مێژووی گەڕەکی کورانی #مەخموور#
گەڕەکی کوران یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکان دەکەوێتە باشووری شاری #هەولێر# لەسەر جادەی مەخموورە لایەکی دەکەوێتە سەر جادەی شێستی هەولێر.
$ناوی کوران لە چییەوە هاتووە$؟
هەر چەندە ناوی ئەو گەڕەکە هەر لەکۆنەوە کوران بوو دواتر ناوی بوو بە (ڕزگاری) زەمانێک پێش درووستکردنی شەقامی شەست مەتری کورەچییەکان لە سەرەتای کوران چەندین کورەی کەرپووچیان درووست کردبوو ئەو شوێنەی ئێستا بووەتە باخچەیەکی بچوک پێشتر کەندێکی زۆر قۆڵ بوو چونکە کورەچییەکان خۆڵیان لێ دەردەهێنا بۆ درووستکردنی کەرپووچ بەکاریان دەهێنا بۆیە ئەو گەڕەکە بە گەڕەکی کورەکان دوایی بوو بە کوران ناوبانگی دەرکرد. (کوران) یش کۆی کورەیە دیارە کۆمەڵێ کورە لەبەرانبەر یەکەم کۆڵانی پێشەوەی گەڕەکەکە درووستکرابوو 0
ئەوکات خەڵک دەچوون خۆڵ و خاشاکی کورەکانیان کۆدەکردەوە پێیان دەوت (کورەپۆخ) واتە پیسایی کورە کە پێکهاتبوو لە وردەخۆڵ و کەرتە کەرپوچ وەک چگڵ وابوو ڕەنگی زەرد یان خۆڵەمێشی بوو خەڵک بە کەرو وڵاغ یان بە عارەبانە بۆخۆیان دەیانبرد لە حەوشەکانیان پەرتیان دەکرد لە جیات چگل تا لە کاتی باران بارین حەوشەکانیان نەبێتە قوڕو لیتاو بەڵام دووایی بە بڕیارێکی حکومەت ئەو کورانە گوێزرانەوە پشت گوندی قۆڕیتان و قەتەوی.
کوران پڕیەتی لە بەسەرهاتی خۆش و ناخۆش و دڵتەزێن کە دوایی هەندێکیان باس دەکەین وە زۆربەی دانیشتووانی کوران لە گوندەکان ڕوویان لەو گەڕەکە کرد بوو بەتایبەتیی لە قەراج و کەندێناوەو #دیبەگە# و مرکیەوە هاتبوون. خەڵکی کوران زۆر کۆمەڵایەتی بوون هەموو کات لە خۆشی و ناخۆشی هاوکاری یەکتریان دەکرد، زۆربەی خانوەکانی کوران لە خشتی قوڕ درووستکرابوون سەری بە کاریتەو شەقرە گیرابوو لە پایز هەر ماڵێک قەلابێک خۆڵ و چەند فەردە کایەکی دەکڕی خەڵکێ گەڕەک قوڕەکەیان دەگرتەوەو خوێ و کایەکەیان تێکەڵ دەکرد تا سەربانەکە بەرگەی باران بارین بکرێ و ڕێگا لە شین بوونی گژو گیا بگرێ و نەقەڵەشێ و ئیتر ئەو ڕۆژە دەیان وت ماڵی فڵانە کەس خانوی خۆیان سواخ دا واتە وەک لەبخ کاری ئێستا وابوو تا لە زستان لە دڵۆپەباران بیان پارێزی بەڵام زۆر جاریش خانووی هەندێ ماڵ لە چەند شوێندا دڵۆپەی دەکرد قاپ و تەنەکەیان دادەنا تا دڵۆپە ئاوەکان بکەوێتە ناویەوە بەڵام زۆر جار دڵۆپە زۆر دەبوون ئەگەر شەو باران زور بباریبایە کەس خەوی لێ نەدەکەوت لە بەر زۆری دڵۆپە ئاوەکان و تەڕ بوونی لێف و جاجم و لبادەکانیان. بە دەگمەن هەندێ خانوو هەبوو کە دەوڵەمەندەکان بە کەرپوچ درووستیان کردبوو ئەگینا هەمووی لە قوڕ درووستکرابوون. پیشەی زوربەی دانیشتووانی کوران لەسەر کشتوکاڵ و کارو کاسبی و کرێکاری بوو. لە خۆراوای کوران تا لای قەسابخانەی کۆن و بەرانبەر سایلۆ واتە شوێنی #وەزارەتی ناوخۆ#و زێرەڤانی و گەڕەکی جیش شەعبی و پشت مەعهەدو بەیتەریەی ئێستا و گەڕەکەکەی پشت بەیتەریە تا جادەی کۆنی موسڵ هەمووی شینایی و سەوزایی بوو جوتیار تورو سڵق و باینجان و تەماتەو بامیەو پاقلەی لێ دەچاند، زۆر جار منداڵ بەدزی دەچووین باینجانیان لێدەکردەوەو دەیانخوارد یان دایک پارەی دەداینێ دەچووین لەوێ سڵق و تووریان لە باخچەوانەکە دەکڕی ئەو کات بەروبوومەکە زۆر خۆش و بێ حیلە بوو باخچەوانەکان کیمیایان بەکارنەدەهێنا بەڕاستی ئەو کات هەموو شتی تام و لەزەتی خۆی هەبوو.[1]