دەقی پەیامەکەی ئومێد خۆشناو لە سەری ساڵی نوێی 2022:
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ، پیرۆزبایی لە خەڵکی #هەولێر#ی پایتەخت و تەواوی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم، هیوادارم ساڵی تازە ساڵی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و باشتربوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و بەدیهاتنی سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتر بێت.
لێرەوە بە پێویستی دەزانم، جارێکی دیکە سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی شەهیدانی هێرش و پەلامارە تیرۆرستییەکانی ئەم دواییەی #داعش# و قوربانیانی لافاوەکەی هەولێر بکەم، هەروەها سوپاسی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و ئیدارەی سەربەخۆکان و ڕێکخراوە خێرخوازی و کەسایەتییەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بکەم، کە لەکاتی هەر دوو ڕووداوە کارەساتبارەکانی کە بەهۆی لافاوەوە بەسەر شارەکەماندا هات، لە بەهانەوە چوون و یارمەتیدانی لێقەومان لەگەڵ هەولێر بوون، درێغییان نەکرد، هەڵوێستیان پەیامێکی نیشتمانی گەورە و مایەی شانازییە و لەلای ئێمە لەبیر نەکراوە.
ئەگەرچی ساڵی 2021، ساڵێکی پڕ زەحمەت و سەخت بوو، لە لایەک بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا و لەدەستدانی ئازیزان، لە لایەکی دیکەوە بەهۆی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە سروشتیانەی بەسەر شارەکەماندا هات.
لەهەمانکاتدا ساڵێکی پڕ لە دەستکەوت بوو لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، دڵنیایی دەدەینە هاووشاریان و هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، هەروەک چۆن لە 2021، لەو ساڵە پڕ زەحمەت و قەیرانە داراییەدا توانیمان خزمەتیان بکەین و دەستی خزمەتگوزاریی لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بگەیەنین بە زۆر شوێن، بەهەمان شێوە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی لە ساڵی نوێدا بگرە زیاتر بەبێ جیاوازی و بەشێوەیەکی یەکسان لە سەنتەری شار و هەموو گوند و ناحییە و قەزاکانی سنووری پارێزگاکەمان بە تایبەتی لەگەڕەک و شوێنە هەژارنشینەکان و ئەو شوێنانەی کەمترین دەستی خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە خزمەتکاری هاووڵاتییانی خۆمان بین.
دڵنیابن بەردەوام دەبین و بەشەو و ڕۆژ ناوەستین، هەرچی لە تواناماندابێت و بۆمان بکرێت لە خزمەتکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی و پاراستنی ئارامی پایتەخت و سەروماڵی هاووڵاتییان و هاووشاریانمان درێغی ناکەین.
جارێکی دیکە ساڵی نوێتان پیرۆزبێت و بە ئومێدی ئەوەی ساڵی نوێ، ساڵی ئارامی و خۆشگوزەرانی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو لایەک و ساڵی خێر و بەرەکەت بێت.
دووربن لەناخۆشی و نەخۆشی
ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2021.12.31[1]