سەجادی چاپی دووهەم 1996 سەقز.
7 ئینتەرنت، ئیرنا، 25 07 1999.