لە شێوەی نووسینی کۆنی کوردییەوە بۆ کوردی باوی ئەمڕۆ
#بەختیار حەمەسوور#
سەرنجێکی کورت
لەم وتار کورتەدا، کە مێژووی نووسینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر (ساڵی 1927)، کۆمەڵێک باسی گرنگ هاوپێچ و ورووژێنراوە، بۆ نموونە یەک لەوانە؛ مستەفا شەوقی داوا لە نووسەران دەکا بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی نووسین و یەکخستنی زمانێکی یەکگرتووی کوردی، ناکرێت هەر کەس لە ئاستی خۆیەوە هەستێت و بڵێت من وا دەنووسم و وا نانووسم، بەمە هیچ ناکرێت. دیارە ئەم نوختەیە بۆ ئەمڕۆیش تەواو بەڕاست دەگەڕێ، دەبینی هەر دەزگا و نووسەر و کەسێک هەڵدەسێ، دەستوور و خاڵبەندی و ڕێنووسی تایبەت بە خۆی هەیە و دەڵێت من وا دەنووسم و ئەوەی من ڕاستە، زمانی نووسینی ئێمە؛ گرفتاری گرفتێکی لەمێژینەیە.
جیا لە کۆمەڵێک نوختەی گرنگی تر، سەبارەت بە زمان و شێوازی نووسین و زمانی نووسین و قسەکردن و هاوکات کوردیی پەتی و پوخت و وشەی بێگانە و ناکوردی و هاتنیان بۆ ناو زمانەکەمان و مامەڵەکردن لەگەڵیان، داواکردنی زمان و ڕێزمانێکی یەکگرتوو و هەروەها دانانی قامووسێک کە سەرجەم وشە کوردی و ناکوردییەکان بگرێتە خۆی، چاپی کتێب و ڕۆژنامە و… نامەوێت ڕوونکردنەوەی پتر بنووسم، خوێنەر دەتوانێت زۆر وردەکاریی و سەرنج ببینێتەوە. هەر ئەمەش بوو وای کرد ئەم لاپەڕە کۆنە هەڵبدەینەوە و بیخەینە بەردەم خوێنەران.
نووسینمان مستەفا شەوقی
لە دنیادا ناو و نیشانەی بوون و ژیانی هەموو قەومێک بە زمان و نووسینی خۆیەوە لە ڕیزی ئەقواما دەناسرێت. ناو و ناوبانگی بەری و نزمی گشت میللەتێک بە زمان و نووسینەوە ناونووس دەکرێت.
لەبەر ئەوە: ئەمڕۆ بۆ ئێمە خزمەتی هەرە هەرە گەورە هەتا پێمان دەکرێت، بە کۆمەڵێکی تایبەتی، بە گرامەر و قامووس و بە کتێب و ڕۆژنامە، بە زمانی کوردی خۆماڵی. بناغەی نووسین ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەیە. بۆ ئەوەی کە لەومەولا زمان و نووسینمان نەئاڵۆزێت و گۆج و کۆڵەوار نەکرێت!
بەڵێ: هەندێ قسە هەن کە وا تێکەڵ بە زمانمان بووە و ئەمڕۆ لە زمانی خۆمانا نایبینین و نایزانین. ئەوانە هەمووی هەیە و هەبووە. خۆمان ناومانە بەلاوە و لەناومان بردووە. ئەوەیش ئەنجا بە ڕێکخستنی قامووسێک دادەمەزرێت، کە لە شێوەی زمانی میللەت بکا و لە پێویست زەمانە بوەشێتەوە.
ئەگینا بۆ نووسینی کوردی پەتی هەچ کەس لە لایەکەوە بە جۆرێک! نە بە قسەی نەدی و نەناسراو بڵاوکردنەوە: نە بە زمانێکی تر، تێکەلوپێکەڵ و ڕازانەوەی کە ناکرێت.
جارێ نەختێ تێبینی بکەین دەزانین: هەروەکو لە گشت زمانێکا قسە و نووسین لە یەک ناکەن، هەموو خوێندەوارییەکیش کتێب و ڕۆژنامەی پێ نانووسرێتەوە.
زمانمان زمانێکی ڕەنگین و شیرین و فراوانە. و بە تایبەتی شێوەی نووسینمان سەربەخۆیە: لەگەڵ ئەوەیش بۆ ڕاست و ڕواننووسین جگە لە زمانی کوردی هیچ نەبێت لە زمانێکا شارەزایی و ڕێوشوێنی گەرەکە. بۆ ئەوەی کە بناغەی تازەی نووسینمان نەشێوێت و خواروخێچ دانەمزرێت: خوا وابکا! (ڕەهبەرمان کە حوکوومەت فەخیمەیە، تێبینی بکەن و ئەم کارە خێرە کە بۆ چاکەی ژیانی میللەتێکە، بە دانانی جەمعیەتێکی مەعاریفسازی بفەرموون.)[1]
$سەرچاوە$:
گۆڤاری (پەیژە)، ژمارە (1)، بەغداد 1927