ڕۆمانی کۆشکە سورەکه و عەشق
#هەورامان وریا قانع#[1]
لای من وەک خوێنەرێکی ڕۆمان، دوو جۆر ڕۆمان بۆ خوێندنەوه، لەیەکتر جیادەکەمەوە: یەکەمیان ئه و جۆرە ڕۆمانەیە هەر لەسەرەتاوە پەلکێشت دەکات و لێناگەڕێت ڕۆمانەکە بەجێبێڵیت، ناهێڵێت داینێیت و دواتر بگەڕێیتەوە بۆ لای، دەرفەتت نادات بۆ چەند ڕۆژێک وازی لێبێنیت و پاشان سەرلەنوێ دەست بەخوێندنەوەی بکەیت. ئەم جۆرە ڕۆمانە، واتلێدەکات کاتی ماڵ و منداڵ، ئیشوکار، چونەدەرەوە و سەردانی کردن، وازلێبێنیت و هەموی ببەخشی بە ڕۆمانەکە. بگرە واتلێدەکات کاتی تایبەتی بۆ تەرخان بکەیت و لە ماڵەکەی خۆتدا، بڕۆیتە شوێنێکی بێدەنگ و کپ، دوور لە هەر جۆرە غەڵبەغەڵب و هاتوچۆیەک کە بە بەردەمتدا دەکرێت، بۆچی؟ بۆ ئەوەی گوێت لە هیچ دەنگێک و خشەیەک نەبێت، جگە لە دەنگی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە و خشەی هەڵدانەوەی بەردەوامی لاپەڕەکانی کتێبەکە. ئەم جۆرە ڕۆمانە سەروەختێک بەناچاری بەجێیدەهێڵیت و بۆ تاوێک لە خوێندنەوەی ڕادەوەستیت و سەرقاڵی هەندێک کاری ڕۆژانەی دیکەیت، کەچی ئا له و کاتەنەشدا، چاوێکت هەر لەسەر ڕۆمانەکەیە، بیرت لای کارەکتەرەکانە، خەیاڵت لەناو دوتوێی لاپەڕەکاندایە و دەتەوێ بەزووترین کات بگەڕێیتەوە بۆ لای دێر و پەرەگرافەکانی نێو ڕۆمانەکە و بەخێرایی بکەویتەوە خوێندنەوەی.
جۆرێکی دیکەی ڕۆمان هەیە، هەر کە دەستت بەخوێندنەوەی کرد و چەند لاپەڕەیەکت خوێندەوە، ئیدی بێزاردەبیت و تاقەتی خوێندنەوەیت نامێنێت و خوا خواتە وازی لێبێنیت. ڕۆمانەکە پەلکێشت ناکات و لەگەڵ خۆی ناتبات. دەتەوێت بیانوویەک بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی بەجێیبێڵیت و چیتر نەگەڕێیتەوە بۆ لای. حەز دەکەیت کەسیک بانگت بکات و سەرقاڵت بکات، تا دوورکەویتەوە لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە. کاتی تایبەتی بۆ تەرخان ناکەیت و ناڕۆیتە شوێنێکی چۆڵ و بێدەنگەوە. بگرە لە شوێنێکی کتێبخانەکەتدا دایدەنێیت و ئیدی لاپەڕەکانی هەڵنادەیتەوە و بە فەرامۆشی دەسپێریت. بۆچی؟ چونکە ڕۆمانەکە هیچ جۆرە هونەرێکی گێڕانەوەی تیانییە، خاڵییە لە ڕووداو، بە زمانێکی پڕ گرێ و گۆڵ نووسراوە، تاڕادەیەکی زۆر ئاڵۆزە و خوێنەر لە نێو لاپەڕەکانیدا بزردەبێت و حەوسەڵەی بەردەوامبوونی نامێنێت. هەر بۆیە خوێنەر بە شوێن بچوکترین شتدا دەگەڕێت، تاکو واز لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بێنێت و چیتر کاتی خۆی بۆ تەرخان نەکات.
لێرەدا وەک حەزی خوێندنەوە- نەک بەراوردی نێوان دوو ڕۆمان- ئەم نمونەیە دەهێنمەوە، زیاد لە دە ڕۆژە دەمەوێت ڕۆمانی (ماڵی شۆخە نوستووەکان)ی نووسەری بەناوبانگی یابانی (یاسۆناری کاواباتا) تەواو بکەم، بەڵام هەرچی دەکەم و تێدەکۆشم، حەوسەڵەم نییە بگەڕێمەوە سەر خوێندنەوەی، ڕۆمانەکە 159 لاپەڕەی قەبارە بچووکە و من 55 لاپەڕەم لێ خوێندووەتەوە. وەلێ باوەڕناکەم بتوانم تەواوی بکەم، چونکە له و لاپەڕانەی خوێندوومەتەوە، هەستم بە هیچ چێژێک نەکردووە. نە گێڕانەوەی ڕۆمانەکە و نە ڕووداوەکان و نە زمانی داڕشتنەکەی، وایان نەکردووە پەرۆشی تەواوکردنی بم و کاتی زیاتری پێببەخشم. کەچی ڕۆمانی کۆشکە سوورەکەی هیوا قادر کە 303 لاپەڕەیە، تەنها لە دوو ڕۆژدا خوێندمەوە. لێرەوە خۆشبەختانە لای من ڕۆمانی کۆشکە سوورەکە، لە جۆری یەکەمە و هەر کە دە لاپەڕەی یەکەمت خوێندەوە، ئیدی داگیرت دەکات و دەچیتە ئامێزییەوە و تا تەواوی نەکەیت، ناتەوێت دەستبەرداری ببیت.
کۆشکە سوورەکە کە ناونیشانی ڕۆمانەکەیە، تاڕادەیەک ناونیشانێکی فریودەرە و بە هەڵەماندا دەبات. چۆن؟ بەوەی بەر لە خوێندنەوەی تەواوی ڕۆمانەکە و تەنها لە ناونیشانەکەیەوە، وا بە خەیاڵماندا دێت ئێمە لە بەردەم کۆشکێکداین، پڕە لە ئاهەنگ و کەیف و سەفا، وەک کۆشکی سوڵتانەکان و خەلیفەکان و ئیمپراتۆرەکان لێوڕێژە لە شەوی سوور و سێکس و ڕابواردن. کۆشکێکە پلان و داڕشتنی سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتی لێوە دادەنرێت. دەسەڵاتداران لەوێوە مانەوەی خۆیان لەسەر کورسی دەسەڵات مسۆگەر دەکەن. لەوێوە نەیارەکانیان لە پەلوپۆ دەخەن و هەرگیز ڕێگایان پێنادەن بگەنە حوکم. لێ ئەوە تەنها بەشێکی بچوکی کۆشکەکەیە، گۆشەیەکی لاوەکییە و حەقیقەتی ڕاستەقینەی کۆشکەکەمان پێناڵێت. ئەوە تەنها ڕاستییەکی سادەیە و ئه و لایەنەیە کە بەر لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە لە خەیاڵماندایە. یان ئه و پانتاییەیە ئەگەر ڕۆمانەکەش نەخوێنینەوە، دەکرێت لە ناونیشانەکەیەوە دەرکی پێبکەین. بگرە ئه و بەشە بچوکە و ئه و گۆشە لاوەکییە، بۆ ئەوەیە ئێمە بەشە فراوانەکەی کۆشکەکە نەبینین، ململانێ ڕاستەقینەکەی نێو کۆشک نەیەتە بەرچاومان و کۆی دیمەنی کۆشکەکە لە ناوەوە نەبینین و تەنها تەرکیزمان لەسەر ئه و ڕووکارەی کۆشکەکە بێت. ئاخر لە تەواوی ڕۆمانەکەدا دوو تا سێ شەوی سوور دەبینین، ئەویش بۆ خاتری تەنها پیاوێک سازکراوە، پیاوێک تا کۆتایی ڕۆمانەکەش نازانین ناوی چییە، تەنها ئەوە نەبێت ناسراوە بە پیاوی ژمارە پێنج سەد و پەنجا و پێنج. لەوە بترازێت، نە شەوی سوور هەیە و نە ئاهەنگی شاهانە و سوڵتانیانە. ئەی چی هەیە؟ لە خوارەوە بە کورتی باسی دەکەم.
لای من ئەوەی لە ناوەوەی کۆشکدا ڕوودەدات، ئەوەی نەخشەی ململانێی نێوان کارەکتەرەکانی کۆشک دەکێشیت و ڕووداوەکان بەره و لوتکە دەبات، نە سیاسەتە نە بزنسە نە چۆنیەتی دزین و تاڵانی سەروەت و سامانی وڵاتە. نە دانانی پلانی لەناوبردنی نەیار و دوژمنەکانە و نە واژۆکردنی گرێبەست و سەفقەی گوماناوییە. ئەوەی مەترسییە لەسەر کۆشک و ڕووخاندنی، ناڕەزایی و هەراوزەنای دەرەوەی کۆشک نییە. توڕەیی خەڵکی سەر شەقامەکان و خۆئامادەکردنیان بۆ ڕاپەڕین نییە. بەڵکو هەمو مەترسییەکانی سەر کۆشک و ڕووداوەکانی ناوەوەی کۆشک، له و عەشقە شێتانەیەوە سەردەردەهێنێت کە سیامەند و پاشان موراد و ئینجا پیاوی ژمارە پێنج سەد و پەنجا و پێنج، بۆ سارا خاتوونیان هەیە. بە مانایەکی دی عەشق و خۆشەویستی قووڵ، ئیرەیی و حەزی تۆڵە، وا دەکەن ناوەوەی کۆشک پڕ ببێت لە پیلان و ملشکاندنی یەکتر، نەک بەرژەوەندی مادیی کەسەکانی ناوەوەی کۆشک و نادادپەروەری و ستەمەی دەرەوەی کۆشک. ئه و سێ پیاوە لە پێناو چیدا دەکەونە تێکدانی کۆشک و دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی و نانەوەی کێشە؟ بۆچی و لە پای چی دەچن بە گژ یەکدا؟ لەپێناو بەدەستهێنانی دڵ و جەستەی خانمێک کە بێ ئەندازە ناسک و جوانه، زۆر لە ڤینۆسی خوای جوانی جوانتر و قەشەنگترە. بەڵام ئەم خانمە گرفتێکی زۆر گەورەی هەیە، گرفتی ئەوەی بە هیچ جۆرێک و لەژێر هیچ هەڕەشە و چاوسورکردنەوەیەکیشدا، پیاوی خۆشناوێت و نابێتە هاوسەر یان دۆست یا دوولبەری هیچ نێرینەیەک. ئامادەیە بیکوژن و هەلا هەلای بکەن، بەڵام هەرگیز ئامادە نییە پیاوی خۆشبووێت و دڵی خۆی بداتێ و دەست بخاتە ناو دەستی و جەستەی بەر جەستەی بکەوێت و لەسەر یەک تەختەی نووستن پێکەوەبن.
هەوڵی پیاوەکان بۆ بەدەستهێنانی سارا خاتون، بە تایبەت سیامەند کە بە جۆرێک شەیدا و هۆگری سارا خاتوون بووە، ئامادەیە هەمو دونیا لە پێناو یەک خەندەی بچوکیدا، بەسەریەکدا کاولبکات. هەر هەموو ئه و هەوڵانه، شکست دێنن و ناتوانن دڵی سارا خاتوون ڕازیبکەن. بۆچی؟ چونکە سارا خاتوون کچێکی ئاسایی نییە و دڵێ لە شوێنێکی دیکەیە، لەلای کەسێکی دیکەیە کە نەک لە ناو کۆشک نییە، بەڵکو لەناو وڵاتیش نییە و بە هەزاران میل لێیەوە دوورە. کەسێکە لە ڕەگەزی خۆی نەک ڕەگەزی بەرامبەری. ئه و عاشقی کچە هاوڕێکەی سەردەمی زانکۆیەتی لە لەندەن کە ناوی ئیمێلی-یە و نیگارکێشە. پاشان عاشقی کچێکی ئیسپانی سەماکار دەبێت کە ناوی فریدا-یە بۆ ماوەیەک لەگەڵ تیمێکی سەماکردندا دێتە کۆشک و لەگەڵ سارا خاتون شەیدای یەک دەبن و دەبن بە خۆشەویستی یەک، پاشان بەهۆی توڕەیی و هەڵچوونێکی ترسناک و مەترسیداری مورادەوە، موراد کچەی سەماکاری ئیسپانی لە سارا خاتوون دوور دەخاتەوە و دەینێرێتەوە بۆ ئه و شوێنەی لێیەوە هاتووە. سارا خاتون سەروەختێک بە جیا لەگەڵ ئەم دوو کچەدا دەبێت، تا ئه و پەڕی توانەوە لەناو یەکتردا دەڕوات و بە ڕووت و قووتی وەک دوو ماری عاشقە و ماشقە لەیەکتر دەئاڵێن.
چێژی سێکس لای سارا خاتون، چێژێکە لە ڕەگەزەکەی خۆیەوە بەدەستی دەکەوێت نەک پیاو. هەموو دامرکانەوەیەکی ئه و جۆرە حەز و چێژانەی، لەگەڵ ئه و دوو هاوڕێ کچەیدا ئەنجامدەدات. نەک هەر ئەوە، ئه و بەڕۆح ئەوانی خۆشدەوێت، عەشقی بۆ ئەوان، عەشقێکە زۆرجار دەکەوێتە سەرەوەی هەمو چێژێکی سێکسی و تێکئاڵان. عەشقێکە لێیەوە وا دەکات سارا هەم خۆی و هەم ڕەگەزەکەی و هەم ژیانی خۆشبووبێت. هەم ڕێز لە پیاوەکان بگرێت و داوای لێبوردنیان لێ بکات کە ناتونێت هیچ کامیانی خۆشبووێت. ئەم حاڵەتەی سارا خاتون، لای پیاوەکان شتێکی بێمانا و حەیابەرەیە، دوورە لە کەلتوور و داب و نەریتەکانی کۆمەڵگاوە. ئاخر چۆن دەبێت شۆخێکی وەک ئەو، پەرییەکی ڕاستەقینە، حۆرییەکی بەهەشت کە بە ئێسقان و خوێنەوە لەسەر زەوییە، لێسبیان بێت و تامی جەستەی پیاو نەکات؟ چۆن دەبێت پیاو له و نیعمەتە سروشتی و ئیلاهییە بێ بەش بێت کە یەزدان، ڕەنگە بە هەڵە فڕێیدابێتە سەر زەوی؟ چ جۆرە پیاوێکیش، ئەوانەی بە یەک فیکە، یەک ئاماژە، یەک چاو داگرتن، دەتوانن ژمارەیەکی زۆر لە کچ و ژنی وڵات، بێننە بەردەمیان و بڕۆنە ئامێزیانەوە.
دروست ئا لێرەوە، عەشق و ئیرەیی و نەگەیشتن بە سارا خاتون، ئەوە وا دەکات کۆشک بشڵەژێت و پڕ ببێت لە دانانی پلانی لەناوبردنی عاشقەکان بۆ یەکتری. پیاوەکان، بە تایبەت موراد و سیامەند، سەروەختێک هەست دەکەن ناگەن بە مەعشوقەکەیان، دەگۆڕین بۆ دوو دڕندە، دوو ئەژدیها و ئامادەن هەمو شتیک وێران بکەن. ئا لەم عەشقە نامورادەوە، کۆشک وردە وردە نزیکدەبێتەوە لە دوا ڕۆژەکانی خۆی، بەرە بەرە بەره و ڕوخان و سووتانی یەکجارەکی دەچێت.
دواجار وەک خوێنەرێک، دەستخۆشی له و زمانە شیعرییە دەکەم کە سەرلەبری ڕۆمانەکەی پێنووسراوە و بووەتە سیمایەکی نایابی ڕۆمانەکە. زمانێک پڕە لە جوانی و پوختی و ڕەوانی، زمانێک هەم شیعرە و هەم پەخشان و هەم فیکر. زمانێک پەلکێشت دەکات و دەرگای کۆشکێکت بۆ دەکاتەوە تێکەڵێکە لە واقیع و خەیاڵ، خۆشەویستی و تۆڵە، سەما و خوێن، ڕاستگۆیی و فەنتازیا. ئەمە بێ ئەوەی لە هیچ شوێنێکدا دووچاری چەقبەستن و گرێ و گۆڵ و ڕسته و پەرەگرافی ناڕێک ببیتەوە.[1]