ناونیشان: زمانە زاگرۆسییەکان و زمانە ئێرانییەکان
بابەت: زمانەوانی
نووسین: #شاسوار ئەحمەد هەرشەمی#
ڕێکەوت: #07-01-2022#
ناوبەناو، دەبینم کە بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، هەردوو تێرمی مێژویی زمانە زاگرۆسیەکان و زمانە ئێرانییەکان، تێکەڵ دەکرێن، یان بۆ جیاکردنەوەی زمانی کوردیی، یان با ڕوونتر بڵێم، بەلای ناسیۆنالیستانی ناشارەزا لە زانستی زمان، بۆ دوور خستنەوەی کورد و خاکەکەی، لە دەوڵەتی ئێران و بزوتنەوەی فاشیزمی فارسیی و پان ئیرانیزم، بۆ پۆلێن کردنی زمانی کوردیی، چەمکی زمانە زاگرۆسییەکان، لەجیاتی زمانە ئێرانییەکان بەکاردێنن.
با بزانین هیچ لێکچوون و جیاوازیەک لەنێوان ئەو دوو چەمکە و ئەم دوو تێرمە زمانەوانیەدا هەیە؟
ناوی زمانە زاگرۆسییەکان، تەنیا ئەو زمانانەی سەرەتای مێژو دەگرێتەوە، کە زمانی ئەو گەلانە بووە، کە لە بنارەکانی کێوی شاهۆ، یان زاگرۆس ژیاون. وەک ئێلامیی، گۆتیی، نایریی، خالتیی، کاسیی، هوریی و هیدیش. زۆرجاران بەمانە دەگوترا لۆلۆیی و لولوبی، بە واتای جۆراوجۆری وەک چیایی، دوژمن، کەودەن. و تاد.
زۆرێک لەو زمانانە و گەلەکانیان، شوێنەواری زمانەوانییان لەپاش بەجێنەماوە و بۆ ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر نەناسراون. هەندێکیان تەنیا چەند ناوێکی میر و پاشاکانیان زاندراوە، لە ڕێگای تابڵۆ قوڕییە بەجێماوەکانی سومێریی، بابلیی و ئاشورییانەوە. لەو تابڵۆیانەدا، بەتەنێ هەندێک ناوی شوێن و پاشا و شتی کەمی دیان لەسەر دەزانین. هەندێکی دی، نوسراویان بەجێهێشتوە، وەک ئێلامیی و خالتییەکان، بەڵام هێشتا بەشی ئەوە ناکەن تا زمانەکانیان پۆلێن بکرێن، بەڵام بە دڵنیایی لە کوردیی دوورن. ئەو گەل و نەتەوانە، کە پێناچێت خۆشیان زمانی هاوبەشیان لەگەڵ یەک هەبووبێت، پێش هاتنی هیندۆروپییەکان لەوێ ژیاون و خەڵکی بنەڕەتیی و بومیی ئەوێ بوون.
بە دووری نازانم، کە زوربەی ئەوانە، دواتر لە پێکهاتنی ڕووخساری نەتەوەیی کورد، بەشدار بووبن. ئەم قسەیەم، لە ڕووی خوێن و ڕەگەز و پێکهاتەی بۆماوەیی و D N A و شێوە و ڕەنگی پێست و چی و چی، ڕەنگە ڕاست بێت. بەڵام من باسی زمان دەکەم، نەک خوێن.
زمان و نەژاد، دوو شتن، کە هەرگیز پێکناگەن. لە زانستی زماندا، کارمان بە نەژاد و خوێنپاکیی و جیاوازی ڕەگەزیی گەلان نیە. با مێژو، یان زانستی بۆماوەیی D.N.A یش بیسەلمێنێت، کە کورد و فارس و ئەفغان و بەلوچ، خوێن و بنەچەیان لێکجیایە. با مێژونوسانیش بیسەلمێنن و بشڵێن، کە بنەڕەتی کوردان، لە لولو، گۆتی، هوری، هیتی، ماننیی و میدی هاتووە، بەڵام هیچ کەس ناتوانێت بیسەلمێنێت و بڵێت، زمانی کوردیی، سەر بە هەمان خێزان نیە، کە فارسیی و دەریی و گیلەکیی و بەلوچییش دەگرێتەوە.
ئەمە وەک ئەوە وایە، کە سوریی، سودانیی، تونسیی و میسریی، با نەژادیشیان لێکجیا بێت، بەڵام عارەبیی زمانی زگماکیانە. لێرەدا دەردەکەوێت، کە نەژاد و بنەچە، چ کارێکی بە زمانەوە نیە.
کەواتە با لە ڕووی خوێنیشەوە ئێمە زاگرۆسیی بین، بەڵام لە ڕوانگەی هەر گۆشەیەکی زمانەوانییەوە، زاندراوە کە زمانی کوردیی، زمانێکی زاگرۆسیی نیە و هیندۆڕوپییە. لەناو ئەو خێزانە زمانییە گەورەیەشدا، سەر بە زمانەکانی هیندۆ-ئێرانییە. دواتر کە زمانە هیندۆروپییەکان لە سەدەی هەژدەدا پۆلێن کران، بە هۆی بوونی ناوی ئاریانە و ئێران لە نوسراوە کۆنەکانی ئاڤێستا و پەهلەویی، شارەزایان ناویان لەو زمانانە ناوە زمانە ئێرانیەکان. هەروەها لەبەر ئەوەی، کە کورد و بەلوچ و ئەوانەی دیش، بێ دەوڵەت بوون و دواتریش فارسەکان ناوی دەوڵەتی فارس و قاجاریان، لە 1931ز بۆ ئێران گۆڕی، جۆرێک لە حەساسیەت بەرامبەر بە ناوەکە پەیدا بووە، با پێش ناوی دەوڵەتی ئێرانیش، تێرمە زمانەوانیەکە بەکارهاتبێت.
دەبێت تێبگەین، کە مەبەست لە ئێرانیی، ئەوە نیە کە ئێمە لە ڕووی سیاسییەوە، بەشێکین لە ئێران. زمانی ئۆسیتیی لە ڕوسیا و گورجستان قسەی پێدەکرێت، بەڵام دیسان زمانێکی ئێرانییە. زمانی خەڵکی بوخارای ئۆزبەگستان، دیسان بەشێکە لە زمانە ئێرانیەکان، وەک زمانی دەریی، تاجیکیی، دەردیی، پەشتونیی، بەلوچیی. تاتیی، تالیشیی، گیلەکیی، تا دەگاتە سەر فارسیی.
بە هەمان شێوەش، زمانە کۆن و مردووەکانی ئاڤێستایی. مادیی، سوغدیی، خواڕەزمیی، مازندەرانیی، ئازەریی، یەغنابیی و زۆری دیش، هەر زمانانی ئێرانیی بوون.
هیچ شارەزایەکی زمانناسی، ئەو زمانانەی سەرەوە، نەیگوتووە کە نابێت، بە زمانەکەمان بگوترێت ئێرانیی، سەرەڕای ئەوەش هەندێکیان دەوڵەتی خۆیشیان هەیە. دەزانم لەبەر (دەوڵەتی ئێران)، ناوەکە لای بەشێکی کوردان، کە زمانەوان نین، حەساسیەتی پەیدا کردووە.
ڕاستیەکەی، هەموو ناو لێنانەکان، بناغەیەکی زانستیان نیە. شارەزایانی هەموو دنیا، دەڵێن (زمانە هیندۆروپییەکان)، بەڵام ئەلمانەکان بە تەنێ دەڵێن (هیندۆگێرمانی)، کە لە ڕووی جوگرافیشەوە دروست نیە، چونکە جوگرافیای زمانانی کێلتیی و ڕۆمانیی ناگرێتەوه.
وەک لە سەرەتادا گوتمان، زمانە هیندۆروپییەکان، بەسەر کۆمەڵێک لکە زمان، یان بنخێزانە زمان دابەش کراون، کە هەندێکیان گەورە و ناسراون، وەک: بنخێزانەکانی ڕۆمانیی، گێرمانیی، سلاڤیی و تاد. هەندێکی دیش کەمن، یان تاقانەن، وەک ئەرمەنیی. ئەلبانیی و گرێکیی. تا ڕادەیەک زمانانی کێڵتییش (ئیرلەندیی، سکۆتیی، کیمیریی (وێلزی). بەشێکیشیان زمانی لەناوچوون و تەنیا دەق و نوسراویان لێ بەجێماوە. وەک هیتیی. سانسکریتیی. ئاڤێستایی. لاتینیی. لوڤیی.
هەروەک ناوی زمانە ئێرانییەکان، لەگەڵ جوگرافیای سیاسی ئێران وەک دەوڵەت یەک ناگرێتەوە. زمانە ئێرانییەکان بە پانتاییەک بڵاوبوونەتەوە، لە کێوەکانی پامیر و هیندوکوشی تاجیکستان دەست پێدەکات، تا دەگاتە کەنداوی فارس و سەر دەریای ناوەڕاست. لە باکوریش، لە ئەنادۆلەوە، تا دەگاتە پشت کێوەکانی کەفکاسەوە.
هاوکات، شوێنی جوگرافیای بوونی زمانەکانیش، بە دروستی لەگەڵ دابەش بوونیان بەسەر ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی ناگونجێت. بۆ نمونە بەلوچیی دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵات، بەڵام زمانێکی سەر بە باکوری ڕۆژئاوایە. ئۆسێتییش دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوا و ئەو دیو کەفکاسەوە، کەچی سەر بە زمانە ڕۆژهەڵاتیەکانی ئێرانییە. بە گشتی سنوری نێوان لکە زمانەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، بیابانی کەویری ناوەڕاستی ئێرانە.
زمانە ئێرانییەکان، بریتین لە یەکێک لە بنخێزانە گرنگەکانی زمانە هیندۆروپیەکان. زمانە ئێرانییەکان کۆمەڵێک زمانی لەناوچوو و زمانی زیندو لەخۆ دەگرێت. لە زمانە لەناوچووەکان، میتانیی، مانیی، مادیی، ئاڤێستایی، پارتیی، پەهلەویی، ئازەریی، تەبەریی، سوغدیی، مازندەرانیی، خوزیی و هیدیش.
ئاڤێستایی یەکێکە لەو زمانە کۆنانەی هیندۆروپی، کە شان بە شانی سانسکریتیی، گرێکیی و لاتینیی، دەقی نوسراوی بۆمان ماوەتەوە.
زمانە ئێرانییەکان، بۆ سەر دوو دەستە زمان دابەش دەبن. ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی. ئەوانیش دەبنە چەند بەشێک. وەک:- زمانەکانی باکوری ڕۆژئاوا: لەناویاندا، کوردیی (بە زاراوەکانی هەورامیی و زازاکیی، یان دملیی). بەلوچیی. ئازەریی کۆن. تاتیی. تالشیی. ئیشتیهاردیی و....
زمانەکانی باکوری ڕۆژئاوای ناوەندی: لە ناویاندا، خوانساریی. نایینیی. بەهدینانیی، یان دەریی زەردەشتیی. هەروەها زمانە خەزەریەکان، وەک گیلەکیی. مازندەرانیی. تەبەریی و....
زمانەکانی باشوری خۆرئاوایی: لەوانە فارسیی، لوڕیی، لاریی و....
ئینجا زمانە ڕۆژهەڵاتییە نوێکان: لەوانە، پەشتونیی. واخیی. ئۆرموریی. پەڕاچیی. یەغنۆبیی. ئۆسێتیی. شوغنیی. یدغەیی. ڕۆشەنیی. مونجیی و....
هەروەها زمانە کۆنەکانی خۆرئاوایی: ئاڤێستایی. مادیی. پارتیی. پەهلەویی.
[1]