پوختەیەک لە بارەی ناو و مێژووی شاری #هەولێر# لە سەردەمە جیاجیاکاندا
نووسین و ئامادەکردنی : محەمەد عەلی فەتحوڵڵا
شاری هەولێر بە یەکێک لە شارە کوردییەکان دەژمێردرێت کە خاوەن شارستانیەتێکی مێژوویی گەورەیە، هەولێر کۆنترین شاری جیهانە کە تا ئێستا ژیانی لە سەر بەردەوامە، بۆ یەکەم جار لە کۆنترین نووسینەکانی سۆمەری ناوی هەولێر هاتووە لە سەردەمی پاشای سۆمەری (شولکی) نزیکەی 2000 ساڵ پ.ز بە شێوازی (اوربلیون) یان (اوربلیوم) یان (اوربیلم) هاتووە، هەروەها بە شێوازی (أربیلا)ش هاتووە.
لە سەردەمی بابلیەکان و ئاشوریەکان ناوی لێنرا (أرباایلو) یان (أربئیلو) واتا شاری چوار خواوەند ئەوەبوو لەو سەردەمانەی ئاماژەمان پێیدا مەڵبەندێکی ئایینی بوو کە خەڵکی لە ناوچە جیاجیاکاندا دەهاتن بۆ سەردانیکردنی پەرستگای (عەشتار) لە هەولێر، و لە تەورات بە ناوی (ارباایلا) باسی لێکراوە، هەروەها لە نووسراوەکانی فارسی بە ناوی (أربایلو) یان (أربیرا) هاتووە، لە کاتێکدا لە سەرچاوە یۆنانیەکاندا بە ناوی (أربیلا) هاتووە، لە سەرچاوە ئەوروپیەکان بە تایبەتی لە سەرچاوە ئیسپانیەکان و پورتوگالیەکان بە (Arbil و Arblie) هاتووە، و عوسمانیەکان پێیان دەگوت (أربیل) و لە سەرچاوە تورکیەکان بە شێوازی (أربل، أبرل، بیروبل) هاتووە، و لە سەرچاوە عەرەبیەکان بە (أربل) هاتووە، بەڵام دانیشتوانەکەی پێی دەڵێن (هەولێر)، و لە زمانی کوردی ناسراوە بەناوی (هەولێر)، و ئاماژەکراوە لە لایەن مێژوونووسە کوردەکان کە ئەم ناوە کۆنە، بەڵام ئەم ناو لێنانە پەرەی سەندووە و پێشکەوتووە لە ووشەی (خولیر) واتا پەرستگای ڕۆژ، و ئەو ناوەش بۆ پەرستگای عەشتار بووە کە شاری هەولێر لە سەردەمە مێژووییە کۆنەکاندا لە باوەشی گرتووە، هەندێک لە دانەرانی کتێب دەڵێن ووشەی (هەولێر) کوردەکان دەری دەبڕن و پێی دەڵێن بەو شارەی ئێستا کە (هەولێر)ە، پێکهاتووە لە (هالێرەیە) واتا ئەوە لێرە.
کاتێک گوتیەکان دەوڵەتی ئەکەدی یان لە ناوبرد (2150 – 2050)پ.ز هەولێر بوو بە بەشێک لە دەوڵەتی گوتی کە بناغەیەکی سەرەکی ئەو دەوڵەتە بوو، و لە سەرەتاکانی سەردەمی پاشایانی بنەماڵەی (ئوری سێیەم) لە (2050 – 1950)پ.ز دەسەڵاتیان درێژ بووەوە بۆ شاری هەولێر، دواتر سۆمەریەکان نەیان توانی پارێزگاری لە هەولێر بکەن لە بەر دووری پاشانشینەکەیان لە باشور، و کاتێک کاشییەکان بنەماڵەی بابلی (حامورابی)یان لە ناوبرد هەولێر کەوتە نێو چوارچێوەی دەوڵەتی کاشییەکان، و لە سەردەمی ئاشورییەکانیشدا دەشتەکانی ئاشور و هەولێر و کەرکووک لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە نوێیە بوونە، و لە سەردەمی ئاشوری هەولێر پایتەختی ئایینی ئاشورییەکان بوو کە مەڵبەندی خواوەندی (عەشتار) بووە کە بە عەشتار یاخود (اریلا) ناسراوە، دوای ڕووخانی دەوڵەتی ئاشوری بەدەست هاوپەیمانیەتی هەریەک لە میدیەکان و کلدانیەکان، هەولێر ملکەچ بوو لە ساڵی 612پ.ز بۆ زاڵ دەستی میدیەکان، دوای ماوەیەکی کورت دەوڵەتی ئەخمینی دامەزرا کە لە ماوەی سەدەی (7) تاوەکو سەدەی (2)پ.ز حوکمڕانیان کردووە کە میراتگری موڵکەکانی میدیەکان بوون، بەڵام لە پێکدادانێکی ئەخمینیەکان لە گەڵ یۆنانیەکان بە سەرکردایەتی (ئەسکەندەری مەقدۆنی) ئەوەبوو ئەسکەندەر توانی سەرکەوتن بەدەست بێنێ بەسەر (داریوسی ئەخمینی) لە ساڵی 331پ.ز لە جەنگی (ئەربیلا – گوگامێلا) بەمەش هەولێر بووە بەشێک لە ئیمپڕاتۆریەتی ئەسکەندەری فراوان، دوای مردنی ئەسکەندەر لە بابل لە ساڵی 323پ.ز عێراق و سوریا بوون بە بەشی یەکێ لە سەرکردەکانی کە ئەویش (سلوقس) بوو کە شاری هەولێری ئاوەدانکردەوە، دواتر فرپیهکان هاتنە سەر شانۆی ناوچەکە لە (148پ.ز – 226ز) سلوقیەکانیان لەناوبرد و دەوڵەتێکی یەکگرتوویان دامەزراند کە لە ژمارەیەکی میرنشینی یەکگرتوو پێک دەهات وەکو میرنشینی (رەها، تەدمور، سنجار، حچر، حدیاب)، هەولێر لە گرنگترین شارەکانی حدیاب بوو دواتر هەولێر لە ماوەی حوکمڕانی فرپیهکان ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی ڕۆمانی بوویەوە، لە لایەکی ترەوە ساڵی 83پ.ز بۆ ماوەی 10 ساڵ لە ڕۆژگاری (نیگران شا)ی ئەرمەنی هەولێر کەوتە ژێر ڕکێفی سوپای ئەرمەنەوە، لە دوای چەند پەلامار و هێرشێکی ڕۆمانەکان و بەناوبانگترینیان هێرشی پادشا (کەراکولا) بوو ساڵی 216ز هەولێر داگیرکراو فارسەکانی وەدەرنا و لە ناوی بردوون، پاشان ساسانیەکان لە ساڵی 226ز بوون بە میراتگری فرپیهکان هەولێریش بوو بە یەکێ لە شارەکانی ملکەچ بە ساسانیەکان کە بڵێسەی ئاگری ئاینی زەردەشتیان لێ بنیاتنا، لەو ماوەیەدا هەولێر گۆڕەپانی شەڕ و ململانێی نێوان ساسانی و ڕۆمانی بوو پاشان لە گەڵ هاتنی ئیسلام و ڕووخانی دەوڵەتی ساسانی هەولێر چووە نێو چوارچێوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب (ر.خ) لە ساڵی 16ی کۆچی بە فەرماندەی (عوقبەی کوڕی فەرقەد) هەولێر و نەینەوا وناوچەکانی تر ئازاد کران لە چوارچێوەی ناوچەکانی باکوری عێراق دواتر لە هەولێر جەنگێکی یەکلاکەرەوە لە نێوان ئەمەویەکان و عەباسیەکان ڕوویدا کە بە جەنگی (زاب) ناسراوە لە ساڵی 132ک/750ز ئەوە بوو (مەڕوانی کوڕی محەمەد) دوایین خەلیفەی ئەمەویەکان شکستی هێنا و خەلافەتی ئەمەوی ڕووخا.
لە سەردەمی عەباسیەکان گرنگی هەولێر جارێکی تر بە دیارکەوت و هەولێر کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی کوردە هەزبانیەکان و لە ماوەی زاڵدەستی بوەهیەکان لە سەر خەلافەتی عەباسی (334 – 447ک / 944 – 1055ز) هەزبانیەکان توانیان میرنشینێک لە هەولێر دابمەزرێنن ئەم میرنشینە بەردەوام بوو تا دەرکەوتنی (عیمادەدین زنگی) لە 521ک / 1127ز کە بە پلەبەندی شارە کوردییەکانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی، لە ساڵی 539ک / 1144ز (زینەدین عەلی کوچک کوڕی بکتکین کوڕی محەمەد) توانی میرنشینێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێ کە ناسراوە بە میرنشینی (بکتکین) کە هەولێر و #شارەزوور# و…هتد، بەخۆدەگرت پاشان کوڕە بچوکەکەی (زینەدین یوسف) دێ لە ساڵی 563ک / 1168ز دوای ئەویش (مزەفەرەدین کوکبری) لە 586ک/ 1190ز کە حوکمڕانی ئەتابکی هەولێر دەکات کە پابەندی سیاسی خۆی بۆ (سلاحەدینی ئەیوبی) دەردەخات و خوشکی سڵاحەدین دەخوازێ بە ناوی (رەبیعە خاتوون)، لە سەردەمی ئەودا هەولێر پێشکەوتنێکی گەورە لە ڕووی زانستی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەخۆیەوە دەبینێ، دوای مردنی لە ساڵی 630ک / 1233ز میرنشینەکەی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی خەلیفەی عەباسی بەناوی (المستنصر) دواتر هەولێر چەندین جار ڕووبەڕووی شاڵاوی مەغۆلەکان دەبێتەوە هەولێر پاشان ملکەچ دەبێ بۆ حوکمی مەغۆلەکان دواتریش جەلائیریەکان کە لە دوای ئیلخانیەکان هاتن لە ساڵی 1337ز پاشان ملکەچ بوو بە تورکەکانی (قەرە قۆینلۆ و ئاق قۆینلۆ) لە ساڵی 1410ز، پاشان لە ساڵی 1508ز هەولێر کەوتە ژێر چنگی فارسە سەفەویەکان و دوای شەڕی چاڵدێران لە ساڵی 1514ز هەولێر و ناوچەکانی باکوری عێراق و کوردستان کەوتە ژێر دەستی عوسمانیەکان، پاشان عوسمانیەکان دوای ئازادکردنی عێراق دانیان نا بە میرنشینە کوردیەکان لەوانەش میرنشینی #سۆران# لە هەولێر، و هەولێر دواتر سەر بە ویلایەتی بەغدا بوو پاشان جیابوویەوە چووە سەر سەنجەقی شارەزوور (کەرکووک).
دوای جەنگی یەکەمی جیهانی ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی کە ڕوویاندا لە ئازاری ساڵی 1917ز ئینگلیزیەکان بەرەو باکور هاتن لە تشرینی دووەمی ساڵی 1918ز هاتنە هەولێر و ڕواندزیان داگیرکرد، ئینگلیزیەکان (کاپتن های) بە حاکمی کارگێری لە سەر هەولێریان دانا ئەوەبوو (ئەحمەد ئەفەندی عوسمان) یەکەم موتەسەریفی هەولێر بووە، دوای بەیاننامەی 11-03-1970 هەولێر کەوتە نێو ناوچەی ئۆتۆنۆمی کە #سلێمانی# و دهۆک و هەولێری دەگرتەوە، هەولێر بوو بە مەڵبەندی ئۆتۆنۆمی.[1]
$سەرچاوەکان$ :
1- محسن محمد حسین : أربیل فی العهد الاتابکی، مطبعە أسعد، بغداد، 1976.
2- هاشم خضر الجنابی : مدینە اربیل، دراسە فی جغرافیە الحصر، الموصل، 1987.
3- إسماعیل شکر ڕسول : (أربیل)، دراسە تأریخیە فی دورها الفکری والسیاسی 1939 – 1958، سلێمانیە، 2005.