نامەیەکی مێژووی
جەنەراڵ (#ئیحسان نوری پاشا#)
نامەی جەنەڕاڵ (ئیحسان نوری پاشا)
لە تورکیەوە بۆ عەرەبی: (ئەحمەد عەکاش)
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: عمران هاواری
$سەرەتا ئەو جەنەڕاڵە کێیە؟$
لە ساڵی 1893 لە دایک بووە و لە ساڵی1976 لە شاری تاران کۆچی دوایی کردووە.... ئەو کەسایەتیە فەرماندەی شۆڕشی ئاغری و سەرۆکی یەکەمین کۆماری کوردە لە مێژودا وە بە(هەڵۆی کێوی ئاگری) ناسراوە، هەروەها نازناوی جەنەڕالیش هەر لە خۆیەوە لێی نەنراوە بەڵکو یەکێک بووە لە جەنەڕاڵەکانی لەشکری تورکیا و لێیان جیا دەبێتەوە بۆ ئەوەی ڕێبەرایەتی شۆڕشێک بکات دژی دەوڵەتی تورکیا، بۆیە ئەو یەکەمین ڕابەری کوردە کە بەڕاستی پلە و نازناوی (جەنەڕاڵ)بووە.
ئەمەش نامەکەیەتی لەناو جەرگەی شۆڕشەوە بۆ هاوڕێکانی لە حیزبی (خۆییبون)بۆ (ئەمیر جەلادات بەدرخان)ی ناردوە کە بەم شێوەی خوارەوەیە
بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی (خۆییبون)
هاوڕێ خۆشەویستەکانم٫ لە ساڵەکانی 1926- 1930 شۆڕشی نیشتمانی لە ئاگری بەردەوامە و، دەۆڵەتی تورکیاش بۆ دامرکاندنەوەی ئەم شۆڕشە هەموو کەرەستە و ڕێگایەکی دڕندانەی گرتووەتە بەر، هەر لە کوشت و کوشتاری خەڵکی بێ دەرەتان و وێرانکردنی گوندەکانەوە بگرە تا بۆمبارانکردنی هەڕەمەکی ناوچەکان، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش هێشتا دەستەپاچەیە لە بەدی هێنانی ئامانجەکانیدا. سەرەڕای گرفتی ئابوری جیهانی کە لە ساڵی 1929 وە دەستی پێ کردووە، لەو کاتەوە دەولەتی تورکیاش بە هۆی گرفتی ئابوریەوە دەناڵێنێت، هەر لە تێچوی خەرجی لەڕادەبەدەری سەربازیەوە بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشەکەمان، دوچاری گرفتێکی قوڵ بوەتەوە و بەم زوانەش ڕزگاری نابێت، بۆیە دەوڵەتی تورکیا ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات لە پێناو دروستکردنی تۆڕێکی سیخوڕی بۆ ئەوەی لە ڕێیانەوە خیانەت بەناو گەل و شۆڕشگێڕەکاندا بڵاو بکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بەو سەرۆک خێڵانەوە دەکات کە زۆرێک لە خەڵکەکانیان پەیوەندیان بە شۆڕشەوە کردووە، بۆئەوەی بیانکەن بە بەکرێگیراوی خۆیان، ئەوەش لەڕێی تەماعی پارەوە دەکەن، هەروەها بەخشینی پلە و پایەی دەستەڵات پێیان، هەروەها بەوەشەوە ناوەستێت بەڵکو پەیوەندی بە خێزانی شۆڕشگێڕە کوردەکانیشەوە دەکەن، لە لایەکەوە لە ڕێی پێدانی پارەیەکی زۆرەوە فریویان بدات و لەلایەکی تریشەوە گەر بەوە ڕازی نەبون دەستگیر و ئەشکەنجەیان دەدات و هەڕەشەیان لێ دەکات تا وا لە منداڵ وخێزانەکانیان بکەن پاشگەز ببنەوە، بەڵام هەموو هەوڵاکانیان بەفیڕۆ چوو،
لە ساڵی 1928 دا دەوڵەتی تورکیا پەیوەندی بە زۆرێک لەو سەرۆک خێڵانەوە کرد کە پەیوەندیان بە شۆڕشەوە کردبوو و داوای لێ کردن دەست لە یاخی بونەکان ئێمە هەڵگرن، لە بەرامبەردا خۆی کێشەی کوردیان بۆ چارەسەر دەکات، هەروەها بەڵێنی پلە و پایەیەکی زۆری پێدان، بەڵام هەمویان دەیانزانی ئەمە بێ لە یەکیک لە فێڵەکانی دەوڵەتی تورکیا هیچی تر نیە،
لە ساڵی 1926 دەوڵەتی تورکیا ڕێکەوتنێکی سنوری لەگەڵ ئێراندا مۆر کرد بەناوی (رێکەوتنی ئاسایش و هاوڕێیەتی) ئەم ڕێکەوتنەش بە ڕێکەوتنێکی تر نوێکرایەوە لە بەرواری 15 حوزیرانی ساڵی 1928 دەقی ئەو ڕێکەوتنەش تورکیا بەڵێنی داوە کە هەموو ئەو ئازەریانەی لە تورکیادان و داوای سەربەخۆبونیان دەکەن لە دەوڵەتی ئێران دەربکات و چیتر هاوکاریان نەکات،
لە بەرواری 14-27 ئەیلول تورکیا بە سەروکایەتی (ساڵح ئۆمورتاک) بە پشت بەستن بە پێشکەوتووترین چەک و دەیان هەزار سەرباز دەستی کرد بە هێرش کردن لە ژێر ناوی (ٚچالاکیەکانی تەندورەک) دژی شۆڕشەکەمان لە (ئاگری) و سەرەبازەکانی لەسەر سنوری نێوان ئێران و تورکیادا بڵاو کردەوە و لەو ڕێیەوە ویستی ئاستەنگ لە هاتنی هێزی پشتیوانی (شیخ عبدالقادر) دروست بکات و لەلاکەی تریشەوە شەڕ لەگەڵ ئێمەدا بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش ئەو جەنڕاڵە نەیتوانی ئیرادەی شۆڕشەکەمان بشکێنی، بەڵکو هێزەکانمان زیانێکی زوریشی پێ گەیاندن.، لە بەرواری 29 ئایار لەشکری تورکی لەناوچەی بۆتاندا دەستی کرد بە چالاکی سەربازی و ناوی لێ نا (چالاکی میدیان و جەزیرە) بۆ ئەوەی لەو ڕێیەوە ڕێگری لە پەیوەندی کردنی جەنگاوەرە کوردەکانی ئەو ناوچە بکات بۆ ناو ڕیزەکانمان، دەتوانم بڵێم تەواوی ناوچەکانی (سەرحەد) و دەوروبەری جەنگ و ڕوبەڕوبونەوەیەکی مەزنی تێدا دەبینرێت لە نێوان جەنگاوەرانمان و لەشکری تورکیادا، دوژمن هێزێکی زۆر کۆکردووەتەوە و بە هەزاران سەربازەوە هاتوە لەگەل بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنیەوە هاتووە بۆ ناوچەکەمان و ئامادەکاری دەکات بۆ چالاکیەکانی لەوەرزی بەهاردا، دەوڵەتی (بریتانیا)ش بەهەموو شێوەیەک هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکات لە پێناو لەناوبردنی شۆڕشەکەمان، زۆربەیئەو بۆمبارانەی لە ڕێی فڕۆکەوە دەکرێتە ناوچەو گوندەکانمان، زۆربەی بۆمبارانەکان فڕۆکە بریتانیەکان دەیکەنە سەر گوندەکانی دەوروبەری (قەرەکۆسە) بەواتا (ئاگری) ئەو گوندانەش بە تەواوی وێران کراون، هەروەها هەزاران خەڵکی بێ دەرەتانی کوردیان لەگەڵ تەواوی ئاژەڵ و وڵاخەکانیان کوشت، دوای تەواوی بونی بۆمبارانی فرۆکەی تورکی و بەریتانیەکان بۆ سەر گوند و شوێنی شۆڕشگێڕان، دوای ئەوە تۆپهاوێژەکان دەست دەکەن بە بۆمبارانی خۆیان بۆئەوەی تەڕ و وشک لەناو ئەو گوندانەدا بسوتێنن و هیچیان بە ساقی نەهێڵا، هەروەها ڕێگایان لە گوندنشینەکانیش دەگرت بڕۆنە لەوەڕگاکانیان و هەرکەسێکیان لەو ناوچانەدا ببینیایە لەگەڵ وڵاخ و مەڕەکانیدا دەیانکوشت، بۆیە گەمارۆیەکی خنکێنەریان بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیە سەپاندووە و ناهێڵن خواردن و دەرمانیان بۆ بچێت، هەموو ئەو کارانەشیان تەنها بۆ شکاندنی ئیرادەی خەڵک و ملکەچ کردنیانە تا دەست لە شۆڕش بەردەن بڵام سەرەڕای ئەوانەش گەل دانی بەخۆیدا گرتووە، دەتوانم بڵێم تا ئێستا بە دەیان هەزار کەس لە گەلەکەمان کوژراوە و خوێنیان لە هەموو شوێنێکدا دەچۆڕێت و لاشەکانیشیان بەسەر گرد و ناو دۆڵەکاندا بڵاو بونەتەوە، دەولەتی تورکیا بەکوشتنی گوندنشینانی بێ دەرەتان و بە دەسبردنە ئەو قەتلوعامە، خۆی وا وێنا دەکات، کاری نیشتمانی ئەنجام دەدات و ئەم چالاکیە نیشتمانیە خەیاڵپڵاوانەشی بەگەلەکەی خۆی و ڕای گشتی جیهانیش دەفرۆشێتەوە.
بەریتانیا خۆی ئێرانی ناچار کرد (ڕێکەوتنی سەرسنور) لەگەڵ تورکیادا مۆر بکات، لە ئەنجامی ئەم ڕێکەوتنەش ئێران بەشێک لە کێوی (ئاگری بچوک)ی دا بە تورکیا، بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێ سەربازەکانی لەو ناوچەیە بڵاوە پێ بکات تا لەو ڕێیەوە بتوانێت گەمارۆی شۆڕشەکامان بدات، هەروەها بۆ بڕینی هەموو ئەو هاوکاریانەی بۆ شۆڕشەکەمان لەڕێی ناوچە کوردەکانی ئێرانەوە دەهاتن بۆمان،
سێ ئەفسەری سەرلەشکری تورکیا بۆ ماوەی چوارساڵ، نەیانتوانی نوکە دڕکێکی ئیرادەی شۆڕشەکەمان بشکێنن،
بە هۆی شۆڕشی شێخ سەعیدەوە لەسەرەتادا بڕیاری (لێخۆشبون)یان دەرکرد بۆ هەندێک زیندانی و دورخراوەکان، ئێستاش دەیانەوێت (لێخۆش بون) بۆ ئەو کەسانە دەرکەن کە دەست لە شۆڕش هەڵدەگرن و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ.
هەروەها داوایان لە (برویە حسکیە تیلی) و خالس بەگ) و منیش کرد خۆمان بدەین بەدەستەوە، لەبەرامبەردا هەرچی داوایەکی تایبەتیان لێ بکەین بۆ خۆمان بۆمان جێ بەجێ بکەن و هەروەها پێیان وتین ئامادەن هاسەرەکەم (یاشار خانم) لە ئەستەمبولەوە بۆ بهێنن و بمنێرن بۆ ئەووڵاتەی خۆم بمەوێت بە پاسپۆرت و فیزەی ڕەسمی بمنێرن، بەڵام کاتێک هەموو هەوڵەکانیان بە فیڕۆ چوو و شکستی هێنا. ناچار بون پەنایان برد بۆ تازەکردنەوەی (ئاسایشی سنور) لەگەڵ ئێراندا. لە ئەنجام ئەم ڕێکەوتنەشدا تورکیا دەستبەرداری هەندێک ناوچەی (وان) مێژویی بوو بۆ ئێران لەبەرامبەر هەندێک ناوچەی شاخاوی دەیم لە شاخی (ئاگری بچوک) بەم شێوەیەش ئێستا تورکیا بەسەر تەواوی سنورەکانی شاخی (ئاگری)دا زاڵ بووە، لە پێناو گەمارۆدان و خنکاندنی شۆڕشەکەمان، دەبینین کڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕکردن بەناوچەکانمانەوە دەکەن وەک بڵێ مڵکی باوباپیریان بێت!
فرۆکە جەنگیەکان شەو و ڕۆژ ناوچەکانمان بۆردومان دەکەن، دوای ئەم ڕێکەوتنە و بڵاوبونەوی سەربازی تورکی بە تەواوی سنوری شاخی (ئاگری)دا دەتوانم بڵێم ئێمە ئێستا لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوین، یەکێکیتر لە گرفتە مەزنەکانمان ئەوەیە کە (یەکێتی سۆڤیەت)یش بە هەموو شێوەیەک هاوکاری تورکیا دەکات و هەموو هاوکاریەکیشی پێشکەش دەکات،
ئێستا ئێمە لە جەنگێکی خوێناویدا دەژین، زیانە مرۆییەکانیش لە هەردوو لا زۆرن(ئێمەو و لەشکری تورکیاش)، لە نێو ئەو زیانە مرۆییانەدا زۆرینەیان خەلکی بێدەرەتانی ناوچەکەن، بەڵام سەرەڕای ئەو بارودۆخەش ژمارەی ئەو شۆڕشگێرانەی پەیوەندیمان پێوە دەکەن لە زۆربوندایە، بگرە دەتوانم بڵێم لەشکرێک لە هێزی خۆماڵیمان هەیە، لە هەموو بەشەکانی تری نیشتمان بە سەدان کەس پەیوەندیمان پێوە دەکەن و لەگەڵماندا بەرخۆدان دەکەن و دڵیان لوانلێوە لە خۆشەویشتی نیشتمان، بەڵام بە داخەوە بەڕێژەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیمان کەمە، هەر ئەوەش وا دەکات بارودۆخمان خراپ بێت
تورکیا ئێستا دەیەوێت گەمارۆی شۆڕشەکەمان لەناوچەی (ئاگری) بدات و پەیوەندیمان لەگەڵ جیهانی دەرەوەداببڕێت، بتم شێوەیە سەرەتا ڕێگای هەناسەدانمان ببڕێت، دواجار دامرکاندنەوەی شۆڕشەکەمان، بۆیە لەسەر سەرکردەکانی (خۆییبون) ئەوەیە لە باشوری نیشتمانەوە بەری شەڕی تر بکەنەوە و سەرقاڵیان بکەن، ئەمەش وا بکات هێزەکانیان پژ و بڵاو ببن و لەو ڕێیەوە ئەو فشارەش لەسەر ئێمە کەمتر دەبێتەوە.
لەگەڵ ڕێز و خۆشویستیم
جەنەڕال ئیحسان نوری پاشا[1]