دەقی پەیامەکەی #مەسرور بارزانی#:
هاونیشتمانیانی بەڕێز،
مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.
ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەند بوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و ڕێکخراوی نێوەدەوڵەتی.
بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە ڕێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی هاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی ڕێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن.
من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە.
سەلامەتیی ئێوە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرینگترە.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/5/29[1]