بابەت: یاداشت
نووسین: لەشکر حەمەساڵح
یاداشتەکانی شۆفێرێک
ئه و ڕێگە گرنگەی ساڵانێکە پشتگوێخراوە
#29-12-2021#
لە شاری #سلێمانی# یەوە بەڕێدەکەوین بەره و سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین -#ڕانیە#. تا دەگەینەشارۆچکەی دوکان، ڕێگەوبان زۆرباش و گونجاوە و دوو سایدە، بەڵام کە لەوێندەر دەردەچێت تا دەگەیتە نزیک #هیزۆپ# و پێش لادان بەره و #سماقوڵی# و تێپەڕین بەره و هەولێر، ڕێگەکە زۆر خراپە.
ئه و چەند کلیۆمەتر ڕێگەیە، چەند ساڵێکە بەپچڕ پچڕی کاری تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی بکرێتە ڕێگەیەکی باشتر و گونجاوتر کە هەم دوو ساید بێت، هەمیش بەرگەی ئه و لۆدە زۆرە بگرێت کە بەهۆی هاتوچۆی سلێمانی – هەولێر و هەولێر – ڕاپەڕین و سلێمانی – ڕاپەڕین لەسەری دورستبووە.
بەڵام بەهۆی خراپی باری داراییەوە، جێبەجێکردن و تەواوکردنی پڕۆژەکە چەند ساڵێک لە وادەی دیاریکراوی خۆی دواکەوتووە، له و کاتەی به و ڕێگەیەدا تێپەڕین، تەنانەت لە کاتی گەڕانەوەشدا، هیچ کرێکار و ئەندازیار و ئامێرێکمان نەبینی سەرقاڵی کارکردن بن.
نازانین بیانوو و پاساوی لایەنی پەیوەندیدار چییە و بۆچی هێشتا ئاسۆیەکی ڕوون نییە کەی ئه و پڕۆژەیە تەواو دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە لە دوای دەستپێکردن به و پڕۆژەیە، چەندین پڕۆژەی تر، بەتایبەتی پڕۆژەی ڕێگەوبان، لە هەندێک ناوچەی کوردستاندا دەستیان پێکرد و وا خەریکە تەواو دەبن بەڵام ئه و ڕێگە گرنگە، کە ڕۆژانە هەزاران کەس پێیدا تێدەپەڕن، هەر تەواو نابێت.
کاتێک شۆفێران و تەنانەت ئه و کەسانەشی کە بەشێوەیەکی بەردەوام ئه و ڕێگەیە بەکاردەهێنن، لە بارەی ڕێگەکەوە دەدوێنین، بەکورتی و پوختی ناوی دەنێن ڕێگەی مەرگ. بەتایبەتی ئه و بەشەی کە ڕێگە کۆنەکە بەرزترە لە ڕێگە تازەکە و بڕینی زۆری تێکەوتووە، شەوان یان لە کاتی تەمومژی وەرزی سەرمادا زۆر مەترسیدارە و هیچ نیشانە و هێمایەکی وریاکردنەوە و ڕووناکی و هێمانی هاتوچۆی بۆ دانەنراوە.
کاتێک قسە لەسەر ئەم ڕێگەیە دەکەین، قسە لەسەر ڕێگەیەکی لاوەکی ناکەین، هەروەک قسە لەسەر ڕێگەیەکیش ناکەین کە بایەخی ئابووریی نەبێت، بەڵکو ئەم ڕێگەیە زۆر گرنگە، تەنها ڕێگەیە کە چەند ناوچەیەکی فراوان و دوور لە یەکتری بەیەکەوە دەبەستێتەوە و لەم کاتەدا هیچ ڕێگەیەکی جێگرەوەی نییە، مەگەر ڕێگەی بەری مەرگە و چیای قەرەسرد کە حاڵی لەم ڕێگەیە زۆر خراپترە و کارکردن لە پردەکەی دەربەندیش ڕاوەستاوە، ئەوە ڕێگەی بناری کۆسرەتی دامێنی بەنداوی دوکانیش هەر باس ناکرێت.
[1]