ئەبو خەلیل
نوسينی : #شێرزاد شێخانی#
لەزەمانی مەدا قسەیەک هەبوو لەهەموو مارەکیدا دووبارە دەبووەوە، ئەویش ئەوە بوو کە دەیانگۆت کوڕ نابتە پیاو حەتا نەچتە عەسکەری !
لۆیە ئەو وەختی حیسابی فلسەکی قەڵپیان لۆ کوڕان نەدەکرد حەتا عەسکەری تەواو نەکردبایە !.
نە ژنیان لۆ دەهینا، نە دوکانیان لۆ دادەدنا، نە لەوەزیفەشدا دادەمەزرا حەتا دەفتەر خدمەی پڕ نەبایە.
ئەو وەختی هەمو کوڕەکی ئەو وڵاتە دەبایە خدمەی موکەلەفی تەواو کردبایە کە بە قانون دوو سار بوو، بەس زۆر جاران لەبەر شەڕو شۆڕی ڕژێم تەسریحات ڕادەوەستا حەتا شلوکوت دەبووین لەعەسکەری دەڕزاینەوە..
ئەوجا بەراستیش وابوو، کوڕ قەدروعافييەتی نەدەزانی حەتا نەچووبایە عەسکەری، چونکی لەوێ تەدریباتەکی وەهایان پێدەکردی وەکی برێی دەیانڕزانديەوە، فێری زەبتو ڕەبت و برسیەتی وتێنیەتی دەکرای، لەناو قوڕو چڵپاویان وەردەدای لو بابیشت دەیانکرديە پیاو. ئەوجا بەو حیسابەی کوڕ لە قۆناغی کوڕایەتی دێتە دەرێ و دەبتە پیاو، عائیلەکان زۆر دریان خۆش دەبوو کە کوڕەکانیان سەوقی عەسکەری دەکران..
دوای ئەوەی مەواليدمان بانگ دەکرا لۆ عەسکەری، دەچووینە تەجنید و دەفتەر خدمەیان لۆمان دەردەکرد، هەر لەوێ مەرکەز تەدریبەکیان لۆمان دادەنا، ئەوجا خۆتو شانست، یان دەیانناردیە مەرکەزەکەی کەرکووک یان موسل کە لە#هەولێر#ەوە نێزیک بوون دەمانتانی ڕۆژانی پێنجشەمەو جومعە بە نزول بێینەوە مارێ.
یانیش دەیانناردینە بەغدا کە مانگی تەنها سێ ڕۆژ ئیجازەیان دەداینێ.
دوای ئەوەی دەفتەر خدمەمان وەردەگرت عائیلەکان خۆیان حازر دەکرد لۆ بەڕێکردنی کوڕەکانیان، ئەو ڕۆژەی قافڵە بەڕێ دەکرا حەموو عائیلەکان لە محەتەی قیتاری فلکەی بەتەمای خوای خڕ دەبووەنەوە بە دۆڵ و زوڕناوە دەیانکردە ڕۆژی حەشر، ئەوجا خۆشیەکەی لەوەدابوو ئەو ڕۆژە مارە جیرانەکانیش هەموویان دەهاتنە محەتەی لۆ بەڕێکردنی ئەبو خەلیلەکان.
هەر یەکەو خواردنەکیان لەگەر خۆیان دەهینا، هەندەکیان تورەگەیەک کولیچە، هەندەکیان مەنجەرەک عرووق، هەندەکیان کیلۆیەک پاقڵاوە ئەوجا کە بەسەر دەکەتن لۆ قیتارەکە دۆڵ و زوڕنا ڕادەوەستاو دەبووە گریان و فیغان و بای بای کردن.
کاتەکی دەگەیشتینە مەرکەز تەدریب هەموومان بەشەڕواڵ و کراسەوە لەپێش دەرکەی میرە ڕادەوەستاین وجلکی عەسکەریمان وەردەگرت کە هیچیان بەقیاسی خۆمان نەبوو، نە بەدلەکەو نە پۆستاڵەکەش، دەبایە لەگەر يەکتری بیانگۆڕینەوە، ئەگەر بەوەش چارەسەر نەکرابا، دەبایە ڕۆژی دوایی بیبەینە بازاڕ لەلای خەیاتەکان چاکیان بکەینەوە..
دوایی دەچووینە قەلەم لەوێ ناومان دەنوسراو معاشی سێ دینارو حەفت سەدو پەنجا فلسیان لۆمان دەبڕیەوە.. یەک مانگی ڕەبەق بە چار دینار ڕوبعەک کەم دەبایە بیگوزەرێنین..
ئەوجا تەدریبات دەستی پێدەکرد لەسبەینان سەعات پێنجەوە هەتا پێنجی عەسر، ڕوحیان دەردەهیناین بە یەس یەم و هەروەڵە و زەحف، نائیب زابتەکەش بەدارو پێلاقە دەکەتە سەرمان ئەگەر غەرەتەکمان بکردبایە.
خواردنەکانيشمان، سبەینان نیسکینە و نیوڕانانيش سەمونە ڕەقەکەی عەسکەری و هەندۆکەک برنج بەخاکەناس لۆمانيان دەکردە ناو قسعەکە، ئێوارانیش شۆربای تەماتە، ئاو بینەو دەستت بشۆ !!..
ئەوجا لێرەوە هەرچی نازوفیزی ماری خۆمانە هەموی لە کەپوومان دەهاتەوە، بەراستیش ئەو تەعزیبەی لەوێ دەدراین لۆ ڕۆژانی دوایی قازانجی زۆری هەبوو، چونکی پێش عەسکەری هەمو نەوعە خواردنەکمان نەدەخوارد، پاش عەسکەری بە مزەورەو نیسکێنەش مەمنون بوین.
ئەو چێشتە خەوانەی پێش عەسکەری دەمانکرد، پاش عەسکەری فێر دەبووين لەسەعات شەشەوە لەخه و هەستین و بچینە سڕەی نانی فرنی..
خۆشترين کاتی عەسکەريمان ئه و کاتانە بوو کە عەسران لەمعەسکەرەکانمان بە بن تێلی سياجی معەسکەرەکەوە خۆمان دەدزييەوه و دەهاتينە ناو شار بە جلکی مەدەنی دەگەڕاين، ئەويش زۆر ئاسان نەبوو، چونکی ئەگەر ئينزبات بيديتبای فليمت دەسووتا، هەم سەريان سفر دەکردی، هەم چەند ڕۆژەکيش سجن دەکرای، لۆيە بەس لۆت هەبوو ڕۆژانی دووشەممه و پێنج شەممە بێيە بازار.
ئه و سەردەمە زۆربەی عەسکەرەکانی هەولێر لەچايخانەکەی مام تاقی بابا دادەنيشتن و گێيان لە گۆرانييەکانی سەعدی الحلی دەگرت، هە ندەکيشيان بەناو قەيسەری وەردەبوون، لۆيە ئافرەتەکانی هەولێر ڕۆژانی دووشەممه و پێنج شەمووان نەدەهاتنە بازاڕ دەيانگۆت پڕی عەسکەرە.. ئەمەش عەينەن شت کە لەبەغدا بووين زۆر جار له و دوو ڕۆژەدا دەهاتينە (شارع النهر) لۆ ديتنی کچ ومچانی بەغدا !!..
بەراستی عەسکەری ژیانی ئينسانی بە تەواوی دەگۆڕی، ئەوجا دوای تەواوکردنی عەسکەری دەبوويە پياو و ژنیان لۆ دەهینای، ئەوجا مندارت دەبوو، دوايی مندارەکانت گەورە دەبوون، ئەوجا مەشاکیلی دونیا دەستی پيدەکرد، تەعینات نیە لۆ کوڕەکانت، ئاو سێ ڕۆژ لەگەڕەکەکەتان دەبڕێ، کارەبا ڕەئيسی نامينێ، نەفت لۆ زستان بە دوو وەرەقە دەکڕی، کوڕە گەورەکەت دەيەوێ بچتە خاریج و ببتە قاپ شۆری مەتعەمەکان، معاشت دەبتە شێست ڕۆژ جارەک، ئەوجا لەحەمووشی خۆشتر ئەوەيە کە پێت دەرێن : کاکە خۆ ئيشی حکومەت بەس دابەشکردنی معاش نيە؟
باقی وەلسەلام.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!