بابەت: وتار
ناونیشان: دەنگی عەقڵ؛ هێمن و خامۆش
نووسین: #یوسف عزەدین#
چ سەیرە گەورە بیرمەند و فەیلەسوفێکی بەنامێی وەک ئەرستۆ، خوڵقێنەری پرسیارە پڕ ئیشکال و وروژێنەری پارادۆکسە مەعریفییەکان، زۆر ڕاشکاوانە و بە زوبانێکی بێ گرێ و گۆڵ بڵێت؛ کۆیلەداری و بەکۆیلەکردنی ئەوانی دیکە لە پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانە و حەتمەن پاساوی بۆ ئەمەش لەو دۆگمایەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێیوایە خەڵکانێک بەخانەدانی دێنە دنیاوە و خەڵکانیکی تریش بۆیە دێنە دنیا تا ببنە کۆیلە و مامەڵەیەکی هاوشێوەی ئاژەڵان یان بگرە لەوان کەمتریشیان لەگەڵ بکرێت.
خودی ئەو ئەرستۆیەی کە بەیەکەمین ئوستاد ناسراوە، پێی وابووە شاڵاوە سەربازییە داگیرکارییەکانی خاوەن کۆیلەکان، بەتایبەتیش گریکەکان بۆ بەدەستهێنانی کۆیلە، شەرعی و ڕێگەپێدراوە؛ هەروەک چۆن ڕاوکردنی ئاژەڵان شەرعی و ڕێگەپێدراوە؟! چەمکی ئازادی لای ئەو بەواتای مانەوەی خاوەن کۆیلەکان لە دەسەڵاتی ڕەهایاندا و هەروەها مانەوەی کۆیلەکانیش لەکۆیلەبوونیاندایە کە بە بۆچوونی ئەرستۆ ئەوپەڕی چاکەکارییە کاتێک کۆیلەیەک دەکرێتە کۆیلە و بەمەش بەختیار دەبێت لە ژیانێکی ئازادانەی تایبەت بەخۆیدا؛ چونکە ئەو تەنها بۆ ئەوە هاتۆتە دنیاوە، تا ببێتە کۆیلە. هەر بۆیە سەیر نییە، کاتێک دەزانین لە هەندێک جاراندا، ڕێژەی کۆیلەکان لەسەدا هەشتای دانیشتوانی ئەسینای پێکهێناوە و جگە لەسیاسەتکردن و بەشداریکردن لەحوکم و دەسەڵاتدا کە قەدەغەبووە لێیان. لە زۆرێک کاری جۆراوجۆردا بەکارهێنراون و بەڕای ئەرستۆش باشترین جۆرەکانی کۆیلەش، لە ڕەگەزە ئاسیایی و نەتەوەکانی تری جیاواز لە ڕەگەزی گریکیدا هەڵدەکەون و هەموو ئەو ڕەگەز و توخمە مرۆڤە غەیرە گریکییانەشی بە بەربەر ناوبردووە!؟
باشترین نموونەیەکی زیندووش بۆ بەرجەستەبوون و پڕاکتیزەکردنی بیرۆکەی بەکۆیلەکردنی میللەتانی تر، لەخودی کار و کردەوەی داگیرکارییانەی ئەسکەندەری مەکەدۆنی؛ شاگردەکەی ئەڕستۆدا دەبینینەوە.
بەسەرهاتی بەکۆیلەکردنی مرۆڤ و قۆناغی کۆیلەداری لەڕووی مێژووییەوە، زۆر پێش ئەسکەندەری مەکدۆنی دەستیپێکردووە و پاش چەندین سەدەی یەک لە دوای یەکیش ئیدامەی هەبووە و لە هەمووشی سەرنجڕاکێشتر و تراژیدیتر، داهێنانێکی ئیبلیسیانەی مرۆڤ بووە، بۆ خەساندنی کۆیلەکان؛ نەک هەر هاوشێوەی ئاژەڵان، بەڵکو زۆر لەوانیش خراپتر!.
سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ پێش زایین، سیستمی کۆیلەداری لای سۆمەرییەکان لەمیزۆپۆتامیادا دەبینرێتەوە و پاشان ئاشوورییەکان یەکێک بوون لەو دەسەڵاتدارە دڵڕەقانەی بەنامێ بوون لەخەساندنی کۆیلەکانیاندا، هەروەها فیرعەونییەکان، چینییەکان و…!؟
پێناچێت بەدرێژایی مێژوو، هیچ حوکم و دەسەڵاتدارییەک بەخستنەگەڕی ئەقڵانییەت و جێبەجێکردنی نەرم و نیانی، توانیبێتی درێژە بەتەمەنی حوکمی خۆی بدات و ڕەنگە ئەستەمیش بێت، دەسەڵاتێکی لەو چەشنە ڕاشکاوانە لە ماوەیەکی زەمەنی بەرچاودا ببینرێتەوە!؟
ئیدی مێژووی کڕین و فرۆشتنی کۆیلەکان و بەکارهێنانیان بەدرێژایی مێژوو بەردەوام دەبێت، تا دەگاتە سەردەمی دەسەڵاتدارە ئەمەوی و عەباسی و سەلجووقی و دواجار لای عوسمانییەکان لە شێوازێکی پەرەپێدراو و سیستەماتیکدا، دەبێتە دەزگەیەکی تایبەتی گرنگ لەحوکمداری سوڵتانە یەک لەدوای یەکەکاندا. ئەو منداڵە خەسێنراوانەی کە زۆربەیان لەلایەن باندەکانی ڕفاندن و خەساندنەوە دابین دەکران و پاش کڕینەوەیان لەلایەن کاربەدەستانەوە، دوای چەندین جۆر مەشق پێکردن و شێوازی فێرکارییانە، تێکەڵ بە حاشیەی کۆشکی سوڵتان و شوێنە هەستیارەکان دەکران؛ بەتایبەتیش شوێنی تایبەتی مانەوە و گوزەرانی ژن و کەنیزەکەکانی سوڵتان و دەسەڵاتداران. حەتمەن لە زۆر کاروباری جۆراوجۆردا بەکاردەهێنران، لەوانە بەتاڵکردنەوەی ئارەزووە سێکسییە هۆمۆسێکچەڵەکانی سوڵتان و پایەدارەکانی دەوڵەت، تا دەگەیشتە کاروبارە مخابەراتی و سیاسی و سەربازییەکانیش، هەر بۆ نموونە سوڵتان مەحموود یەکێک لە کۆیلەخەسێنراوە باوەڕپێکراوەکانی خۆی گەیاندە بەرزترین پلەی سەربازی و کاروبارێکی زۆری دەوڵەتیی دایە دەست و پلەی پاشاشی پێ بەخشی.
ئەوەی مێژووشی خوێندبێتەوە، دەزانێت چۆن کافوری ئەخشیدی لە کۆیلەیەکی خەسێنراوەوە گەیشتە بەرزترین پلەکانی حوکم و دەسەڵاتدارێتی سەردەمەکەی خۆی.
تەنانەت لای خانەوادەی چینییە هەژارەکان، لە سەردەمانی قۆناغی کۆیلەداری و حوکمی ئیمپراتۆرەکاندا، بەویستی خۆیان و بگرە بەکۆشش و هەوڵێکی زۆر منداڵێک یان چەند منداڵێکی نێرینەیان دەناردە کۆشک تاببێتە کۆیلەیەکی خەسێنراو، بێگومان بەهەمان شێوەش خانەوادە نەدارەکان منداڵی مێینەشیان دەنارد تا ببێتە کەنیزەک. جێگەی سەرنجە کاتێک لەسەرچاوە مێژووییەکاندا، ئاماژە بە بەکارهێنانی منداڵانی ڕەش پێستی کۆیلەی خەسێنراو لە خزمەتکردنی دێر و کڵێساکاندا کراوە و بەتایبەتیش ئەو شوێنە تایبەتانەی کە ڕاهیبەکانی تێدا ماونەتەوە؟!
دکتۆرێکی فەرەنسی بە ناوی دکتۆر کڵۆت کە لەسەردەمی محەمەد عەلی پاشادا، لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا پزیشک و بەڕێوەبەری سێکتۆری تەندروستی بووە، لەکتێبێکی ناوازە و گرنگیدا کە پێشکەش بەخودی محەمەد عەلی پاشای کردووە؛ بەناوی ناساندن یان خستنەڕوویەکی تایبەت بە میسر. لەلایەن محەمەد مەسعودی کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی میسر لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا کراوەتە عەرەبی و لە ل630ی کتێبەکەدا دکتۆر کڵۆت، سەبارەت بەکردەی بەردەوامی خەساندن لەمیسر دەنووسێت:
(ئێستا کردەی خەساندن تەنها لە میسردا ماوە و ئێرە بۆتە سەرچاوەی ناردنی کۆیلە خەسێنراوەکان بۆ شوێنانی تری دنیا، هەردوو شاری ئەسیوت و جورجا تاقانەن لەمانەوەی ئەم کردەیە تێیاندا و کێش باوەڕدەکات؛ سەرانی ئەم کردەیە نەک هەر کۆمەڵیک مەسیحیین، بەڵکو پیاوانی ئەکلیرۆسی قیبتیین کە بوونەتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئایین و پەڵەیەکی ڕەش بەتەوێڵی مرۆڤایەتییەوە… ئەوانە ساڵانە 300 کەس دەخەسێنن؛ بریتیین لە منداڵانێک تەمەنیان لە مابەینی 6-9 ساڵاندایە…)
هەرەوەها دکتۆر کڵۆت لەهەمان سەرچاوەی ئاماژەپێکراوماندا دەڵێت:
(بەو پێیەی پێیان وایە پاییزان لەبارترین وەرزە بۆ خەساندن، لە پاییزدا دەخەسێنرێن و خەساندنیش تەنها بڕینەوەی ئەندامی نێرینە، چووک ناگرێتەوە، بەڵکو گەڵ و گونەکەشی لەبنڕا لەگەڵ دەبڕنەوە و بەخێرایی ڕۆنی قرچاو دەکەن بەسەر شوێنی بڕینەوەکەدا… پاشان خەنەی تێدەگرن و ئینجا منداڵە ئەشکەنجەدراوەکە تا ئاستی سەر ورگی لەنێو عەرددا دەنێژن و پاش بیست و چوار سەعات لەنێو عەردەکەی دەردەهێننەوە و شوێنی برینەکەی بە قووڕی ئەبلیز و ڕۆن چەور دەکەن… بەم کردەیەش چواریەکی ئەو منداڵانەی دەخەسێنرێن دەمرن و ئەوانەی دەشمێنن، ژیانی لەوە دوایان لە بێدەسەڵاتی و ئازاردا دەگوزەرێنن…)
بەسەرهاتی خەسێنراوەکان؛ سامناکترین بەسەرهاتێکی تراژیدییە کە دەلالەتێکی ڕوونە بۆ بێ سنووربوونی دڕندەیی هەموو ئەوانەی بەدرێژایی مێژووی ئەو کردەیە بەشداری ئەکتیڤ و ڕاستەوخۆیان کردووە و ئەوەی وایلێکردین ئەم کورتەپێشەکییەش بخەینەڕوو، بەشێکی کتێبی بیرەوەرییەکانم-ی موسا عەنتەرە
لە بەشی (ئاغای حەرەم و سومبول ئاغا) لەلاپەڕە 519-520دا هاتووە:
خانی دایکی گەورە لە ئەستەنبوڵ، بازاڕێکی گەورەی کڕین و فرۆشتنی کۆیلە بوو، من خۆشم شوێنەکەم بینیووە، کاتی خۆیشی لەوێ، لەسەر سەکۆیەکی وەک سەکۆی شانۆگەری کۆیلەکانیان نمایش دەکرد، بەڵام ئەو کاتەی من بینیم کۆیلەی لێ نەدەفرۆشرا. ساڵی 1923، کاتێک کۆشکی عەبدولمەجیدی دوایین سوڵتانی عوسمانی بێ خاوەن دەمێنێتەوە و پەرش و بڵاو دەبێ، دوای ئەوەی سوڵتان بەرەو ئەوروپا دەرکرا. کۆیلەکان بێ خاوەن مانەوە، ئەوسا لە کۆشک دوو جۆر کۆیلە و جارییەی ڕەش و سپی هەبوو. کۆیلە ڕەشەکان ئەوانە بوون کە لە ئەفریقاوە بەدەستهاتبوون، بەڵام سپی پێستەکان ئەوانە بوون کە لە ئەوروپا و قەفقاسیا هێنرابوونە ئەستەنبوڵ، لە سەردەمەکانی کۆتایی دەسەڵاتدارێتی عوسمانی کۆیلە لە ئەوروپاوە نەدەهێنران، بەڵکو زیاتر لە قەفقاسیاوە کۆیلە دەهات و زۆربەیان چەرکەس و جۆرجی بوون، چونکە خەڵکی وڵاتانی قەفقاس زۆر جوانن. تا ئەو ئاستەی لەوێ شوێنیان بۆ پێگەیاندنی کۆیلەکردبۆوە. دەڵێن پیاوە دەوڵەمەندەکان بایی پێویستی خۆیان زیاتر، کەنیزەکی جوان جوانیان دەکڕی، هیچ یەکێکیشیان لە20-30 دانە کەمتریان نەدەکڕی، جگە لەو کەنیزەکانە 2-3 دانە کۆیلەی گەنجی قۆزیشیان دەکڕی، ئینجا ئەوانەیان بە یەکەوە جووت دەکرد و ئەو منداڵانەی لەوانە دەکەوتنەوە، وەکو بەرخ دەیانفرۆشتن.
[1]