قیتاری #هەولێر#
وێستگەی شەمەندەفەری شاری هەولێر کە بە (مەحەتەی قیتار) ناسرابوو لە ساڵی 1943 بۆ 1944 دەستی پێکرد لە ژێر سەرپەرشتی ئەندازیارێکی هیندی کە بەرپرسی باڵای ئەندازیاران بوو بە ناوی “محەمەد عەلی هیندی” وە لە ساڵی 1949 پرۆژەکە تەواو بوو و بۆ یەکەم جاروێستگەی شەمەندەفەر لە هەولێر کرایەوە.
ئەم شەمەندەفەرە لەنێوان هەرسێ شاری هەولێر و #کەرکووک# و بەغداد خەڵکی دەگواستەوە، هەموو ڕۆژێک کاتژمێر (10) ی سەر لە بەیانی دەگەیشتە شاری هەولێر و کاتژمێر (5) ی پاش نیوەڕۆ بەرەو کەرکووک بەڕێ دەکەوت، پیاوانی بەتەمەنی شاری هەولێر دەڵین کەوا بە (3) کاتژمێر لە هەولێرەوە دەگەیشتە کەرکووک، واتا کاتژمێر (5)ی پاش نیوەرۆ لە هەولێرەوە دەردەچوو کاتژمێر (8) ئێوارە دەگەیشتە کەرکووک.
وێستگەی هەولێر دوو بەڕێوەبەری هەبوو “عەبدولرەزاق دۆغرەمەچی” و “یەحیا خۆشناو”، ئەم وێستگەیە بە بنکەیەکی سەرەکی وێستگەکان دانرابوو، چەندین کارمەند و کرێکاری تایبەت بە چاککردنەوەی شەمەندەفەرەکە و هێڵە ئاسنینەکەی دابین کرابوو، کاتێک شەمەندەفەرەکە خەریک بوو دەگەیشتە وێستگەکە فیکەی گەیشتنی لێدەدا بۆ ئاگادار کردنەوەی کارمەندانی وێستگەکە، هەر کە شەمەندەفەرەکە دەگەیشتە هەولێر هەموو گرفتەکانی شەمەندەفەرەکەیان چارەسەر دەکرد و ئاویان دەکردە تەنکی شەمەندەفەرەکەوە.
شاهێدحاڵانی شاری هەولێر باس لەوە دەکەن کاتێک بۆ یەکەم جار ساڵی 1949 وێستگەکە دروست کرا، ئیدی بەرە بەرە جولەکەکانی هەولێر بەم شەمەندەفەرە ڕۆشتن و شاریان بەجێهێشت
شوێنکەی دەکەوێتە پارکی شاندەری ئێستا.[1]